11 ساڵە ئێزیدییەكان ئاوارەن؛ داعش دەربەدەرى کردن و ململانێی سیاسی ناهێڵێت بگەرێنەوە زێدی خۆیان

پەرەگراف
یازدە ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و كۆمەڵكوژكردن و ڕفاندن و ئاوارەكردنی ئێزیدییەكان تێدەپەڕێت. نیوەی ئێزیدییەكان لە كەمپەكانی ئاوارەییدا دەژین و بەهۆی ململانێی ئەمنى و سیاسییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هێشتا هەزارانیش بێسەروشوێنن و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەردەوامە.
ڕۆژی 03-08-2014، داعش پەلاماری شنگالی دا و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئەو هێزەی پێشمەرگە كە لەوێ بوون، پاشەكشەیان كرد. ئێزیدییەكان بەرەو چیای شنگال و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاوارە بوون، بەشێكیشیان كە كەوتنە دەستی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، بەتەمەنەكانیان كۆمەڵكوژ كران و منداڵ و گەنجەكانیان ڕفێندران كە دواتر ڕووبەڕووی "كۆیلایەتی، ئەشكەنجە، دەستدرێژی و كوشتن" بوونەوە.
نیوەی ڕفێندراون چارەنووسیان نادیارە
بەپێی ئامارەكان، لە كۆی 11 هەزار و 417 قوربانیی كوردانی ئێزدی، شەش هەزار و 417یان ڕفێندراون، كە لەنێو ڕفێندراوەكاندا سێ هەزار و 548 كەسیان لە ڕەگەزی نێر و دوو هەزار و 869 كەسیان لە ڕەگەزی مێ بوون.
بەپێی ئامارێكی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستا سێ هەزار و 590 ڕفێندراوی ئێزیدیی دەستی داعش ڕزگار كراون، كە هەزار و 211یان ژن و 339یان پیاو بوون. هەروەها هەزار و 76 منداڵی كچ و 964 منداڵی كوڕ ڕزگار كراون. هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و 827 كەسیش بە نادیاری ماوەتەوە.
تا ئێستا 93 گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاكەكەسیی ئێزیدییەكان لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و تەرمی 274 شەهیدی ڕفێندراو ناسراونەتەوە. ئەمە جگە خاپووركردنی 68 مەزار و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەكان.
هێشتا نیوەی ئێزیدییەكان ئاوارەن
كارەساتەكەی شنگال بووە هۆی گەورەترین كۆچی زۆرەملێی ئێزیدییەكان كە ئاواربوونی 325 هەزار ئێزدی بوو.
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێت "پێش ساڵی 2014، نزیكەی 550 هەزار ئێزدی لە عێراقدا دەژیان، كە زۆرینەیان لە شەنگال و دەوروبەری بوون، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەی خەڵكی شەنگال نەگەڕاونەتەوە. زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی هێشتا لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا دەژین، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆكی هەرێمی كوردستان".
دەربارەی ئەو ئێزیدییانەی عێراقیان جێهێشتووە، فیدراسیۆنەكە دەڵێت "ئامارێكی فەرمی و ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی مەزەندەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و چالاكوانانی ئێزدی، زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی لە دوای 2014ـەوە وەكوو پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، كەنەدا، ئوسترالیا، فەرەنسا، و وڵاتانی دیكەی ئەورووپا كردووە".
بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكە
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی نائاسایی ڕۆژی 03-08-2019، بە دەنگی 87 ئەندامی ئامادەبوو، كارەساتەكەی بە جینۆساید ناساند و ئەو ڕۆژەی بۆ یادكردنەوەی فەرمی دیاری كرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە مانگی ئازاری 2021، یاسای ڕزگاربووانی ئێزدیی پەسەند كرد، تێیدا بە فەرمی دان بەو تاوانانەدا نرا كە داعش دژی ئێزدی، مەسیحی، شەبەك و توركمانەكان ئەنجامی داون و وەكوو تاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندران.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، پەرلەمانی وڵاتانی (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیكا، هۆڵەندا، كەنەدا، ئوسترالیا، سویسرا، بەریتانیا و ئەمریكا) بە فەرمی تاوانەكانی داعش دژی ئێزیدییەكانیان بە جینۆساید ناساندووە.
بۆچی ئێزیدییەكان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟
هەرچەندە چەندین بڕیار و ڕێككەوتن و هەوڵ هەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەكان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا زۆرینەیان لە ئاوارەییدا دەژن و ململانێی سیاسی و دۆخی ئەمنی ڕێگر بووە لە گەڕانەوەیان.
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێت "دۆخی ئەمنی لە شەنگال گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان. ناوچەكە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی چەندین هێزی چەكداریی جیاواز. ئەمە وای كردووە خەڵك هەست بە سەقامگیری نەكەن و ترسیان لە دووبارەبوونەوەی توندووتیژی هەبێت".
هێزەكانی پێشمەرگە، یەكینەكانی پاراستنی شنگال نزیك لە پەكەكە، حەشدى شەعبى و هێزی عێراقی لە ناوچە جیاوازەكانی قەزای شنگال هەن، تا ئێستا ئەم هێزانە لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچەكە بە تەواوی ڕێكنەكەوتوون.
دۆخی خراپی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و سستیی ئاوەدانكردنەوە، ڕێگرێكی دیكەیە لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزیدییەكان.
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەڵێت "نزیكەی 80%ـی ژێرخانی شەنگال لە ماڵ، قوتابخانە، نەخۆشخانە، تۆڕەكانی ئاو و كارەبا، وێران بووە. بەهۆی كەمیی بودجە، گەندەڵی و ململانێی سیاسی، پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە زۆر خاوە".
بۆچی ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ ناكرێت؟
ئەمڕۆ لە نوێترین لێدواندا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، وتی "حكومەتی عێراق بەرپرسە لە جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی شەنگال. تا ئێستا هەندێك میلیشیا و هێزی دەرەوەی یاسا لە شەنگالن و نایانەوێت ئاوەدانی و سەقامگیری بگەڕێتەوە".
ڕۆژی 09-10-2020، حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێم، ڕێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی واژوو كرد. بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبێت یەكینەكانی پاراستنی شنگال بچێتە دەرەوەی قەزاكە و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگالیش هەڵبوەشێتەوە.
لای خۆیشیەوە لە كاردانەوەیەكی خێرادا، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتی شەنگال (مەخەدەشە)، ڕایگەیاند "هیچ گۆڕانكارییەك كەتێیدا نەبین، قبووڵی ناكەین".
ئەنجوومەنەكە پێی وایە كە ئەم ڕێككەوتنە "بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێكهاتەكان و خەڵكی شەنگال" واژوو كراوە. جەختیش دەكاتەوە"هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پرۆژەیەك بۆ شەنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیانی تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت".
ڕۆژى 06-03-2024، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە میانی دیداری ڕافیدەیندا وتى "بە بۆچوونی من ڕێككەوتنى شنگال ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر بناغەی بابەتی بنیات نەنراوە، چارەسەری ڕاستی كێشەكانی دانیشتووانی شەنگال بە شێوەیەكی گشتی و یەزیدییەكان بە تایبەتی ناكات".
خەزعەلی پێی وایە ڕێككەوتنەكە "ڕەنگدانەوەی بارودۆخی بابەتیی كێشەی شەنگال نەبووە" و دەڵێت "دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ ساڵ بەسەریدا، وای دەبینین كە بەڵگەكان سەلماندویانە ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت".
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق جەخت دەكاتەوە كە "دۆخی شنگال پێویستی بە ڕێككەوتنێكی نوێ یان هەمواركردنەوەی ئەو ڕێككەوتنە هەیە".
دەقی ڕێككەوتنی شنگال
حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:
١- تەوەری كارگێڕی:
- دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال كە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاك بێت و بە گوێرەی ڕێككارە دەستووری و یاساییەكان پەسندكراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەكی ھاوبەش كە لە ھەردوولاوە پێك دەھێنرێت، دوای دیاریكردنی قایمقام، چاو بە پێگە كارگێڕییەكانی دیكەدا دەخشێنرێتەوە. لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا ڕەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەكان دەكرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
- تەنیا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن، ھەموو ڕێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- بەھێزكردنی ئاسایشى قەزاكە لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و 500 كەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنی ئەمنى كە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەكرێت بۆ بەشداریپێكردنی ئاوارەی كەمپەكان لە خەڵكی شارۆچكەكە.
- كۆتاییھێنان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆچكەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا. نابێت پەكەكە و ئەوانەی سەر بەون، ھیچ رۆڵێكیان لە ناوچەكەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانكردنەوە:
پێكھێنانی لیژنەیەكی ھاوبەش لە حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا. ئاست و وردەكارییەكانی ئەركەكەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.
٤. بە مەبەستی چاودێریكردنی ئەوەی لە تەوەری كارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەكی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەردوولا پێكدەھێنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە ڕێككەوتنەكەدا ھاتووە.