
پەرەگراف
لە یەکێک لە دراماتیکیترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی چەندساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە چوونەسەر بارەگای لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەمەبەستی دەستگیرکردنی، بەڵام ناوبراو ڕوبەڕوبوونەوەی هەڵبژارد و دوای شەڕێک کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم چوار کەس، لاهورو دوو برای و فەرماندەی هێزەکەی و دەیان چەکدار دەستگیرکران.
پێکدادانەکان لە ئوتێل لالەزار ڕوویاندا کە موڵکێکی فراوانە و لەدوای جیابوونەوەی لە یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢١وە بارەگای سەرەکیی لاهورو هێزەکەیەتی، بەرپرسانی ئەمنیی و دادوەریی ڕایانگەیاند کە هێزەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانیان پێبووەو لە دادگا بەپێی ماددەی ٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون، کە تایبەتە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان کە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەوە هەبێت.
کاتێک ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان لە ئوتێل لالەزار نزیک دەبوونەوە و دەنگی تەقەو بەرزبوونەوەی دوکەڵ تەواوی ناوچەکەی گرتەوە، تا کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان — کە لە ئاسایش، دژەتیرۆر و کۆماندۆ بوون — کوژران و چەندانی تریش برینداربوون. یەکێک لە چەکدارانی لایەنگری لاهور شێخ جەنگیش کوژرا. دەیان ئۆتۆمبێل سوتێنران و خانوو و دوکانەکانی نزیک شوێنەکەش زیانێکی بەرچاویان بەرکەوت لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی تەقەکاندا.
ئەم دەستگیرکردنە نیشانەی کەوتنێکی دراماتیکییە بۆ پیاوێک کە سەردەمانێک بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرا. لاهور شێخ جەنگی هاوبەشییەکەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ململانێیەکی توونددا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکێتی و دامەزراوە ئەمنییەکانی، بە زیانی لاهور کۆتاییهات.
لە ٨ی تەموزی ٢٠٢١دا، بافڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆی چەسپاند، ئامۆزاکەی خستە پەراوێزەوە و فەرماندەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی گرتە دەست. ئەم هەنگاوە لاهور و لایەنگرانی لە حیزب دوورخستەوە و سلێمانی — قەڵای یەکێتی — خستە دۆخێکی ئاڵۆزەوە.
دوای دەرکردنی، لاهور بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێی بە ناوی (بەرەی گەل) دامەزراند و خۆی وەک بەدیلێک بۆ هەژموونی ماڵی تاڵەبانی نیشان دەدا، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، حیزبە تازە دامەزراوەکەی تەنها دوو کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی بەدەستهێنا. ئەو ئەنجامەکانی بە ساختە وەسف کرد و دەنگدانەکەی بە "دیزاینکراو" ناوبرد.
هاوشان لەگەڵ کارە سیاسییەکەیدا، هێزی دووپشکی دروستکرد کە بوو بە نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چەکدار مەزەندە دەکرا و خاوەنی چەکی سووک و مامناوەند بوون. لە کاتێکدا لاهور شێخ جەنگی جەختی دەکردەوە کە هێزەکە بۆ خۆپاراستنە، بەڵام یەکێتی وەک هێزێکی میلیشیایی مەترسیدار سەیریان دەکرد.
لێکەوتە سیاسییە ڕاستەوخۆکانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی هێشتا ناڕوونە. لە کاتێکدا بەرەی گەلەکەی تەنها بوونێکی پەراوێزیی لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە.
بەڵام بۆ یەکێتی و سەرکردایەتیی ئێستای، لەوانەیە دەستگیرکردنەکە دەرفەتێک بێت بۆ دووبارە چەسپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر سلێمانیدا و نیشاندانی سەقامگیری پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا.
ئایا دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی نیشانەی کۆتایی ژیانی سیاسییەتی یان سەرەتای بەشێکی نوێیە، هێشتا دیار نییە.