
پەرەگراف
بۆ یەکەمجار لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق لیستێک ناوی پەسەند کرد کە وەک باڵیۆزی نوێی عێراق دەستبەکار دەبن، ئەوەش کۆتایی بەو چەقبەستووییە هێنا کە ساڵانێکە کەرتی دیبلۆماسیی عێراقی گرتووەتەوەو ژمارەیەک باڵیۆزخانەی بەبێ باڵیۆز مابوونەوە.
ڕۆژی ٢٦ی ئاب، پەرلەمانتاران دەنگیان بە دانانی ٩٣ باڵیۆزی نوێ بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێوان لایەنە سیاسییە کێبڕکێکارەکانی عێراقدا کراوە. ئەو لیستە، 49 شیعە و 23 عەرەبی سوننە و 17 کوردی تێیدابوو لەگەڵ چوار نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە، دوو مەسیحی، ئێزدییەک و سابیئەیەک.
دیلان غەفوور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کەرتی دیبلۆماسیی عێراق. وتیشی: "لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانەوە بە بەردەوامی کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە".
ساڵانێک ئیفلیجی دیبلۆماسی
ژمارەیەک نوێنەرایەتییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات ساڵانێکە بەبێ باڵیۆزی هەمیشەیی، لاوازن. دوایین دامەزراندنی گەورە لە ساڵی 2009 بوو، کاتێک 63 باڵیۆز دامەزران، پێشتر لە ٢٠٠٤دا 49 باڵیۆز دامەزراون. لە دوای ئەو دوو دامەزراندنە ململانێی ناوخۆی سیاسی ڕێگری لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان کرد کە لەسەر کاندیدی نوێ ڕێکبکەون، ئەمەش بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکانی دەرەوەی عێراقی لە دۆخێکی خراپدا هێشتەوە.
ئەمڕۆ عێراق تەنها 27 باڵیۆزی چالاکی هەیە، بەپێی ئامارەکانی حکومەت. یازدە کەسیان تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشین بوون.
ئەو بۆشاییە لەکاتێکدایە وڵاتەکە ٨٣ نوێنەرایەتی دیبلۆماسی لە دەرەوەی وڵات هەیە - ٧٠ باڵیۆزخانە و ١٣ کونسوڵخانە - جگە لەوەی چوار باڵیۆزخانەی نوێ کە بەم دواییە کراونەتەوە. بەلایەنی کەمەوە ٢٠ فەرمانگەی باڵاش لەناو خودی وەزارەتی دەرەوەدا هەن کە بەپێی یاسا، پێویستە لەلایەن باڵیۆزێکەوە سەرپەرشتی بکرێن.
١٨ باڵیۆزە کوردەکە کە پەسەند کران، ٩یان لە پارتی و ٨یان یەکێتین و ئەوەی دیکەش لە پێک هاتەی ئێزدییەو بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف پارتییە. هیچ حیزبێکی دیکەی کوردی پۆستی باڵیۆزی پێ نەدرا.
زیاتر لە نیوەی ئەو ٩٣ باڵیۆزە دیپلۆماتکاری پیشەیین کە لە ناو وەزارەتی دەرەوەی عێراق کاردەکەن و ناوەکانیان بەرزکراوەتەوە بۆ باڵیۆز، ئەوانی دیکەش حیزبەکان کاندیدیان کردوون و ئەزموونی جیاوازیان هەیە.
دەستکەوتێک بۆ خانمان
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو لیستە نوێیە، خستنەڕووی پێنج ژنە لە نێو باڵیۆزەکانی تازە دەستنیشانکراودا. بەمەش کۆی ژمارەی باڵیۆزی ژن بۆ عێراق دەگاتە شەش باڵیۆز، ئەو ڕێژەیە هەرچەندە هێشتا کەمە، بەڵام زیادبوونێکی بەرچاوە بەوپێیەی عێراق تەنها یەک باڵیۆزی ژنی هەیە لە ئێستادا.
جێگای سەرنجە، سێ لە پێنج باڵیۆزی تازە دەستبەکاربووی ژن کوردن، دوانەکەی دیکەش یەکێکیان لە پێکهاتەی شیعە و ئەوەی دیکە سوننەیە.
پەرلەمانتار دیلان غەفور کە خۆی یەکێکە لە ژنە باڵاکانی کورد لە پەرلەمان، ڕەخنەی لە ناهاوسەنگی گرت. ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی باڵیۆزی ژن کەمە و دەبوو زیاتر بوایە". دەشڵێت "لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت شیعە و سوننە دەرفەت بە ژنان نادەن پۆستی باڵا وەربگرن.
"لە ساڵی 2005ەوە یەکەم ژنم کە سەرۆکایەتی لیژنەیەکی پلە یەکی پەرلەمان دەکەم، منیش سەرەتا ناڕەزایەتی زۆر هەبوو لەسەرم و دەیانگوت نابێت ئەو پۆستە وەربگرم، بەڵام حیزبەکەم(یەکێتی)، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە من ئەو پۆستە وەربگرم، چونکە گرنگی بە ڕۆڵی ژن دەدات" دیلان وای وت.
٩٣ باڵیۆزە نوێیەکە ڕاستەوخۆ نابنە باڵیۆزی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە، هەندێکیان لە ناو وەزارەت پۆستیان پێدەدرێت و ئەوانی دیکەش خولی ڕاهێنان وەردەگرن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی دەنگدانی پەرلەمانی کرد و بە چاکسازییەکی زۆر دواخراو ناوی برد.
لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی سوودانی ستایشی "ڕۆحی هاوکاری"ی نێوان یاسادانەران و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد، "حکومەت زۆر حەزیکرد کۆتایی بەو دۆخە بەتاڵە بهێنێت کە ساڵانێکە لە هەندێک پۆستی دیبلۆماسیدا بەردەوام بووە. ئەم ڕێوشوێنە توانای دامەزراوە دیبلۆماسییەکان بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی گەلی عێراق بکەن".
وەزارەتی دەرەوەش ئەو بۆچوونەی دووپاتکردەوە و دامەزراندنەکانی بە هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی نێودەوڵەتیی عێراق وەسفکرد.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی عێراق و خزمەتکردنی کۆمەڵگەی عێراقی لە دەرەوەی وڵات".
بەلای پەرلەمانتار دیلان غەفوریشەوە دامەزراندنی باڵیۆزەکان تەنها هەنگاوی یەکەمە، لەبەرئەوەی "کەرتی دیبلۆماسیی عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆشایی هەیە".