پارتی و یەکێتی بۆ چەقیون لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت؟

15-09-2025 03:24

پەرەگراف

نزیکەی ١١ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوەو پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن زیاتر لە ١٠ کۆبوونەوەیان کردووە بە ئامانجی گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف پۆستە ئەمنییەکان چەقی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حیزبەو گفتوگۆکانی پەکخستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بە پەرەگرافی وت "گفتوگۆکان ڕاگیراون لەبەرئەوەی هەردوولا داوای زۆربەی پۆستە گرنگەکان دەکەن، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی لەلا بمێنێت و ئامادەش نییە دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ یاخود ئەنجومەنی ئاسایش ببێت".

بە بڕوای سەرچاوەکەی پەرەگراف کە بە وردیی ئاگاداری گفتوگۆکانە، "ناکۆکیی سەرەکیی و جەوهەریی لەسەر پۆستە ئەمنییەکانە، لەسەر پۆستەکانی دیکە گەیشتنە ڕێککەوتنیان زەحمەت نییە، بەڵام پۆستە ئەمنییەکان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ یاخود ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش خاڵێکی جەوهەرییەو یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی یەکێک لەو دوو پۆستەو هاوکات داوای یەکێک لە سەرۆکوەزیران یاخود سەرۆکی هەرێم دەکات".

بەهۆی حیزبیبوونی هێزی چەكدارو ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، پۆستە باڵاکانی ئەو دەزگایانە لەناوخۆی خودی حیزبەکانیشدا ململانێی تووندی لەسەرە، كەسانی باڵادەستی پۆستە ئەمنییەکان پێگەی بەهێزیان دەبێت، بەدەر لە پێگە فەرمیی‌و حكومییەكانیان.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو دامەزراوەیەیە کە لە سەرەتای دروستبونیەوە پارتی ئامادە نەبووە بیخاتە چوارچێوەی هیچ دانوستاندنێكەوە، بەپێی زانیارییەکانی پەرەگراف یەکێتی دەیەوێت بیکات بە بەشێک لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام پارتی ڕەتی دەکاتەوە.

یاسای ئەنجومەنەكە(ژمارە 4ی ساڵی 2011) دەڵێت "ئەنجومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، دەزگاكانی سەربە ئەنجومەن بەڕێوەدەبات‌و سەرپەرشتییان دەكات‌و هەماهەنگییان لە نێواندا دەكات." لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانی لەو پۆستەدابوو تا بوونی بە سەرۆکی حکومەت.

ئەنجومەنەکە بەپێی یاسا سەر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧وە کە مەسعود بارزانی لەو پۆستەدا نەماو دوای دوو ساڵ کە نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی حکومەتی وەرگرت، مەسرور بارزانی ئامادەنەبوو دەستبەرداری ئەنجومەنی ئاسایش ببێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەرەگرافی وت "ئێستاش ئەنجومەنی ئاسایش بە واقیعی لەژێر دەسەڵات و هەژموونی مەسرور بارزانیدایەو نێچیرڤان بارزانی ئاگاداری کارەکانی ئەنجومەنەکە نییەو لەژێر دەسەڵاتی ئەودا نییە".

تائێستا، ئەنجومەنی ئاسایش لەو چەند ساڵەی دروست بووە لە دەرەوەی بازنەی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە حیزبەكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی پۆست‌و پێکهێنانی حکومەت ئەنجامیانداوە، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە؛ دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی سەربازی‌و ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی(سەربە پارتی‌و یەكێتی-ن).

ڕێکنەکەوتنى پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى پەک خستووە. دواى نزیکەی ١١ مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هێشتا حکومەت پێکنەهێنراوە و زیاتر لە مانگێکیشە ناکۆکیى ئەو دوو حیزبە لەسەر "دابەشکردنى پۆستەکان" نەک "بەرنامەى حکومەت"، کۆبوونەوەکانى ڕاگرتووە.

لە دواین کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کە ١٤-٨-٢٠٢٥ ئەنجام درا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن".

بەڵام نیوەی مانگی ئەیلول تێپەڕبووەو هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوەو پارتی و یەکێتیش کۆبوونەوەی دیکەیان نەکردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو حیزب چەندینجار ڕایانگەیاندووە کە خوازیارن بەرلە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ١١-١١ ئەنجام دەدرێت کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێنن، بەڵام پێناچێت بتوانن ئەوکارە بکەن.

بەوپێیەی لە ١٠-١٠ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و ڕەنگە تای هەڵبژاردن پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو گرژیی ببات لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگی زیاتری دەنگدەران و تا ئەو هەڵبژاردنەش کۆتایی دێت هیچیان نەیانەوێت سازش لەسەر پۆستەکانی هەرێم بکەن و حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى، ڕۆژی ٢٥-٠٦-٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم وتى "لەسەر ئەجێندای حکومەت گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و لەگەڵ یەکێتی بۆچوونی هاوبەشمان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حکومەت هەیە".

دەربارەى هۆکارى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت، مەسروور بارزانى دانى بەوەدا نا کە "بۆچوونی جیاواز لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان هەیە"، وتیشی "دەتوانین حکومەتی زۆرینە پێک بهێنین، بەڵام دەمانەوێت لایەنە سەرەکییەکان هاوبەش بن، بۆ ئەوەی لە کێشە و گرژیی دووربین".

هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پەرلەمانى کوردستانیش لە سەرەتاى مانگى ١٢ـى هەمان ساڵ یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجام دا، بەڵام تا ئێستا پارتى و یەکێتى کە لایەنى یەکەم و دووەمى براوەى هەڵبژاردنن و گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتيش تەنیا لە بەینى ئەو دوو حیزبەدایە، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ڕێکنەکەوتنى ئەو دوو حیزبە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، کارەکانى پەرلەمانى کوردستانیشى پەک خستووە. ئەو دامەزراوەیەى یاسادانان لە مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو کە یەکەم کۆبوونەوەى خۆى بە کراوەیى هێشتووەتەوە، چیتر نەیتوانیوە کۆببێتەوە، چونکە لەگەڵ کۆبوونەوەیدا دەبێت دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت کە ئەوەش چاوەڕێى ڕێککەوتنی دابەشکردنى پۆستەکانە لە نێوان پارتى و یەکێتی دا.

وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکەو پێکهاتەکانیش بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە لە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.

بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان  پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.

سەرباری ئەوەش حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە ‌"هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هاوپەیمانی

سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.