
پەرەگراف- دهۆک
سەرەڕای زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە، پارێزگای دهۆک لە فراوانکردنی ڕووبەری سەوزاییدا لە بەشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دواکەوتووترە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی سەوزایی لە دهۆک بە بەراورد لەگەڵ هەولێر و سلێمانی کەمترینە، ئەمەش بووەتەهۆی ڕەخنەی چالاکوانانی ژینگە.
ڕووپێوییەکی ساڵی 2015 کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا و لەلایەن دەستەی ژینگەوە پەسەند کرا، ئاستی ڕووبەری سەوزایی لە هەولێر بە ڕێژەی 9.05%، لە سلێمانی 9.1% و لە دهۆک 12% خەمڵاند. دوای دە ساڵ، ژمارە نوێیەکان گەشەیەکی بەرچاو لە هەولێر و سلێمانی نیشان دەدەن، کە ئێستا گەیشتوونەتە 19.8% و 19.6%، لەکاتێکدا دهۆک تەنها گەیشتووەتە 13%..
چالاکوانان داوای هەڵمەتە فراوانەکان دەکەن
بەختیار زێباری، چالاکوانی ژینگە لە دهۆک کە داتاو زانیاریی وردی لە دەزگا حکومی و ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان کۆکردووەتەوە لەسەر ڕێژەی سەوزایی، بە پەرەگرافی وت، شارەکە لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵمەتی گەورەی نەمام چاندنی بەخۆیەوە نەبینیوە.
زێباری وتی "پارێزگای دهۆك لە ماوەی 10 ساڵی ڕابوردوو ڕێژەی سەوزایی لەسەدا ١ تا ٢ زیادیكردووە، لە 2015دا رێژەكە 12% بوو ئێستا بووەتە 13%، ئەگەر ئەو دوو پاركەی دیکەی دهۆک كە هێشتا نەكراونەتەوە تەواو بكرێن، ڕەنگە ببێتە لەسەدا 14% کە ئەوەش هەر ڕێژەیەکی كەمە".
ئەو چالاکوانە بە پێویستی دەزانێت بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی هەڵمەتی فراوانی چاندنی دار ئەنجام بدرێت، "لە 2014وە تا ئێستا لەسنوری پارێزگای دهۆك هیچ هەڵمەتێكی گەورە و فراوان بۆ چاندنی دار ئەنجام نەدراوە، 100 یان 200 و 300 دار تا هەزار داریش ئەوەندە كاریگەریی نییە".
"ئێستا پاركێكی گەورە لە گەڕەكی سەرهەڵدان دروست دەكرێت، دهۆك پێویستی بە دروستكردنی 10 پاركی لەوشێوەیە تا رێژەی سەوزایی خۆی بگەیەنێتە 20%، لە دهۆك دروستكردنی تاوەرو باڵەخانە زیاد بووەو هەواكەی پیس بووە بەهۆی دوكەڵی مۆلیدە و پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوچەی كواشێ و لەهەمانكاتدا رێژەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێلیش زیاد بووە، چەند ئەمانە زیاتر بێت دەبێت رێژەی سەوزاییش زیاد بكرێت بەلایەنی كەم ببێتە %30".
شارەوانیی دان بە کەمی ڕێژەی سەوزاییدا دەنێت
شێروان حەسەن، وتەبێژی شارەوانی دهۆک، بۆ پەرەگراف ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە 13% ڕێژەی سەوزایی پارێزگاکەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە دوو پارک بەمزووانە دەکرێنەوەو ڕێژەکە کەمێک بەرز دەبێتەوە.
"ڕێژەکە بەڕاستی کەمە و پێویستە زیاد بکرێت" وتەبێژی شارەوانی دهۆک، وتیشی "هەندێك گەڕەك هەن لەكاتی رژێمی بەعس دروستكراون، هیچ روبەرێكیان تێدا نەماوە بیكەین بە پارك، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكان".
بەپێی ئامارەکانی شارەوانی، ٦ پارکی گەورە لە ناوەندی شاری دهۆک هە لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ باخچەی گەورەو بچوک.
"پلانێك هەیە لەو دوو شاخەی ئەملاو و ئەولای دهۆك داربچێندرێن، بەڵام جارێ تەنیا پلانە، جگە لەمەش لە چەند شوێنێكی جیاواز دار دەچێنرێن و رووبەری سەوزایی زیاد دەكرێت، ئەوەی لەسەر ئێمەیە درێغیمان نەكردوە پێویستە لایەنەكانی تریش كار لەسەر سەوزكردنی شارەكە بكەن" شێروان حەسەن وای وت.
گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ستانداردی کەمترین ڕووبەری سەوزایی شارەکان لە 15% بۆ 25% تا ٣٠% بەرز بکەنەوە. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە شکست لە گەیشتن بەم پێوەرە مەترسییەکانی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوونەوە زیاد دەکات.
پیسبوونی ژینگە پرسێكی جیهانییەو بە بەردەوامیی لەسەر ئاستی جیهان چالاكیی هەمەجۆر بۆ چارەسەركردنی بەڕێوەدەچێت، كە هۆكاریشە بۆ تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار. پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی تووشبوون بە شێرچەنجە و نەخۆشییەكانی منداڵان.
محەمەد تاهر بریفکانی، بەرێوەبەری پێشووی فەرمانگەی ژینگە لە دهۆک، بە پەرەگرافی وت "ئەگەر ڕێنماییەکانی ژینگە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن رێژەکە زیاد دەبێت، بەنموونە بۆ کردنەوەی بەنزینخانەیەک لەسەدا 10 سەوزایی بێت، بۆ دروستکردنی تاوەرێک لەسەدا 30 بکرێتە سەوزایی و بۆ هەموو پڕۆژەکانی تریش بەهەمانشێوە".
بریفکانی وتیشی "ئەگەر بمانەوێت رێژەکە زیاتر بکەین دەبێت لە دەوروبەری هەردوو شاخی دهۆک داربچێندرێن، لەهەمانکاتدا گەورەترین مەترسی لەسەر ژینگەی دهۆک پاڵاوگە نایاساییەکانی ناوچەی کواشێ یە کە بەداخەوە تا ئێستا کێشەی کواشێ چارەسەرنەکراوە، سەڕەرای ئەوەی دەیان بڕیار بۆ داخستنی پاڵاوگەکان دەرچووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون".
هەولێر پڕۆژەی پشتێنی سەوزایی فراوان دەکات
لە کاتێکدا دهۆک هەوڵ دەدات هاوتەریب بێت، هەولێر پڕۆژەی نوێی گەورەی دەستپێکردووە. پارێزگار ئومێد خۆشناو دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێری ڕاگەیاند کە چاندنی ٧ ملیۆن داری زەیتوون و فستقەو بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ دەکرێت.
"پرۆژەكە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت" پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.
پڕۆژەکە بەشێوەی بازنەیی لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دروست دەکرێت، پانتایی پڕۆژەکە 2 کیلۆمەترە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژەیە، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پرۆژەكەدا دروست دەکرێن.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ساڵانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 140 هەزار بۆ 210 هەزار تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2)لە هەوای شاری هەولێردا، هەروەها، پرۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جۆرەکانی دیکەی گازی زیانبەخش لە هەوای شارەكەدا دەبێت.
زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، کەشوهەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی گازی ژەهراوی کەم دەکاتەوە، هاوکات، مەترسیی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر، بەمەش کوالێتیی ژیان بەگشتی باشتر دەبێت.
پارێزگار دەشڵێت "لەڕووی ئابووریشەوە، چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، سوودێكی ئابووریی گەورەی دەبێت. ئەم پرۆژەیە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زیاد دەکات، بەمەش پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە دەکات".
هەر لە هەولێر، ئەمساڵ پێنج پارکی گەورە لە ناوەندی شاری هەولێر دروستدەکرێن و زیاتر لە 40 هەزار داری جیاوازیش دەچێندرێن، بەوەش ڕێژەی سەوزایی و دار و باخچەکان زیاتر دەبن.
پێشکەوتنی خاوی دهۆک پێویستیی بە سیاسەتی ژینگەیی بەهێزتر و وەبەرهێنانێکی گەورەتر نیشان دەدات. چالاکوانان پێیانوایە کە بەبێ هەوڵە فراوان و بەردەوامەکان، شارەکە زیاتر لە ستانداردە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دوا دەکەوێت.
لەکاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا خێراتر دەبێت، جیاوازی نێوان دهۆک و پارێزگا دراوسێکانی گرنگیی پێشخستنی گەشەی سەوز دەردەخات، نەک تەنها بۆ جوانکردنی شار، بەڵکو بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و دڵنیابوون لە گەشەی بەردەوامی شار.