هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم 'گەشبینییەکی ناسک' بۆ مووچە و بازاڕی کوردستان دەهێنێت

27-09-2025 08:10

پەرەگراف

بازاڕو گیرفانی مووچەخۆران چاویان لە بووژانەوەیە لەگەڵ ڕێککەوتنی هەولێرو بەغدادو گەڕانەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی، دوای ٣٠ مانگ لە ڕاوەستان کە هەرێمی ڕوبەڕوی دۆخێکی سەختی دارایی کردەوەو بازاڕی سست و لاواز کرد.

ئەحمەد عەلی فەرمانبەرە لە سلێمانی و دڵخۆشە بەڕێککەوتنەکەو چاوەڕێی هەواڵی گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی تەموزە لە بەغداوە، بە پەرەگرافی وت "بەدڵنیاییەوە دڵخۆشین بەم ڕێککەوتنە کە ببێتەهۆی کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە، بەڵام دودڵیشین کە ڕێککەوتنێکی کاتیی بێت و جارێکی دیکە کێشە دروست ببێتەوە".

ئەو مووچەخۆرە ئەوەی خستەڕوو، کە خەڵک "متمانەی لاواز بووە" بە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، وتی "پێشتر چەندینجار ڕێککەوتنیان ڕاگەیاندووە، بەڵام کێشەکان بەردەوام بوون و دۆخە سەختە داراییەکە وەکخۆی ماوەتەوە".

کێشە نەوتیی و داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ نوێ نین، لەو ڕۆژەوە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 دەستی بە هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە کرد، ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵداو بڕینی بودجەی هەرێمی لەلایەن عێراقەوە لێکەوتەوەو لەو کاتەوە فەرمانبەرانی هەرێم کەوتوونەتە دۆخێکی سەختی هاتونەهاتی مووچەو لێبڕین و پاشەکەوت.

"عێراق ئەوەی ویستی دەستی کەوت، فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتەکەیی کەوتە دەست، ئیتر هیچ بیانوویەکی نەماوەو پێویستە مووچەکانمان بنێرێت" لەیلا حەسەن وادەڵێت کە مامۆستایە لە هەولێرو تەنها ئەمساڵ پارەی سێ مانگ مووچەی لای حکومەتی هەرێمە.

ئەو مامۆستایە وتیشی "دەبێت  هەردوو حکومەت بزانن کە دۆخی خەڵک زۆر خراپەو نابێت هیچ کێشەو ناکۆکییەک ببێتەهۆکاری پێنەدانی مووچە".

ماوەی ١٠ ساڵە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایەو دابەشکردنی مووچە مانگانە هەواڵی گەرمی میدیاکانەو مووچەخۆران دڵنیاییان دەوێت کە چیتر لە دڵەڕاوکێی هات و نەهاتی مووچەدا نەژین، لە کاتێکدا دەیان مووچەی ساڵانی ڕابردوویشیان لای حکومەتی هەرێمەو بۆیان "پاشەکەوت" کراوە.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.

کوردستان و عێراق سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان بۆ دابەشکردنی مووچە پارەی فرۆشتنی نەوتەو زۆربەی داهاتی وڵات بۆ مووچە دەڕوات، تەنها لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر هەن، دواکەوتنی مووچەو نەدانی کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕ دروست کردووەو فرۆشیاران نیگەرانن.

کاوە ئەحمەد، دوکاندارە لە سلێمانی، وتی "نەدانی مووچە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەیەو ئیشی ئێمەی زۆر لاواز کردووەو خەڵک شت ناکڕن مەگەر  زۆر پێویست نەبێت، زۆرکەسیش بە قەزر شتمان لێ دەکڕێت".

ئەو دوکاندارە هیوادارە ڕێککەوتنە نەوتییەکە کۆتایی بەو قەیرانە بهێنێت کە تووشی بازاڕی هەرێمی کوردستان بووە، وتیشی "ئەگەر مانگانە مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت و خەڵک دڵنیاییان پێبدرێت، دۆخەکە بەرەو باشبوون دەڕوات، بەڵام بازاڕ کە ئێستا کەوتووە چەند مانگێکی دەوێت تا ببوژێتەوە".

حکومەتی عێراق بەردەوام ناردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستانی مەرجدارکردووە بە ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تا ئەوان بیفرۆشن و پارەکەی بگەڕێتەوە خەزێنەی فیدراڵی لە بەغداد، دوای ساڵانێک لە مشتومڕ و گفتوگۆ، دواجار ئەوە ڕوویداو ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت، هەرێم ئیتر چاوەڕێی ناردنی پارەی مووچەیە لەلایەن بەغداوەو ئەمەش بەشێک بوو لە گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە ئەمڕۆ ئەنجامدرا.

مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە دەڵێت، هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبردووە کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە.

"داواشمان کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن. هەروەها گوتمان نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن. هاوڕابووین لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

هاوکات محەمەد شیاع سوودانی گوتویەتی، دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان.

ئەو گفتوگۆیەی هەردوو سەرۆکوەزیران دوای چەند کاتژمێرێک بوو لە گەیشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەندەری جەیهانی تورکیا لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە پەرەگرافی وت "نەوتەکە بەبێ هیچ کێشەیەک و سەرکەوتووانە هەناردە کراو گەیشتووەتە خاکی تورکیا، هەر ئەمڕۆ دەگاتە بەندەری جەیهان و بازاڕی نێودەوڵەتی" لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو، سەرچاوەکە وتی "سەرجەم بەرهەمی نەوتی هەرێم کە نزیکەی ٢٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە هەناردە دەکەین جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردێت".

لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم وعێراق، دوای دەیان گفتوگۆو لێکتێگەیشتن هەولێرو بەغدادو کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە "مێژوویی" ناویان برد.