هەڵبژاردن بە ژمارە؛ ٣٠٣ بەربژێرى هەرێم لە چاوەڕوانیى سێ ملیۆن دەنگدەردا

05-10-2025 07:46

پەرەگراف

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، زیاتر ٢١ ملیۆن دەنگدەر مافى دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە سێ ملیۆنیان دەنگدەرى هەرێمى کوردستانن. لە کۆى ٧٧٦٨ بەربژێریش ٣٠٣یان لە سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستاندان، ئەمە جگە لە سەدان هەزار دەنگدەر و زیاتر لە ١٦٠ بەربژێرى لیستە کوردستانییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

هەڵمەتى بانگەشە بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق لە ٣ـى تشرینى یەکەم دەستى پێ کردووە و لە ٨ـى تشرینى دووەم کۆتاییى دێت، هەڵبژاردنەکەش لە ١١-١١-٢٠٢٥ بەڕێوە دەچێت.

بەپێى ئامارە فەرمییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە سەرتاسەرى وڵات ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ دەنگدەر تۆمارى بایۆمەترییان هەیە و مافى دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٣٨٤یان دەنگدەرى هەرێمى کوردستانن. دەنگدەرانى سێ پارێزگاکەى هەرێم ١٤.٣٪ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق پێک دەهێنن.

بەپێی دوایین لیستى پەسەندکراوى کۆمیسیۆنیش، ژمارەی بەربژێرەکان ٧٧٦٨ کەسن، کە ٥٥٢٠ بەربژێریان پیاون و ٢٢٤٨ ژنن. بەوپێیەش ڕێژەی ٧١٪ـی بەبژێرەکان پیاو و ٢٩٪ ژنن.

ژمارەى بەربژێرەکان لە هەرێمى کوردستان ٣٠٣ کەسن، پارتى بە ٨٨ بەربژێر لە پلەى یەکەمى زۆرترین بەربژێردایە، پاشان یەکێتى دێت بە ٧١ بەربژێر، ڕەوتى هەڵوێست: ٣٢ بەربژێر، نەوەى نوێ: ٢٥ بەربژێر، بەرەى گەل: ٢٠ بەربژێر، یەکگرتووى ئیسلامى: ١٦ بەربژێر، کۆمەڵى دادگەرى: ١٤ بەربژێر، پارتى سۆسیال دیموکرات: ١٣ بەربژێر، بەرەى تورکمانیى عێراقى: ٩ بەربژێر، ١٥ کەسیش بەشێوەى تاکەکەسى لە دەرەوەى لیستى حیزبەکان خۆیان بەربژێر کردووە.

کۆى ئەو کورسییانەى بۆ سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان تەرخان کراون، ٤٦ کورسین، کە دوو کورسییان لە هەولێر و دهۆک بۆ کۆتاى مەسیحییە، لە بازنەى سلێمانى هیچ کورسییەکى پەرلەمان بۆ کۆتاى کەمایەتییە ئایینییەکان تەرخان نەکراوە.

بازنەى سلێمانى

بازنەى سلێمانى بۆ هەڵبژاردن، فراوانترین بازنەى هەڵبژاردنە لە هەرێمى کوردستان کە زۆرترین دەنگدەرى تێدایە. بازنەکە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕین دەگرێتەوە.

ژمارەى دەنگدەرانى ئەم بازنەیە یەک ملیۆن و ٢٠١ هەزار و ٦٥٨ کەسە، کە دەکاتە ٣٩.١%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان. ئەم بازنەیە ١٨ کورسیى پەرلەمانى عێراق بۆ تەرخان کراوە کە ١٣٦ بەربژێر ڕکابەرى بۆ بەدەستهێنانى دەکەن.

بەربژێرەکانى بازنەى سلێمانى:

یەکێتیى نیشتمانى: ٣٦ بەربژێر

پارتى دیموکرات: ٣٦ بەربژێر

نەوەى نوێ: ١٢ بەربژێر

ڕەوتى هەڵوێست: ١٦ بەربژێر

یەکگرتووى ئیسلامى: ٨ بەربژێر

کۆمەڵى دادگەرى: ٥ بەربژێر

بەرەى گەل: ١١ بەربژێر

پارتى سۆسیال دیموکرات: ٤ بەربژێر

بەرەى تورکمانیى عێراقى: ٤ بەربژێر

لیستى تاکەکەسى: ٤ بەربژێر

بازنەى هەولێر

بازنەى هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە، لە ڕووى ژمارەى دەنگدەرانەوە لە پلەى دووەمدا دێت. ژمارەى دەنگدەرانى ئەم بازنەیە یەک ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٨٨٠ کەسە، کە ٣٥.٥%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێم لەخۆ دەگرێت.

بازنەى هەولێر ١٦ کورسیى پەرلەمانى عێراقى بۆ تەرخان کراوە، کە ١٠٨ بەربژێر ڕکابەرى بۆ بەدەستهێنانى دەکەن.

بەربژێرەکانى بازنەى هەولێر:

پارتى دیموکرات: ٣٠ بەربژێر

یەکێتیى نیشتمانى: ٣٠ بەربژێر

ڕەوتى هەڵوێست: ١٢ بەربژێر

نەوەى نوێ: ٨ بەربژێر

یەکگرتووى ئیسلامى: ٤ بەربژێر

کۆمەڵى دادگەرى: ٥ بەربژێر

بەرەى گەل: ٤ بەربژێر

پارتى سۆسیال دیموکرات: ٤ بەربژێر

بەرەى تورکمانیى عێراقى: ٥ بەربژێر

لیستى تاکەکەسى: ٦ بەربژێر

بازنەى دهۆک:

بازنەى دهۆک بچووکترین بازنەى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستانە و لە پلەى سێیەمدا دێت. ژمارەى دەنگدەرانى ئەم بازنەیە ٧٧٨ هەزار و ٨٤٦ کەسە، کە دەکاتە ٢٥.٤%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان.

ئەم بازنەیە ١٢ کورسیى پەرلەمانى عێراقى بۆ تەرخان کراوە، کە ٥٩ بەربژێر ڕکابەرى بۆ بەدەستهێنانى دکەن.

بەربژێرەکانى بازنەى دهۆک:

پارتى دیموکرات: ٢٢ بەربژێر

یەکێتیى نیشتمانى: ٥ بەربژێر

ڕەوتى هەڵوێست: ٤ بەربژێر

نەوەى نوێ: ٥ بەربژێر

یەکگرتووى ئیسلامى: ٤ بەربژێر

کۆمەڵى دادگەرى: ٤ بەربژێر

بەرەى گەل: ٥ بەربژێر

پارتى سۆسیال دیموکرات: ٥ بەربژێر

لیستى تاکەکەسى: ٥ بەربژێر

ناوچە دابڕێندراوەکان

لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان (ناوچە دابڕێندراوەکان)، بەتایبەت کەرکووک و نەینەوا و دیالە، سەدان هەزار دەنگدەرى کورد هەن. حیزبە کوردستانییەکان بە لیستى سەربەخۆ لەو سێ پارێزگا بەشدارییان کردووە و ١٦٤ بەربژێریان هەیە.

کەرکووک: ٦٠ بەربژێر

یەکێتیى نیشتمانى: ٢٤ بەربژێر

پارتى دیموکرات: ٢٤ بەربژێر

نەوەى نوێ: ٧ بەربژێر

بەرەى گەل: ٥ بەربژێر

نەینەوا: ٦٨ بەربژێر

پارتى دیموکرات: ٦١ بەربژێر

نەوەى نوێ: ٧

یەکێتیى نیشتمانى لە پارێزگاى نەینەوا بە ژمارەیەک بەربژێر لەناو هاوپەیمانێتییەکدا لەژێر ناوى (اتحاد اهل نینوی) بەشداریى هەڵبژاردنى کردووە.

دیالە: ٣٦ بەربژێر

یەکێتیى نیشتمانى: ٢٧ بەربژێر

نەوەى نوێ: ٤ بەربژێر

پارتى سۆسیال دیموکرات: ٥ بەربژێر

دەنگدەرى تایبەت و ئاوارە

کۆى دەنگدەرى تایبەت لە سەرتاسەرى عێراق یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ کەسە، کە دەکاتە ٦%ـى کۆى دەنگدەرانى عێراق. ژمارەى دەنگدەرانى تایبەتى هەرێمى کوردستان ٢٢٤ هەزار و ٣٣٣ کەسە، کە دەکاتە ١٧%ـى کۆى دەنگدەرانى تایبەتى عێراق.

کۆى ئەو دەنگدەرانى ئاوارەى ناوخۆى عێراقیش تەنیا ٢٦ هەزار و ٥٣٨ کەسە، کە دەکەونە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، تەنیا ٤٩ دەنگدەرى ئاوارە لە کەرکووک و ٣٥یش لە سەلاحەدینن. بەپێى ئامارى فەرمیى کۆمیسیۆن، هیچ دەنگدەرێکى ئاوارە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان نییە.

دابەشکاریى کورسییەکانى پەرلەمان

ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق ٣٢٩ کورسییە، ٢٥% کە دەکاتە ٨٣ کورسى بۆ ئافرەتان دانراوە، نۆ کورسیشیان بۆ کەمایەتییە ئایینییەکان دابین کراوە. لەو ژمارەیە، ٤٦ کورسى بۆ هەرێمى کوردستان دیارى کراوە.

ژمارەى کورسییەکان بەپێى ژمارەى دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون، پارێزگاى سلێمانى کە زۆرترین دانیشتووانى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە، ١٨ کورسیى بەرکەوتووە، پاش ئەوە پارێزگاى هەولێر ١٦ کورسى و پارێزگاى دهۆکیش ١٢ کورسى.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پارێزگاى هەڵەبجە بە سەربەخۆ دیارى نەکراوە و لە چوارچێوەى پارێزگاى سلێمانیدایە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو وەکوو پارێزگایەکى سەبەخۆ کورسیى بۆ دابین دەکرێت.

لەم هەڵبژاردنەدا سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە ‏لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی/زۆرترین ماوە (باقی الاقوی)، بۆ لیستی نوێنەرایەتیی ‏ڕێژەیی/سانتلیگۆی هەمواركراو بە پلەی (١.٧) گۆڕاوە. شارەزایانى هەڵبژاردن دەڵێن "دابەشكردنی كورسییەكان ‏بە سیستەمە تازەكە، لە بەرژەوەندیی هێزە گەورەكاندایە و هێزە بچووك ‏و كاندیدە سەربەخۆكان زەرەرمەند دەبن".‏