جووڵەی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە سستە؛ بۆچی كەرتی تایبەت ڕوو لە پارێزگاكە ‏ناكات؟ 

13-10-2025 09:37
پەرەگراف - ئارش محەمەد
 
وەبەرهێنەران وردە وردە ڕووی پرۆژەكانیان لە هەڵەبجە دەكەن و بەرپرسانی ‏پارێزگاكە بە جووڵەی ئەمدواییانەی وەبەرهێنان دڵخۆشن، بەڵام هێشتا لە ئاست ‏چاوەڕوانیی ئەواندا نییە. حكومەت لە لایەك بە "لێخۆشبوونی باج" كارئاسانیی ‏بۆ وەبەرهێنەران كردووە، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بە تەواونەكردنی پرۆژە ‏ستراتیژییەكان كە بۆ بونیادنانی ژێرخانی پارێزگاكە گرنگن، وای كردووە جووڵەی ‏وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتیش سست بێت.‏
 
هەڵەبجە زیاتر لە 11 ساڵە لە هەرێمی كوردستان و پێنج مانگیشە بە فەرمی لە ‏عێراقدا بووە بە پارێزگا. لە سەرەتای بوون بە پارێزگایەوە بەرپرسانی ئیداری ‏كار بۆ ژمارەیەك پرۆژەی ستراتیژی دەكەن، لەوانە كردنەوەی دەروازەیەكی ‏سنووریی فەرمی و تەواوكردنی پرۆژەی پردی تووەقوت كە پارێزگاكە بە ئیدارەی ‏گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، بەڵام هیچ كامیان تەواو نەكراون.‏
 
بەپێی لێدوانی ئەندازیار زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏هەڵەبجە بۆ پەڕەگراف، "حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی لێخۆشبوونی باج و هاوكاریی ‏ئیدارییەوە، زیاتر پاڵپشتیی وەبەرهێنەران دەكات، تاوەكو ڕووی پرۆژەكانیان لە ‏پارێزگای هەڵەبجە بكەن".‏
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە دڵخۆشە بەوەی كە "لەم دوو ساڵەی ‏كۆتاییدا وەبەرهێنەرێكی بەرچاو ڕوویان لە هەڵەبجە كردووە كە بەراورد بە ‏ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەری جوگرافیی هەڵەبجە، لە ئاستێكی باشدایە"، بەڵام ‏ئاماژە بەوەش دەدات كە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ناوەڕۆكدا "پڕۆسەیەكی ‏هێواش و لەسەرخۆن و درەنگ بەرهەمەكانیان دەردەكەون".‏
 
پارێزگای هەڵەبجە ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 120 هەزار كەس ‏دەخەمڵێنرێت و پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە كە ناوەندی پارێزگاكەیە، لەگەڵ ‏قەزاكانی خورماڵ و ناحیەكانی بیارە و سیروان و بەمۆ ‏
 
سمكۆ سالار، قائیمقامی هەڵەبجە، بۆ پەرەگراف دەڵێت "سەرەڕای كارئاسانیی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هاتنەپێشەوەی كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەران ‏بۆ شارەكەمان، لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە".‏
 
قایمقامی هەڵەبجە لەگەڵ گرفتەكانی "دواكەوتنی مووچە و بێبازاڕی"، هۆكاری ‏ئەوەی كە وەبەرهێنەران ڕوو لە پارێزگای هەڵەبجە ناكەن، بۆ "نەكرانەوەی ‏مەرزی سازان و گۆشەگیریی پارێزگاكە لە ڕووی جوگرافییەوە" دەگەڕێنێتەوە. ‏جەختیش دەكاتەوە كە  "پارێزگاكە بۆ بووژانەوەی زیاتر، پێویستیی زۆری بە ‏هاوكاریی هەمەلایەنە هەیە".‏
 
یەكێكی دیكە لە كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە، خەرجنەكردنی ئەو بودجەیە كە ‏ساڵانە بۆ ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی پارێزگاكە تەرخان دەكرێت. بەپێی ‏ڕاپۆرتێكی پێشتری پەرەگراف، "بەكۆی گشتی لە 40 ‏ملیار دینار كە بۆ ساڵی 2022 بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كراوە، ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع خەرج ‏كرابێت ناگاتە چوار ملیار دینار"، ئەمە جگە لەوەی كە داهاتی پارێزگاكە وەكوو سیولە، "هیچی ناگەڕێتەوە ‏سنووری پارێزگاكە"‏‎.‎
 
بە بۆچوونی كاوە عەلی، ‏جێگری پێشووی پارێزگاری هەڵەبجە،  لە كۆتایی ساڵی 2024ـەوە "دۆخەكە گۆڕانكاریی ‏بەسەردا هاتووە و جووڵەی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە هەیە"، بەڵام ئەو پێی وایە ‏‏"سەرباری دەستپێشخەرییەكانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، هێشتا دەرفەت و ‏كارەكانی وەبەرهێنەران لە هەڵەبجە كەمن".‏
 
‏"نەكردنەوەی مەرزی سازان، تەواونەكردنی پردەكانی تووەقوت و سەید محەمەد، ‏تەواونەكردنی سایلۆی شارەكە و 200 پڕۆژەی دیكە، بوونەتە هۆی ئەوەی ‏شارەكە لە گۆشەگیریی جوگرافی قوتاری نەبێت، ئەمەش وای كردووە ‏وەبەرهێنەرەكان كەمتر چاویان بچێتە سەر پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجامدانی ‏پڕۆژە"، كاوە عەلی وا دەڵێت.‏
 
لە 13ـی ئاداری 2014ـدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی وەك چوارەمین پارێزگای هەرێم ‏واژۆكرد و لە 16ـی هەمان مانگدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم فەرمانی ‏هەرێمیی بۆ بە پارێزگابونی هەڵەبجە دەركرد‎.‎
 
پەرلەمانی عێراقیش لە كۆبوونەوەیەكدا لە 14-04-2025، پرۆژەیاسای ‏هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجەی وەكوو نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق پەسەند ‏كرد. ڕۆژی 05-05-2025 یاساكە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاو كرایەوە و چووە ‏بواری جێبەجێكردنەوە.‏
 
پرۆژەكانی وەبەرهێنان كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ مامەڵە و ‏ڕاییكردنی كارەكانیان پێویستیان بە فەرمانگە حكومییەكان هەیە. دوای 11 ساڵ ‏لە بەپارێزگابوونی، هێشتا بەشێك لە فەرمانگە حكومییەكان لە هەڵەبجە ‏نەكراونەتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی كە وەكوو بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ‏هەڵەبجە دەڵێت، "دواكەوتنی مووچە، كاتی دەوام و شێوازی دەوامی فەرمانگەكانی ‏گۆڕیوە".‏
 
جێگری پێشووی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە دا كە ‏وەبەرهێنەران كاتێك ڕوو لە شوێنێك دەكەن كە ڕێگاوبان و ئاسایشی ناوچەكە و ‏دۆخی هاووڵاتییەكانی لە ئاستێكی باشدا بێت، بەڵام هەڵەبجە لەو ڕووانەشەوە لە ‏دۆخێكی باشدا نییە.‏
 
هەندێك لەو وەبەرهێنەرانەی كە كار لە هەڵەبجە دەكەن، خەڵكی سنوورەكەن و ‏دەیانەوێت وەكوو پاڵپشتی بۆ پارێزگا بێخزمەتەكەیان، بەشێك لە پرۆژەكانیان ‏ببنە ئەوێ‌.‏
 
ئاسۆ حاجی محەمەد بامۆكی كە یەكێكە لە سەرمایەدارە دیارەكانی كوردستان، لە ‏‏10 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پرۆژەی لە هەڵەبجە ئەنجام داوە. وەكوو كاوە عەلی، ‏جێگری پێشووی پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، نوێترین پڕۆژەشی ئەو سەرمایەدارە ‏كارگەیەكی گەورەی بەرهەمە سپیاییەكانە لە شاری هەڵەبجە، كە "چاوەڕوان ‏دەكرێت خواستی لەسەدا 20ـی تەواوی بازاڕەكانی عێراق پڕ بكاتەوە و بەو ‏هۆیەوە پارێزگاكە ژمارەیەكی زۆر هەلی كاری تێدا بڕەخسێت".‏
 
بەرپرسانی ئیداریی هەڵەبجە دەڵێن، بووژانەوە و گەشەسەندنی پارێزگاكە ‏پێویستی بە "هەوڵی هەمەلایەنە" هەیە، پێویستە حكومەت پرۆژە گرنگەكانی ‏هەڵەبجە تەواو بكات و فەرمانەگە پێویستەكان بە تەواوی بكاتەوە، ‏وەبەرهێنەرانیش تەنیا بیر لە "قازانج" نەكەنەوە و بۆ پاڵپشتیی پێشكەوتنی ‏پارێزگاكە بەشێك لە پرۆژەكانیان ببەنە ئەوێ‌.‏