بارزانی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت: كاتی چاوەڕوانی كۆتایی هات

03-04-2019 02:18
بارزانی كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان دەهێنێت دەربارەی كابینەی نوێی حكومەت. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف


مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەن‌و پەرلەمان كارەكانی دەستپێدەكات‌و بەمزووانە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت‌و حكومەتی نوێ پێكدێت.

ئەو وتانەی بارزانی لە میانی وتارێكیدا هات لە كردنەوەی 14هەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ، یەكێتی لە كۆبوونەوەدایە بۆ وەڵامدانەوە دواین پێشنیارەكانی پارتی.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارەكەیدا ئەوەی خستەڕوو، زۆر ئارامیان گرتووەو دەرفەتی پێویست دراوە بۆ ئەوەی حكومەت لە هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن پێكبێت، وتی"تائێستا ئەو هیوایەمان هەیە كە حكومەت لەلایەنە جیاوازەكانی براوەی هەڵبژاردن پێكبێت، بەڵام بە ڕوونی دەیڵێم لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەین‌و پشتیوان بەخوا بەمزووانە حكومەتی نوێ پێكدێت."

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێك كە هیچ بیانوویەك نەماوەو كاتی چاوەڕوانی كۆتایی هاتووە، وتیشی"پەرلەمان دەست دەكات بە كارەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن. لەم ساتەوە هیچی دیكە چاوەڕێ ناكەین‌و كارەكانمان دەستپێدەكەین."

185 ڕۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو دوای زیاتر لە 10 كۆبوونەوە هێشتا ڕێككەوتن لە نێوان پارتی‌و یەكێتی ئەنجام نەدراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، هەرچەندە ڕێككەوتنێكی گشتگیری سیاسییان واژۆ كردووە.

یەكێتی دەیەوێت شەریكی ڕاستەقینەو بەشدار لە بڕیاردان بێت لە سێكتەرەكانی ئابوری، ئەمنیی‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە، بۆئەو مەبەستەش پۆستی باڵای ناو ئەو سێكتەرانەی دەوێت.

تائێستا تەنها لە نێوان پارتی‌و گۆڕان ڕێككەوتن كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌و دابەشكردنی پۆستەكان، ئەو دوو حیزبە پێكەوە لە پەرلەمان هەنگاوی هاوبەشیان دەستپێكردووەو لەسەر ئەو بنەمایە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت.

بڕیاربوو ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان دوێنێ بكرایە، بەڵام دواخرا بۆ ئەمڕۆ تا دەرفەت بدرێت بە ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەو پڕۆژە یاسایە لەكاتێكدایە تائێستا فراكسیۆنی یەكێتی بڕیاری لە حیزبەكەی وەرنەگرتووە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان‌و وەستاوە لەسەر ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی.

بەپێی پڕۆژە یاساكە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، تائێرە پارتی‌و گۆڕان هاوڕاو كۆكن، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و هەمان دەسەڵاتەكانی پێشوویان دەبێت، گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتەكان هێڵراوەتەوە بۆ كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ناڕازین لە ڕێوشوێنە پەرلەمانییەكان بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هاوكات هاوبەشیی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە گۆڕانی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە.

لای گۆڕان پرسەكە دیوێكی دیكەی هەیە، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا ناكۆكی خستبووە ناو لایەنە سیاسییەكان، هەندێكیان لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بوون لەلایەن خەڵكەوە وەك پارتی، هەندێكی دیكەیان وەك گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكێتی‌و یەكگرتوو پێداگرییان دەكرد سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێستا كە لەم پڕۆژە نوێیەدا ئەوە جێگیر كراوە، گۆڕان بە دەستكەوتی لە قەڵەم دەدات.