كازمی سبەی سەردانی هەولێر دەكات؛ هەرێم‌و بەغدا نزیكن لە ڕێككەوتنی كۆتایی

09-09-2020 06:39
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق

پەرەگراف

مستەفا كازمی سبەینێ سەردانی هەولێر دەكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆدەبێتەوە، سەردانەكە لەكاتێكدایە كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای هەرێم لە بەغداد بەردەوامن‌و هەردوولا نزیكن لە گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی.

سەردانەكەی كازمی یەكەم سەردانیەتی بۆ هەولێر لەوكاتەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە.

سەرچاوەیەكی باڵای كورد كە ئاگاداری كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم‌و بەغدایە بە پەرەگرافی وت "گفتوگۆكان بەردەوامن‌و بە ئاڕاستەیەكی باش دەڕۆن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ ساڵی 2021 كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا ڕێككەوتنە جێگیر دەكرێت، ڕەنگە لە یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێككەوتنی كۆتایی بكرێت‌و سەردانی سبەینێی كازمی بۆ هەولێر لەو چوارچێوەیەدایە".

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە‌و لەسەدا 50ی داهاتی دەروازە سنورییەكان ڕادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، "لەسەر ڕێژەی بودجەی هەرێم كەمێك ناكۆكی ماوە، هەرێم داوای لەسەدا 13 دەكات‌و بەغداد لەوە كەمتر دادەنێت".

بەرلە سەردانەكەی سبەینێی بۆ هەولێر مستەفا كازمی دوێنێ لەگەڵ شاندی باڵای ھەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی كۆبووەوە، پتەوكردنی پەیوەندییەكان و كاركردن بە گیانییەك تیم تاوتوێ كراوەو كازمی داوای ھەماھەنگیی تەواو دەكات بۆ چارەسەری كێشەكان.

نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەماهەنگی نێوان دەزگاكانی دەوڵەت و كاری پێكەوەیی بە گیانی یەك تیم لەنێوان هەردوولا كراوە، بۆ بەدەستهێنانی داواكاری و بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق بە گشتی.

بەیاننامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، كازمی تەئكیدی لە پێویستیی هەماهەنگی تەواو كردووەتەوە لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگارییانەی كە توشی وڵات بوون بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییە خراپەكانی پەتای كۆرۆنا.

شاندی باڵای ھەرێم دوو ڕۆژە لە بەغدایەو كۆبوونەوەكانی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوان ھەردوولا بەڕێوەدەچن، بڕیاری پێكھێنانی لیژنەی لاوەكیی بۆ چەند پرسێك دراون.

سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان دوێنێ بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بارە‌ی كێشە ‌ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی٢٠٢١ بە‌ڕێوە‌چووە.

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".

وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی خستەڕوو، چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون وگفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌بكرێت.

سەمیر ھەورامی وتی"‌حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی ونانە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان".

سە‌ردانە‌كەی شاندی ھەرێم دوای ئەوەهات مستەفا كازمی لەكاتی سەردانی بۆ واشنتۆن داوای لەو بەرپرسە كوردانە كردبوو كەلەگەڵیدا بوون كە دوای گەڕانەوەیان لەماوەیەكی كورتدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ ڕێككەوتن، ئەمریكاش ھەمان داوای لەكازمی كردووە كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا، ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتاییلەبارەی بودجەو نەوت، بەتایبەت بۆ ساڵی ئایندە كە عێراق لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو. بەڵام تائەوكاتەی دەگەنە ڕێككەوتن مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێردرێت.

هەرێم چەندینجار ڕایگەیاندووە ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەو مەرجەی بەغداد سەرجەم شایستە داراییەكانی بنێرێت،ھێشتا حكومەتی ناوەندیی بەوە ڕازیی نەبووە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كەناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین دابەشی بكات.