خواستی عومەر سەید عەلی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشەی نوێی لێكەوتەوە

21-09-2020 11:06
عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بە خواستی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان دووبارە كرایەوەو دوو كاندیدی ڕكابەری یەكتر یەكسان بوون‌و هەریەكەی 6 دەنگیان بەدەستهێنا.

فراكسیۆنەكە لەبەردەم ئەگەری دابەشبوون‌و دابڕانی نیوەی ئەندامەكانیدایە لە بزووتنەوەكە، ئەوەش بەهۆی سووربوونی بەرەی ڕێكخەری گشتی بۆ دانپێدانان بە گوڵستان سەعید وەك سەرۆكی فراكسیۆن بە پاساوی ئەوەی ئافرەتەو لەكاتی یەكسانبوونی دەنگەكانی پیاوێك‌و ئافرەتێك لە پڕۆسەی دەنگدان ئافرەتەكە براوە دەبێت.

بەرەی عومەر سەید عەلی بۆئەو پاساوە پشتیان بە دەستووری ناوخۆیی گۆڕان بەستووە كە باسی ئەو پرسەی بۆ هەڵبژاردنی ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە كردووە، بەڵام دەستورەكە باسی فراكسیۆنەكانی بزووتنەوەكە ناكات، هەربۆیە بەرەی بەرامبەر كە پشتیوانیی دابان محەمەد دەكەن‌و ئەویش خاوەنی 6 دەنگی هەڵبژاردنەكەیە، ئامادەنین گوڵستان سەعید وەك سەرۆكی فراكسیۆن پەسەند بكەن كە دەنگەكانی هاوتای دەنگی دابان بووە.

"هەڵبژاردنەكە كراوە دیارە كێشەی یاسایی تێدایەو بەشێك لە پەرلەمانتاران پێمانوایە هێشتا یەكلایی نەبووەتەوەو هەتا یەكلایی دەبێتەوە لە چوارچێوەی یاساو دەستوردا ناتوانرێت ئێستا گوڵستان خان وەك سەرۆكی فراكسیۆن سەیر بكرێت، دوای یەكلایی بوونەوە هەركەسێك بووە سەرۆكی فراكسیۆن پیرۆزبایی لێدەكەین" جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە لەبەرەی دابان محەمەدەو كەسێكی یاساییەو ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، لەبارەی كێشەی پڕۆسەكەوە وتی "كێشەكە ئەوەیە كە شەش دەنگ بە شەش دەنگن".

لەبارەی چارەسەركردنی ئەو گرفتە، جەلال محەمەد وتی "بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكاری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی گرفتەكان‌و ئەو ڕێكارانە دەگیرێنەبەر".

لە وەڵامی ئەوەی بۆچی هەڵبژاردنەكە دووبارە كرایەوە؟ ئەو پەرلەمانتارە وتی "ئەوەش هەر گرفتەو چەند گرفتێك هەیە".

هاوكات سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، هەڵبژاردنەكە كێشەی لەسەر ئاستی باڵای گۆڕان دروست كردووەو "ئەگەر ڕێكخەری گشتی سووربێت لەسەر دەستبەكاربوونی گوڵستان خان وەك سەرۆكی فراكسیۆن، دوور نییە ئەو 6 پەرلەمانتارەی دیكە هەڵوێستی هاوشێوەی فراكسیۆنی بەغدادیان هەبێت‌و لە گۆڕان داببڕێن".

سەرچاوەكە وتیشی "پێشتر گوڵستان سەعید لە ململانێی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا نەبوو، بەو ئامانجە هێنرایە ململانێكەوە لە ئەگەری یەكسانبوونی دەنگەكاندا پۆستەكە بە ئەو بدرێت".

بۆچی هەڵبژاردنەكە دووبارە كرایەوە؟

زۆرینەی پەرلەمانتارانی گۆڕان 7ی ئەم مانگە بە هەڵبژاردن سەرۆك‌و جێگرو بڕیاردەری فراكسیۆنەكەیان دیاریی كرد، پڕۆسەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی فراكسیۆن‌و بە پێچەوانەی خواستی كەمینەیەك لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان بەڕێوەچوو لەناویاندا ڕێكخەری گشتی، ئەوكات ئەو هەوڵانەی بۆ تەوافوق هەبوون شكستیان هێنا‌و دابان محەمەد وەك سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژێردرا.

هەرچەندە میدیای فەرمیی گۆڕان ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەی بڵاوكردەوەو دابانی وەك سەرۆكی فراكسیۆن ناساند، بەڵام ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكەو بەشێك لە پەرلەمانتاران دانیان پێدا نەناو ئەوەش وایكرد وەك سەرۆكی فراكسیۆن مامەڵە نەكات لە پەرلەمان.

بە دوو پاساو بەرەی ڕێكخەری گشتی ئەمڕۆ هەڵبژاردنیان دووبارە كردووەتەوە، پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاریی دەستكەوتووە؛ پاساوی یەكەم ئەوەبووە گوایە ئەوكات هەندێك لە پەرلەمانتاران ئاگادار نەكراونەتەوە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە بۆیە ئەو ڕۆژە ئامادە نەبوون، پاساوی دووەمیش ئەوە بووە هەڵبژاردنەكە بەبێ ئامادەبوونی ژوورەكانی هەڵبژاردن‌و یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچووە.

ئەو ڕۆژەی دابان محەمەد بە سەرۆكی فراكسیۆن، ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆك‌و جەلال محەمەد بە بڕیاردەری فراكسیۆنەكە هەڵبژێردران، ئەوان ڕكابەریان نەبوو بۆ پۆستەكان‌و دەنگی 7 پەرلەمانتاری ئامادەبووی پڕۆسەكەیان بەدەستهێنا، 5 پەرلەمانتارەكەی دیكەی فراكسیۆنەكە ئامادەی پڕۆسەكە نەبوون.

ئەوكات پەرەگراف ئاشكرایكرد "ئەو 5 پەرلەمانتارە لەلایەن كەمینەیەك لە بەرپرسانی گۆڕانەوە بەتایبەت عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی پاڵپشتی دەكران، دەیانویست شاخەوان ڕەئوف ببێتە سەرۆكی فراكسیۆنەكەو دەیانزانی بە هەڵبژاردن براوە نابن، هەوڵی تەوافوقیان دا، دوای ڕەتكردنەوەی تەوافوق‌و سووربوون لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان بە هەڵبژاردن لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە، ئەوان ئامادەی هەڵبژاردنەكە نەبوون، تەنانەت پێشنیاری 6 مانگ بە 6 مانگ هەبوو بۆ سەرۆكایەتی فراكسیۆن، بەڵام دابان محەمەد‌و پەرلەمانتارانی دیكە ئەوەیان ڕەتكردەوەو سووربوون لەسەر هەڵبژاردن".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ڕاستەوخۆ دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەو جڤاتە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا.

ململانێكان لەسەر ئەو پۆستە دوای ئەوە دروست بوون، كۆتایی مانگی ڕابردوو عەلی حەمەساڵح بە نیگەرانییەوەو لەبەر چوار هۆكاری سەرەكی، دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كێشایەوە.

دەست لەكاركێشانەوەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەكاتێكدابوو فشارو ڕەخنەیەكی زۆر لەسەر گۆڕان هەیە لە ناوخۆو دەرەوەی بزووتنەوەكە، ئەوەش زیاتر بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هەرێم‌و دەرنەكەوتنی كاریگەریی پڕۆسەی چاكسازیی كە گۆڕان دەڵێت، لەو پێناوەدا بەشدارە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی.