كۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی پارتی‌و فەرەیدوون عەبدولقادر دەداتەوە

01-06-2019 05:39


پەرەگراف

كۆسرەت ڕەسوڵ ڕایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی باسی هیچ ناوێكیان نەكردووە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

ئەو وتانەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی دوای ئەوەدێت پێشتر پارتی‌و فەرەیدوون عەبدولقادر ڕایانگەیاند، بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ناوبراو ڕێككەوتوون بۆ ئەو پۆستە.

"ئەو مەسەلەیە بە پێچەوانەوە خەڵك باسی دەكەن، بابەتەكە وانەبوو، كاتی خۆی كە بڕیاردرا من و كاك مەسعود مەلەفی بەغدا و كەركووك بگرینەدەست و بڕیاری لێبدەین، ماوەیەكی بەسەرچوو بارودۆخ‌و پەیوەندیی پارتی و یەكێتی هەندێك ساردی تێكەوت، پاشان كە كاك مەسعودم بینی و قسەمان كردوە، باسی ئەوە نەكراوە كاك فەرەیدوون یان هەر كاكێكی دیكە دابنرێت" كۆسرەت ڕەسوڵ لە لێدوانێكی بۆ ڕاگەیاندنەكان لە یادی یەكێتیدا وای وت.

وتیشی "كاك فەرەیدوون پیاوێكی تێكۆشەرە و بەرپرسی هەموو ئەو برادەرانە بووە كە ئێستا لە مەكتەبی سیاسین"، ئەوەشی خستە ڕوو، بابەتەكە شەخسیی نییەو كەركوك پەیوەندیی بە هەموو كوردەوە هەیە.

لە وەڵامی ئەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكان چی دەكەن؟ كۆسرەت ڕەسوڵ وتی "هەر دەبێ چارەسەری بكەین".

پۆستی پارێزگاری كەركوك گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی یەو ئەو پرسە هۆكاربوو بۆئەوەی یەكێتی بەشداریی نەكات لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و دەنگدان بۆ سەرۆكی هەرێم.

یەكێتی دەڵێت، پارتی پابەند نییە بەوەی كە ڕێككەوتوون پارێزگاری كەركوك بۆ كەسێكی یەكێتی یەكلایی بكرێتەوە، پارتیش بە فەرمیی ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتوون لەسەر فەرەیدوون عەبدولقادر بۆئەو پۆستە، بەڵام یەكێتی لە ساتەكانی كۆتاییدا سێ ناوی دیكەیان بۆ پارتی ناردووە بۆئەو پۆستە.

دواتر فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەوەی خستە ڕوو، چەندین جار لەلایەن كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بە ئامادەبوونی ئەو، داوای لێكراوە ببێتە پارێزگاری كەركوك‌و شەوی 16ی ئۆكتۆبەریش ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هەمان داوای لێكردووە، بەڵام ئەو ڕەتیكردووەتەوە.

"لە دەمی كۆبوونەوەكانی هەردوو وەفدی یەكێتی و پارتی دا جەنابی كاك كۆسرەت كە جێگری یاسایی و جێگری سكرتێری گشتییە و كەسی یەكەمی ناو یەكێتییە. داوای لێكردم چونكە خۆی لە كۆبوونەوەی دوو قۆڵیدا لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانیدا رێككەوت لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر كە هەردوو حیزب پێی رازین و وەكو تێكۆشەرێكی دیاری جولانەوەی كورد تەماشای ئەكەن ئەو پۆستە وەربگرێ" فەرەیدوون عەبدولقادر وای وت.

پرسی كەركوك بەتایبەت لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو، یەكێتی سووربوو لەسەر ئەوەی بە یەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر هەرسێ‌ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغداد دەكات، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردەوە‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی بە پاكێجێكی سەربەخۆ دادەنا.

پاش سەردانێكی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ لای مەسعود بارزانی، هەردوولا ڕایانگەیاند، لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی بەغدا بدرێنە دەست مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ.