هەرێم چاوەڕوانی بەغدایە، چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران بە ناڕوونی ماوەتەوە

25-11-2020 10:14

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ داواكردنی مووچەی چەند مانگێك، نامەیەك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات. لە پەرلەمانی كوردستانیش ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتار پەیوەسەت بە پرسی مووچە بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد. پەرلەمانتارانی كوردیش لە بەغداوە داوای ڕێككەوتنی بەپەلەی هەرێم و بەغدا دەكەن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا "نامەیەكی فەرمی بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكات و داوای بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بكات بۆ مانگەكانی پێنج، شەش، حەوت و دەی ئەمساڵ".

لە لایەكی دیكەوە فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان، بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد، لە بەرانبەر ئەوەی كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان داواكاریی 21 پەرلەمانتاری بۆ زیادكردنی بڕگەیەك تایبەت بە پرسی مووچەی بۆ كۆبوونەوەكە ڕەت كردەوە.

هاوكات چوار ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حكوومەتی هەرێم بانگهێشت دەكەن بۆ "هەنگاونانی بە پەلە و كرداری بە شێوەیەكی شەفاف و ڕوون" بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، دوای بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەندێك بابەتی خستووەتە بەرنامەی كارەوە كە پەیوەنیی بە ژیانی خەڵكەوە نییە، بەڵام هەندێك بابەت كە پەیوەندیی بە ئازادی، ژیان و گوزەرانی خەڵك، پەیوەندیی ژێربەژێری هەرێم لەگەڵ توركیا و حكوومەتی ناوەندەوە هەیە، نایخاتە بەرنامەی كارەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، پەرلەمانی بە "نوێنەرایەتیی حكوومەت" و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشی بە "پاشكۆی حكوومەت" ناو برد و وتی "حكوومەت چیی پێ‌ بڵێت، ئاوا دەكات".

هەرچی عەلی حەمەساڵحی ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانیشە، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بەوە تۆمەتبار كرد كە "ڕۆڵێكی ئێجگار خراپی لە لاوازكردنی پەرلەماندا هەیە".

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان وتی "ماوەی یەك ساڵە داوای دانیشتنێكی پەرلەمان دەكەین لەسەر قاچاخچێتیی خاڵەسنوورییەكان كە هەموو مانگێك 170 ملیار دینار بۆ چەند بەرپرسێك دەدزرێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناتوانێت بیخانە بەرنامەی كارەوە، بەڵام هەركات حكوومەت بیەوێت بێت بۆ پەرلەمان و هەرچی بڵێت، مەساحەی پەرلەمان بۆی كراوەیە".

لای خۆیشیەوە ئەبووبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو، دوای بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژناموانیدا ڕەخنەی لە سەرۆكی پەرلەمان گرت بەوەی كە بە پەرلەمانتارانی وتووە "بڕۆن كۆنگرەی ڕۆژناموانی بگرن".

هەڵەدنی، پەرلەمانی كوردستانی بە "كۆت و بەند كراو" وەسف كرد و وتی "دەبێت پەرلەمان لە ئاستی ڕووداوەكان و گرفتەكانی هاووڵاتیاندا بێت و كۆبوونەوەی ڕۆتینی و شكڵی واز لێ‌ بهێنێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێستایش داهاتی مانگانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیار دۆلارە و دەتوانێت بە ئاسانی مووچە و خزمەتگوزاری دابین بكات، بەڵام نایكات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانیی جێگری، كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی "جەخت"ی لەوە كردووەتەوە كە "هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی داوە و هەموو پابەندییەكانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی بنەڕەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، جێبەجێ كردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ".

"دواخستن و نەناردنی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان، پێشینەیەكی مەترسییدارە و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستانە"، مەسروور بازانی لە كۆبوونەوەكەدا وای وتووە.

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەی 40 ڕۆژە مووچەی مانگی نۆ دابەش كراوە و تا ئێستا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دیار نییە. حكوومەتی هەرێمیش بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕێی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدایە.

هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، لە نووسنێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، بەیاننامەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی بە "لێدانەوەی قاوانە كۆنەكان و قسە بێتامەكانی ڕابردوو" وەسف كردووە و دەڵێت "لەبری ئەم وشە لاستیكی و بێسوودانە، بە ڕوونی بڵێن نەوت و داهات ڕادەست دەكەن یان نا؟! تاكەی كۆڵ نادەن لە دروشمبازی و گوتاری پۆپۆلیزمیی قەومی، خەڵك موچەی دەوێ نەك قسە".

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەحمەد حاجی ڕەشید، د. جەمال كۆچەر، شیروان میرزا و هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا هاتووە "بەوپەڕی ڕاشكاوییەوە ڕایدەگەیەنین كە ئیدی كاتیەتی و كاری جدیش بۆ ئەوە دەكەین كە داهاتی نەوت و داهاتەكانی تری هەرێمی كوردستان تەنیا لە خزمەتی هاونیشتیمانیاندا بەكار بهێنرێن".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چوار مووچەی ساڵی 2020ی بەسەر مووچەخۆراندا دابەش كردووە، كە دوانیان بە لێبڕینی لەسەدا 21 و ئەوی دیكەیان بە لێبڕینی لەسەدا 18ـەوە بووە. ئەمە لە كاتێكدایە تەنیا پێنج ڕۆژ ماوە بۆ كۆتایی مانگی 11 و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ساڵ تەنیا یەك مووچەی دیكە بە مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت.