پارتی بۆ یەكێتی: لە ئێستادا ئامادەی كۆبوونەوە نین دەربارەی پرسی پارێزگاری كەركوك

08-06-2019 11:35


پەرەگراف

پارتی پەیامێكی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە كە لە ئێستادا ئامادەی كۆبوونەوە نییە دەربارەی یەكلاییكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك كە بووەتە گرێكوێرەی نێوانیان.

ئەوپەیامە وەڵام بووە بۆ داوایەكی یەكێتی بۆكۆبوونەوەی نێوانیان‌و ڕێككەوتن لەسەر دانانی كەسێكی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك، ئەوەش بەو مەبەستەی یەكێتی بەشداریی بكات لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم.

"پارتی بە یەكێتی وتووە پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك پەیوەست نییە بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەربۆیە وتویانە ئەگەر بۆئەوە دێن ئامادەنین لەگەڵتان كۆببینەوە، بەڵام ئەگەر دیدارێكی دۆستانەیەو بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو ئامادەسازییە بۆ ئامادەبوونتان لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم ئەوە لاریمان نییە" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییە بۆ پەرەگراف وای وت. سەرچاوەیەکی دیکەش ھەمان زانیاریی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی دەقی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی كە پارتی بڵاویكردووەتەوە، پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی دەستپێدەكات نەك لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، بەڵام یەكێتی بە پاساوی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەبارەی كەركوك، بەشداریی نەكرد لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، پارتی ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بە لادان‌و شكاندنی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان لەقەڵەمدا.

دەربارەی بەشداریكردنیان لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەی كە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "هێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوەو سبەینێ بڕیار دەدەین".

ئەوە لەكاتێكدایە بانگهێشتنامە بۆ بەرپرسانی یەكێتی نێردراوە بەمەبەستی بەشداربوونیان لە مەراسیمەكە كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دوو ڕۆژ لەمەوبەر كۆبووەوەو پرسی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوەو وتەبێژی ئەو حیزبە ڕایگەیاند: نیەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان لەلایەن پارتییەوە ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە.

لەبارەی بەشداریكردنی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییە، لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا، وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوە كرد "د.بەرهەم خۆی ئازادە لە بەشداریكردن یان نەكردنی لەو مەراسیمەدا".

پۆستی پارێزگاری كەركووك كێشەی چارەسەرنەكراوی نێوان پارتی و یەكێتییەو پارتی چەندین كەسی ڕەتكردووەتەوە كە لەلایەن یەكێتییەوە پێشنیار كراون بۆئەو پۆستە، ئێستا یەكێتی چەند ناوێكی نوێی خستووەتە بەردەم پارتی بۆ پەسەندكردنی یەكێكیان، بەڵام هێشتا پارتی وەڵامی كۆتایی نەداونەتەوەو ئەوپرسەی دواخستووە بۆ دوای سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێم.