هێزەكە بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی پێكنەهێنرا؛ وەزیری ناوخۆ: سلێمانی بۆچوونی جیاوازی هەیە

11-04-2021 08:07

پەرەگراف

پاش سێ‌ مانگ لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پێكهێنانی "هێزێكی تایبەت و هاوبەش" بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی دەروازە سنوورییەكان، تا ئێستا نەتوانراوە ئەو هێزە پێكبهێنرێت. وەزیری ناوخۆ ئاشكرای دەكات كە "سلێمانی" بۆچوونی جیاوازی لەبارەی چارەسەری ئەو كێشەیەوە هەیە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە ڕێكارەكانمان بۆ دروستكردنی ئەو هێزە گرتووەتە بەر، بەڵام بە حەقیقەت هەندێك لە برایان لە سلێمانی ڕەئیان وا بوو كە ڕەنگە شێوازی تر هەبێت بۆ چارەسەری ئەو بابەتە". بەبێ‌ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە مەبەستی لە "برایان" كێیە.

ڕێبەر ئەحمەد لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە "ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە"، جەختی كردەوە كە "چاوەڕێی ئەو هەوڵانە دەكەین، ئەگەر هیچ ئەنجامی نەبوو، بە تەئكید ئەو هێزە دروست دەكەین و ڕەوانەی سنوورەكان دەكرێت".

تا ئێستا حكوومەتی هەرێم دوو بڕیاری بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی سنوورەكان دەركردووە، بەڵام هیچیان جێبەجێ‌ نەكراون.

لە ٢٢- ٣- ٢٠٢٠ حكوومەتی هەرێم ژمارەیەك بڕیاری دەكرد لەوانە ڕێگری لە قاچاخچێتی و ڕێكخستنەوەی كاری كۆمپانیاكانی دەروازەسنورییەكان. لە 1-7-2021یشدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی "هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە" بۆ پێكهێنانی "هێزێكی تایبەت و هاوبەش بۆ ڕێگەگرتن لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان بە بێ جیاوازی".

ئەو گەندەڵی و دۆخە نایاساییەی لە دەروازە سنورییەكانی هەرێم دەگوزەرێت، مانگانە ١٧٠ ملیار دینار زیانیان بە داهاتی حكوومەت گەیاندووە، ئەوەش بە وتەی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح كە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كردووە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "بە دڵنیاییەوە پڕۆسەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان هەیە و هۆكاری بنەبڕنەكردنیشی بەرپرسانی باڵان لە هەردوولا لە پشتی ئەم قاچاخییەوەن، بۆیە هەر ئەوانە خۆیان قاچاخییەكە ئەنجام دەدەن خۆیان ڕێگرن لە بنەبڕكردنی".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو كەلوپەلانەی كە هاوردە دەكرێن بە قاچاخ؛ جگەرە و هێلكە و مریشك و خواردەمەنی و نەمام و خورما و كەلوپەلی دیكەن. بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش بە بڕوای عەلی حەمەساڵح "جێبەجێكردنی ئەو دوو بڕیارە كافییە".

* ھێزێکی تایبەت پێکدەھێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان

* قاچاخچێتی و گەندەڵی لە دەروازەکان بەردەوامە؛ مانگانە زیانی "١٧٠ ملیار دینار" لە حکومەت دەدەن

* قاچاخچێتی لە دەروازەكان بەردەوامە؛ هێشتا هێز بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان پێكنەهێنراوە

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆیدا، وەزیری ناوخۆی هەرێم سەبارەت بە ژمارەیەك پرسی دیكە قسەی كرد، لەوانە پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانەی كە بە قاچاغ هاتوون. لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند "تا ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ بڕیارمان نەداوە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی لێكۆڵینەوەی لەوە دەكەین كە ڕێگە بدرێت بە هێنانی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل".

"لە هەندێك سنوورەوە ئۆتۆمبێل بە قاچاغ داخڵ كراوە و ئێمە ناتوانین شەرعییەت بەو قاچاغچێتییە بدەین. كە دیراسەی تەواو كرا، ئەو ڕێكارانەی كە بەهۆیەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە داخڵ كراون، توندتر دەكرێن. ئەو ڕسوماتانەش كە وەردەگیرێت دەبێت زۆر زیاتر بێت"، ڕێبەر ئەحمەد وای وت.

سەبارەت بە ڕێككەوتنی شنگالیش، وەزیری ناوخۆ وتی "پێویست بوو چەند مانگێك لەمەوبەر ڕێككەوتنی شنگا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئێمە هەڵوێستی خۆمان بە ئاشكرا ڕاگەیاندووە و مكوڕین لەسەر ئەوەی كە دەبێت وەكوو خۆی جێبەجێ‌ بكرێت.

"تا ئێستا حكوومەتی فیدراڵ نەیتوانیوە لەسەر ئەرزی واقیع ڕێككەوتنەكە جێبەجێ‌ بكات. ئەو هێزانەی كە دەبوو شنگال جێبهێڵن، بە پێچەوانەوە ژمارە و دەسەڵاتیان زیاتر بووە"، ڕێبەر ئەحمەد وای وت.

* ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد: پەکەکە و ئەو لایەنانەی سەر بەون هیچ ڕۆڵێکیان لە شنگال نابێت

* خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال بۆ پەرەگراف: ڕێگەنادەین پارتی و پێشمەرگە بگەڕێنەوە

* بەغدا و هەولێر دەست بە "جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال" دەكەن