یەكێكیان لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی یەكێتی یە

دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەردەچێت
15-06-2019 11:55
دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق - ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت


پەرەگراف


دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەرچووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا كە یەكێكیان پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەسەری تۆمار كردووە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.

سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لە دادگای نەزاهەی كەركوكەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە لەسەر سكاڵایەك كە دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆماری كردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "پێشتر دادوەر بانگهێشتنامەی بۆ ڕاكان جبوری ناردووە تا لە دادگا ئامادەبێت، بەڵام بەدەم بانگهێشتەكەوە نەچووە بۆیە فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوەو ئەو تۆمەتەشی ئاڕاستەی كراوە بریتییە لە گەندەڵیی دارایی كە بە زیاتر لە 900 ملیۆن دینار دادەنرێت".

لەبارەی شێوازی گەندەڵییەكەوە سەرچاوەكە وتی "ئەو پارەیە دەبوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان خەرج بكرێت، بەڵام ڕاكان جبوری لە میوانخانەكەی خۆی‌و بۆ پێشوازیی خەرجی كردووە، بەڵگەی پێویستیش لەوبارەیەوە دراوەتە دادگا".

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیی كرد بە دیلان غەفور پەرلەمانتاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی كە سكاڵاكەی تۆمار كردووە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو "لە ئێستادا" قسە لەسەر ئەو دۆسیەیە بكات.

بەدەر لە سكاڵای ئەو پەرلەمانتارە، ڕاكان جبوری سكاڵایەكی دیكەشی لەسەر تۆمار كراوەو لەسەر ئەو سكاڵایەش بەهەمان شێوە لە هەفتەی ڕابردوودا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

پەرەگراف زانیویەتی، سكاڵای دووەم بە تۆمەتی "دابەشكردنی زەویی حكومەت بەسەر چەند سەرۆك عەشیرەتێكدا بە نایاسایی"، لەسەر ڕاكان جبوری تۆمار كراوە.

"پێدەچێت ڕاكان جبوری سبەینێ بچێتە بەردەم دادگا، لەو حاڵەتەشدا ئەگەری زۆرە دەستگیربكرێت‌و زیندانی بكرێت"، سەرچاوەكە وای وت، بەڵام پەرەگراف نەیتوانی لە سەرچاوەی دیكەوە ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە ڕاكان جبوری سبەینێ دەچێتەبەردەم دادگا یاخود نا.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی یەكگرتوو نین بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.