"باندەكەی شاسوار هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ڕووت‌و دەستكاریی كراومان دەكەن"

24-04-2019 02:35
شادی نەوزاد لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەو نامەیەی پیشانی ڕۆژنامەنووساندا كە بۆی نێردراوە.


پەرەگراف


ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی جوڵانەوەكەیان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سێكسیی دروستكراو و ژیانی شەخسییان لێ‌ كراوە.

شادی نەوزاد، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد"چەند كاتژمێرێك بەر لە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی فراكسیۆنەكەمان، لە نامەیەكی هەڕەشەئامێزدا ڤیدیۆییەكی دەستكاریكراو بە دەنگ و دانانی هەندێك وێنە بۆ من‌و هەندێك لە ئەندامەكانی دیكەش نێردراوە."

ئەو پەرلەمانتارە نامەكەی بۆ ڕۆژنامەنووسان خوێندەوە كە تێیدا هەڕەشەیان لێ كردووە و پێیان گوتووە "چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕووتی خۆیشت بە."

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، نامەكە لەلایەن باندێكی سەر بە شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە نێردراوە، ئەوەش پاش ناڕەزایی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ و هەردوو فراكسیۆنی جووڵانەوەكە لە هەرێم و بەغدا دێت كە ڕەخنەیان ئاڕاستەی حیزبەكەیان‌و سەرۆكەكەی كرد.

هەڕەشەكە تەنیا ئەو پەرلەمانتارەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو هەڕەشە لە باڵە ناڕازییەكەی نەوەی نوێ‌ كراوە كە"لە كاتی مانەوەیان لە شوقەكانی گوندی ئەڵمانی و كابینەكانی چاڤیلاند كامێرای شاراوەیان بۆ دانراوە و ژیانی كەسییان بڵاو دەكەنەوە"، شادی نەوزاد وای وت.

ئەو پەرلەمانتارە وتی "لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا، سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم، چونكه‌ ئەگەر جووڵانەوەیەكی سیاسی وەكو باندێكی لەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسە ژنەكانی خۆی بكات، دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كچە تازە پێگەیشتووانە بكات كە ڕوو دەكەنە ئۆفیسەكانی باندەكەی شاسوار عەبدولواحید بۆ بەشداریكردن لە كایەی سیاسیدا."

كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی شادی نەوزاد

شەڕی بەیاننامەو ئاشكرابوونی ناكۆكییەكانی نەوەی نوێ

فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بە تەواویی بوون بە دوو بەشەوەو بە دەركردنی بەیاننامە بۆ ڕایگشتی بۆچوونی خۆیان دەربارەی جوڵانەوەكەو سیاسەتەكانی خستووەتەڕوو، نیوەیان دژی شاسوار عەبدولواحید هەڵوێستیان وەرگرتووەو نیوەكەی دیكەیان وەك بەرەی شاسوار ماونەتەوە.

یەكەم بەیاننامەی ناڕازییەكانی نەوەی نوێ 21ی ئەم مانگە بەناوی "ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ‌و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق" دەركراو تێیدا ڕەخنەی تووندیان ئاڕاستەی حیزبەكەیان كردووە، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنن شاسوار عەبدولواحید تۆمەتبار دەكەن بە بەكارهێنانی جوڵانەوەكە بۆ سوودی ئابوریی‌و بەخێزانیی كردنی حیزبەكە.

"نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە هەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوەو بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت"، بەیاننامەی ناڕازییەكان وادەڵێت.

بەرەی ناڕازییەكانی نەوەی نوێ هیچ زانیارییەكی دیكەیان نەخستووەتەڕوو دەربارەی چۆنیەتی تێكەڵكردنی جوڵانەوەكە بە بزنس‌و خێزان، ئامادەش نین وەڵامی ڕۆژنامەنووسان بدەنەوەو ئەو پرسانە ڕوون بكەنەوە.

هاوكات بەپرسێكی نەوەی نوێ كە لە ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحیدە بۆ پەرەگراف وتی"نازانین لە كوێوە حیزبەكە بۆ بزنس بەكارهێنراوەو پێشتر هیچ باس‌و گلەییەكی لەوجۆرەیان نەكردووە. ئەوەی نەوەی نوێ هەیەتی بە پارەی كاك شاسوار كراوە، ئیتر چۆن سوودی لێوەرگرتووە بۆ بزنس با ڕوونی بكەنەوە."

ڕۆژێك دوای ئەو بەیاننامەیەی ناڕازییەكان، ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە واژۆی 7 ئەندامی ئەنجومەنەكە لە كۆی 13 ئەندام كە شاسوار عەبدولواحید لەناو ناوەكاندایە، بەیاننامەیەكی دەركردو ڕەتیكردەوە هیچ بەیاننامەیەك لە ئەنجومەنەكەیانەوە دەرچووبێت‌و هیچ نوسراوێكیش بەدەست ئەنجومەنەكەو سەرۆكی جوڵانەوەكە گەیشتبێت دەربارەی هەر گلەیی‌و ناڕەزاییەك.

گروپەكەی شاسوار لە بەیاننامەكەیاندا داوای "گفتوگۆی هاوڕێیانە" دەكات‌و دەڵێت"ئەگەر مەبەست خزمەتكردنی پارتی و یەكیتی بێت و مەبەست بێهیوا كردنی خەڵك بێت، ئەوا بەیاننامە دەركردن دژی یەكتر باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتە دەكات."

هەر هەمان ڕۆژ سێیەم بەیاننامە لە نەوەی نوێ-وە دەركرا، ئەویش چوار چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بوون كە لەگەڵ ئەوەی باسلە "یەكدەستیی‌و یەكگرتوویی" فراكسیۆنەكەیان دەكەن، بەڵام ئەو چوار پەرلەمانتارە داوادەكەن ڕاگەیاندنەكەی ناڕازییەكان "لەبەرچاو بگیرێت."

شاسوار عەبدولواحید شەوی ڕابردوو بێدەنگیی شكاندو تۆمەتی قورسی ئاڕاستەی ناڕازییەكان كرد، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

لەیەكەم پەیامی دوای لەتبوونی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەی، شاسوار وتی"چاوەڕوان بن دوو ڕۆژی تر دێمەوە خزمەتتان، هەمووتان دڵنیابن كە ڕاستۆگیی‌و ئەخلاقی جوان‌و دڵپاكی سەردەكەوێت.. خۆفرۆشی‌و نامەردی‌و نمەكسوێران بێبەهاترین خەڵكانن لای كۆمەڵگا."

سەرۆكی نەوەی نوێ لە ئەكاونتی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام ئەو پەیامەی لەگەڵ وێنەیەكی خۆیدا بڵاوكردووەتەوەو لە وەڵامی پرسیاری كەسێكیشدا نووسیویەتی"هەفتەیەكە لە دەرەوەی وڵاتم‌و حاڵەتێكی كوتوپڕ بوو. ئینشائەڵا دێمەوە خزمەتتان دوو ڕۆژی تر."

نەوەی نوێ لە كوردستان 8 و لە عێراق 4 كورسی لە پەرلەمان هەیە، شاسوار هەرلەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژارد، ئەو وەك ڕكابەرو ڕەخنەگری تووندی سەرجەم حزبەكان دەردەكەوێت بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی.

ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لە 13 ئەندام پێكهاتووە‌و تاكە دامەزراوەی نەوەی نوێیە كە مافی لێپرسینەوەو بڕیاردانی هەیە، ئەوەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەو بەكۆی زیاتر لە نیوەی 13 ئەندامەكەی ئەنجومەن كە ئێستا 7یان لە گروپەكەی شاسوارن‌و ئەوان زۆرینەن.