شاسوار عەبدولواحید: ڕووداوەكان هەوڵێكی كاتی و سەرنەكەوتووی یەكێتی و پارتین

25-04-2019 10:18

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناو حیزبەكەی بە هەوڵێكی كاتی و سەرنەكەوتووی یەكێتی و پارتی دژی نەوەی نوێ‌ ناو دەبات. دەشڵێت: ئەوانەی ڕەخنەی تاكڕەویم لێ‌ دەگرن، بەو تاكڕەوییەی من بوون بە پەرلەمانتار.

لە بەرنامەی تاووتوێی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، سەبارەت بە كێشە و ململانێكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێو جووڵانەوەكە وتی "نازانم كێشەكان چین. هیچ كەسێك لەوانەی ئێستا قسە دەكەن بە ڕووبەڕوو یان بە نووسراو و بە فەرمی و نافەرمی باسی هیچ كێشەیەكیان نەكردووە، منیش لە میدیاوە بیستوومە".

شاسوار عەبدولواحید ئەو كێشانەی بە هەوڵێكی كاتی و سەرنەكەوتووی یەكێتی و پارتی دژی جووڵانەوەكە ناو برد و وتی "ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین".

لە هەمان كاتدا سەرۆكی نەوەی نوێ‌ پێی وایە پەرلەمانتارانی جووڵانەوەكە لەبەر هۆكاری ماددی ناڕازین و وتی "داوایان لێ‌ كراوە پارەی پاسەوانەكانیان بدەن كە لە خۆبەخشانی نەوەی نوێن، ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە".

باڵە ناڕازییەكەی نەوەی نوێ‌، شاسوار عەبدولواحیدیان بە بڕیاری تاكڕەوانە لەناو جووڵانەوەكەدا تۆمەتبار دەكەن، سەرۆكی نەوەی نوێ‌ لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەو كەسانە بەو تاكڕەوییەی من بوون بە كاندید و پەرلەمانتار و سەرۆكی فراكسیۆن، چونكە ئەنجوومەنی باڵا ئەو دەسەڵاتەیان بە من سپاردبوو، خۆ ئەو كاتەش من تاكڕەوانە ئەو بڕیارانەم دابوو، بۆچی ڕەخنەیان لەوە نەدەگرت؟!".

بەشێك لە ڕەخنەكانی باڵی ناڕازیی جووڵانەوەكە دانانی سروە عەبدولواحیدە وەكو بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەوەی نوێ‌ لە بەغدا، هەروەها شاسوار عەبدولواحید تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە جووڵانەوەكی بە بنەماڵیی كردووە، بەڵام ئەو پاساوی ئەوەی هێنایەوە كە "سروە كچێكی چالاكە و لە بەغدا خۆی پەیوەندیی بەهێزی هەیە، ئەو پەیوەندییەكانی تەسلیمی پەرلەمانتارەكان كردووە".

شاسوار عەبدولواحید سەرسوڕمانی خۆی لەوە نیشاندا كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی نەوەی نوێی تێكەڵ بە بزنس كردووە. وتیشی "بۆ ئەوان پێشتر نەیاندەزانی من كۆمپانیام هەیە و سەرمایەدارم؟! بۆ پێشتر نەیاندەوت تۆ كەسێكی بەو شێوەیەیت و نابین بە كاندید لە جووڵانەوەكەدا".


فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بە تەواویی بوون بە دوو بەشەوەو بە دەركردنی بەیاننامە بۆ ڕایگشتی بۆچوونی خۆیان دەربارەی جوڵانەوەكەو سیاسەتەكانی خستووەتەڕوو، نیوەیان دژی شاسوار عەبدولواحید هەڵوێستیان وەرگرتووەو نیوەكەی دیكەیان وەك بەرەی شاسوار ماونەتەوە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا ئەمڕۆ لە سلێمانی ژمارەیەك خۆبەخشی نەوەی نوێ دەستگیركران، هێشتا ڕوون نییە دەستگیركردنەكە بەهۆی چییەوەیەو دوان لە چوار پەرلەمانتارە ناڕازییەكەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف دەڵێن، سكاڵایان تۆمار نەكردووەو پەرلەمانتارێكی دیكەشیان ئامادەنییە قسە لەو بارەیەوە بكات‌و پەرلەمانتاری چوارەمیش وەڵام ناداتەوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی جوڵانەوەكەیان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سێكسیی دروستكراو و ژیانی شەخسییان لێ‌ كراوە.

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ ئەوەی بە كاری "شاسوار عەبدولواحید‌و باندەكەی" لە قەڵەمداو وتی، سكاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەكات، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی نەخستەڕوو كە ئەو ژمارە نەناسراوەی نامە هەڕەشەئامێزەكەی بۆ ناردووە سەربەچ كەس‌و لایەنێك بێت.

پەرەگراف سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پەیوەندیی بە شادی نەوزادەوە كردو لە وەڵامی ئەوەی تائێستا سكاڵای تۆمار كردووە؟ ئەو پەرلەمانتارە وتی"لە ئێستادا هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە نادەم."

دەربارەی ئەوەی بەڵگەی هەیە ئەو ژمارەیەی نامە هەڕەشەئامێزەكەی بۆ ناردووە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید یاخود كەسانی نزیكی ئەو بووبێت، شادی وتی "لەسەر ئەوەش هیچ شتێك ناڵێم، چونكە هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەنجام"، لەبارەی دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ لە سلێمانی، شادی نەوزاد وتی"ئاگاداری ئەو هەواڵانەم كە باس لە دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ‌ لە سلێمانی دەكەن، بەڵام جارێ‌ هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو پرسەوە ناكەم."

لایخۆیەوە شاسوار عەبدولواحید ئەوەی خستەڕوو پێی سەیرە ئەو پەرلەمانتارە بەو جۆرە قسەی لەسەر كردووە، وتی "كەسێك باش من دەناسێت چۆن دڵی یەت ئاوام پێ‌ دەڵێت. دەكرێ‌ كەسێك نامەت بۆ بنێرێ‌ بلێی ئەوەسەرۆكی حیزبەكەمە؟! ئەوە شتێكی منداڵانەیە."

شاسوار وتیشی "ئەو كچە شوقەی لە گوندی ئەڵمانی نەبووە و ئەو فەقیرە خۆیشی قوربانییە. ڕۆژێك دەردەكەوێت لەژێر چ فشارێكدا ئەوەی كردووە. تەحەدای ئەوە ئەكەم بچوكتری ڤیدیۆ و دەنگێكی تۆماركراوی ئەو شوێنانە هەبێ‌."

هاوكات سێ پەرلەمانتاری دیكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان هاوهەڵوێستی شادی نەوزاد بوون‌و ناویان لەسەر ئەو بەیاننامەیەبوو كە دەریانكردو پشتیوانییان بۆ ناڕەزاییەكانی بەرپرسانی دیكەی نەوەی نوێ دەربڕی، ئەوانیش هەریەكە لە؛ سیروان بابان، كاوە عەبدولقادرو مەم بورهان قانع بوون.

هەریەكە لە سیروان بابان‌و كاوە عەبدولقار بۆ پەرەگراف دەدوێن‌و ڕەتیدەكەنەوە سكاڵایان تۆمار كردبێت، هاوكات پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیی بە مەم بورهان قانعەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

یەكەم بەیاننامەی ناڕازییەكانی نەوەی نوێ 21ی ئەم مانگە بەناوی "ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ‌و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق" دەركراو تێیدا ڕەخنەی تووندیان ئاڕاستەی حیزبەكەیان كردووە، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنن شاسوار عەبدولواحید تۆمەتبار دەكەن بە بەكارهێنانی جوڵانەوەكە بۆ سوودی ئابوریی‌و بەخێزانیی كردنی حیزبەكە.

بەرەی ناڕازییەكانی نەوەی نوێ هیچ زانیارییەكی دیكەیان نەخستووەتەڕوو دەربارەی چۆنیەتی تێكەڵكردنی جوڵانەوەكە بە بزنس‌و خێزان.

ڕۆژێك دوای ئەو بەیاننامەیەی ناڕازییەكان، ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە واژۆی 7 ئەندامی ئەنجومەنەكە لە كۆی 13 ئەندام كە شاسوار عەبدولواحید لەناو ناوەكاندایە، بەیاننامەیەكی دەركردو ڕەتیكردەوە هیچ بەیاننامەیەك لە ئەنجومەنەكەیانەوە دەرچووبێت‌و هیچ نوسراوێكیش بەدەست ئەنجومەنەكەو سەرۆكی جوڵانەوەكە گەیشتبێت دەربارەی هەر گلەیی‌و ناڕەزاییەك.

گروپەكەی شاسوار لە بەیاننامەكەیاندا داوای "گفتوگۆی هاوڕێیانە" دەكات‌و دەڵێت"ئەگەر مەبەست خزمەتكردنی پارتی و یەكیتی بێت و مەبەست بێهیوا كردنی خەڵك بێت، ئەوا بەیاننامە دەركردن دژی یەكتر باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتە دەكات."

هەر هەمان ڕۆژ سێیەم بەیاننامە لە نەوەی نوێ-وە دەركرا، ئەویش چوار چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بوون كە لەگەڵ ئەوەی باسلە "یەكدەستیی‌و یەكگرتوویی" فراكسیۆنەكەیان دەكەن، بەڵام ئەو چوار پەرلەمانتارە داوادەكەن ڕاگەیاندنەكەی ناڕازییەكان "لەبەرچاو بگیرێت."

دوو ڕۆژ دوای ئەو بەیاننامانەو دوای "شكستهێنانی" هەوڵەكانی گفتوگۆ لەگەڵ ناڕازییەكانی ناو نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید بێدەنگیی شكاندو تۆمەتی قورسی ئاڕاستەی ناڕازییەكان كرد، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

شاسوار لەیەكەم پەیامی دوای لەتبوونی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ‌و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەی، وتی"چاوەڕوان بن دوو ڕۆژی تر دێمەوە خزمەتتان، هەمووتان دڵنیابن كە ڕاستۆگیی‌و ئەخلاقی جوان‌و دڵپاكی سەردەكەوێت.. خۆفرۆشی‌و نامەردی‌و نمەكسوێران بێبەهاترین خەڵكانن لای كۆمەڵگا."

سەرۆكی نەوەی نوێ لە ئەكاونتی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام ئەو پەیامەی لەگەڵ وێنەیەكی خۆیدا بڵاوكردووەتەوەو لە وەڵامی پرسیاری كەسێكیشدا نووسیویەتی"هەفتەیەكە لە دەرەوەی وڵاتم‌و حاڵەتێكی كوتوپڕ بوو. ئینشائەڵا دێمەوە خزمەتتان دوو ڕۆژی تر."

نەوەی نوێ لە كوردستان 8 و لە عێراق 4 كورسی لە پەرلەمان هەیە، شاسوار هەرلەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژارد، ئەو وەك ڕكابەرو ڕەخنەگری تووندی سەرجەم حزبەكان دەردەكەوێت بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی.

ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لە 13 ئەندام پێكهاتووە‌و تاكە دامەزراوەی نەوەی نوێیە كە مافی لێپرسینەوەو بڕیاردانی هەیە، ئەوەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەو بەكۆی زیاتر لە نیوەی 13 ئەندامەكەی ئەنجومەن كە ئێستا 7یان لە گروپەكەی شاسوارن‌و ئەوان زۆرینەن.