هەرێم‌و بەغداد نەگەیشتنە ڕێككەوتن؛ پەرەگراف وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكات

30-04-2020 06:22

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق دوای دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی چڕ نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەو نەوت؛ هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەغداد سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردووەتەوەو هەموو داهاتەكانی دەوێت، هەولێر ناچێتە ژێرباری ئەو داواكارییە.

شاندێكی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دوو ڕۆژە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە كۆبوونەوەدان‌و كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد تاوتوێ دەكەن كە گرنگترینیان پرسی ڕاگرتنی مووچەی هەرێمە، ئەمڕۆش دووەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی سامر غەزبان ئەنجامدا كە جێگری سەرۆك وەزیرانە بۆ وزە‌و هاوكات وەزیری نەوتە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتن.

سە‌میر ھە‌ورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی هەردوولا كۆمەڵێك ڕاسپاردەو پێشنیاریان گەڵاڵە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت پرسەكانی نەوت و بودجە.

"بڕیاردرا كۆبوونەوەكان درێژەیان هەبێت و لەئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی تر سازدەكرێت لەپێناو گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و گشتگیر" وتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی وای وت.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمیی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ڕابگرێت كە مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن، ئەوەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت گەڕاندووەتەوە، بەوهۆیەوە تا ئێستا بەغداد مووچەی ئەم مانگەی نەناردووەو زیاتر لە 50 ڕۆژە حكومەتی هەرێم مووچەی دابەش نەكردووە.

سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد بۆ پەرەگراف ئەوەی تەئكید كردەوە، هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە بۆ ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەرامبەر 900 ملیۆن دۆلاری مانگانە كە بەغداد بینێرێت، ئەمەش بەپێی لێكتێگەیشتنی ساڵی ڕابردووی نێوان هەردوولا، یاخود كۆی مەلەفی نەوت ڕادەست بكات بە مەرجی ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكان‌و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت، "بەڵام ئێستا بەغداد ئەوەی ناوێت‌و سەقفی داواكارییەكانی بەرز كردووەتەوە".

سەرچاوەكە وتیشی "حكومەتی عێراق داوای سەرجەم داهاتی هەرێمی كوردستان دەكات بە هەموو جۆرەكانییەوە، دەڵێت داهاتی سەرتاسەری وڵات بچێتەوە بەغدادو لەوێوە دابەش بكرێتەوە، حكومەتی هەرێم بەوە ڕازیی نییەو پێیوایە بەوجۆرە مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ دەكرێت نەك هەرێمێكی فیدراڵیی كە لە دەستووردا دانی پێدا نراوە".

نەگەیشتنە ڕێككەتنی هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە هەردوولا لەبەردەم قەیرانێكی سەختی دارایی‌ چاوەڕوان كراودان، ئەگەر نرخی نەوت بە خێرایی بەرز نەبێتەوە، ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی عێراق‌و كوردستان دەبێت.

حكومەتی هەرێم لە ژێر فشارێكی زۆری ناوخۆییدایە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن مووچەخۆران‌و بەشێك لە حیزبەكانەوە، بەوپێیەی 50 ڕۆژە مووچەی دابەش نەكردووەو لە كۆتایی مانگی 4ی 2020دا تائێستا مووچەی هیچ مانگێكی ئەمساڵی دابەش نەكردووە، ئەوەش ڕوبەڕوی شەپۆلێكی نوێی مانگرتنی دەكاتەوەو سەرەتاكەی لە پارێزگای سلێمانی كەرتی تەندروستییەوە دەستی پێكردووە.