مەسرور بارزانی ڕوبەڕوی لێشاوێك ڕەخنە دەبێتەوە؛ پەرلەمانتاران لە بەردەم هەڵگرتنی پارێزبەندیدان

04-05-2020 09:24
مەسرور بارزانی

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە لەبارەی هەوڵەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتارو ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا، سەرۆكی حكومەت لەژێر فشاردایە تا كابینەكەی هەنگاوێكی لەوجۆرە نەنێت.

حەوت پەرلەمانتار كە بەشێكیان لەلایەن حكومەتەوە سكاڵای یاساییان لەسەرە، لەبەردەم وەرگرتنەوەی پارێزبەندیدان‌، زۆرینەیان پەرلەمانتارە ڕەخنەگرەكان‌و لە فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكانن.

سەرۆكی پەرلەمان‌و بەشێك لە فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان‌و كەسایەتیی سیاسی‌و چالاكوانان دژی ئەو هەوڵانە وەستاونەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتاران، هەندێكیان ڕەخنەی تووند دەگرن‌و ئەو كارە بە پێشهاتێكی خراپ‌و مەترسیدار دەزانن.

لە نوێترین پێشهاتدا، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە سۆران عومەر(پەرلەمانتاری كۆمەڵ) بڵاوكردەوە، فراكسیۆنەكە دەڵێت: ئەمەی سەرۆكی حكومەت دەستی داوەتێ، پێشهاتێكی خراپ و مەترسیدارەو سەرەتایەكی تاریكە بە ئاڕاستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێكی ئەمنی كە لە سایەیدا هیچ مەودایەك بۆ ئازادی دەربڕین و كاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە.

سۆران عومەر لەلایەن مەسرور بارزانی سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە لەسەر ئەوەی گوتوویەتی "كۆمپانیاو بانكی هەیە"، هاوكات شەش پەرلەمانتاری دیكەش سكاڵایان لەسەرەو كاربۆ هەڵگرتنی پارێزبەندییان دەكرێت كە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و پارتی‌و نەوەی نوێ‌و پەرلەمانتارێكی یەكگرتوویان تێدایە.

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت"من یەكێكم لەوانەی بڕیارە پارێزبەندیم لێوەربگیرێتەوەو ڕەوانەی دادگا بكرێم، ئەم جۆرە بڕیارانە لە بری بێدەنگیی ھەڵوێستی دیكەی ئێمەی بەدوادادێت".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ڕەوانەكردنی پەرلەمانتار بۆ دادگا بە "پێشھاتێكی مەترسیدار‌و بۆ چاوشكاندنی پەرلەمانتار" ناو دەبات.

هەوڵەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاران كاردانەوەی فراوانی لێكەوتووەتەوەو هەڵمەتێكی فراوان دژی ئەو هەوڵانە دەستی پێ كردووە، ئەوە لەكاتێكدایە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ناڕەزامەندیی خۆی پیشانداوە بۆ كارێكی لەوجۆرە.

لە پەراوێزی داوای خستنە بەرنامەی كاری وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە سۆران عومەر، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە خەتی خۆی لەسەر نووسراوەكەی نووسیوە "وەك سەرۆكی پەرلەمان ڕەزامەند نیم بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (سۆران عومەر) ‌و هیچ پەرلەمانتارێكی تر، بەهۆی قسەكردنی لەسەر بەرپرسانی دامەزراوە دەستوریەكان‌و فەرمانبەران".

بەڵام بەو پێیەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان پارتییەو سكرتێری پەرلەمان نزیكە لەو حیزبەو ئەوان دەتوانن بەبێ ڕەزامەندیی سەرۆك بیخەنە بەرنامەی كارەوە، هەروەها پارتی بە كورسیی پێكهاتەكانەوە زۆرینەی پەرلەمانیی هەیە، ئەوەش بەسە بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتاران، هەربۆیە هەڵوێست‌و ناڕازی بوونەكەی ڕێواز فایەق ناتوانێت ببێتە بەربەستێكی كۆنكرێتیی لەبەردەم هەنگاوەكانی وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتاران.

هەرلە چوارچێوەی ناڕەزایی‌و فشارەكاندا، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی نامەیەكی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردووەو تێیدا دەڵێت "بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر كاكە سۆران واز لێبهێنن. چونكە دڵنیام، ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە".

مەلا بەختیار دەشڵێت "بەڕێزتان، دوا هەوڵی خۆتان بخەنەكار، كێشەی موچەو بودجە چارەسەر بكرێ‌.. شەفافیەت زیاتر بكرێ‌.. دژایەتی گەندەڵی بكرێ‌، لە زاخۆوە بۆ خانەقین.. دزینی نەوتی قاچاخ ڕابگرن.. ئەم هەنگاوانە، باشترین وەڵامی هەر ڕەخنە یان تۆمەتێكە بۆ جەنابت، یان كابینەكەتان هەڵببەسترێ"‌.

زۆرینەی ڕەخنەگران وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی بە فشار بۆسەر دەنگی ئازادو ئەو پەرلەمانتارانە لە قەڵەم دەدەن كە ڕەخنەگری دەسەڵاتن‌و باسلە گەندەڵیی دەكەن، لە بەرامبەرادا هەندێك كەسی دیكەش هەن بەتایبەت پارتییەكان‌و ئەوانەی نزیكن لەو حیزبە، باسلەوە دەكەن پێویستە پەرلەمانتاران بەرپرسیارانە قسە بكەن‌و زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە بەرپرس بن لە هەر قسەیەك‌و توانای سەلماندنی ئەو تۆمەتانەیان هەبێت كە ئاڕاستەی كەس‌و لایەنێكی دەكەن.

"ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەكانی پێشوو كاراتر بێت لە بینینی ئەرك و مومارەسەی دەسەڵاتەكانی، بەڵام بەداخەوە بە تەواوی خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێكی سیاسیی دیاریكراو و بۆتە پاشكۆی سیاسەت و ئەجێندای حكومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریكردن و لێپرسینەوە خراون، خەریكە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بكات و ڕەخنە بگرێت!"فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی وادەڵێت.

كۆمەڵ داوا لە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكات ڕێگەنەدەن ئەم هەوڵە سەربگرێت، "دواجار پەرلەمانی كوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەكاتە دەزگایەكی بندەستی حكومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەكانی!".