مەلای مزگەوتی گەورەی موسڵ ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەلافەت دەگێڕێتەوە

27-06-2017 05:10
موسڵ، 19-6-2017، شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

كاتێك پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی چەندجارێك‌و یەك لە دوای یەك تەلەفونیان بۆ شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ دەكرد، ناوبراو لە حەمامی ماڵەكەی خۆیدا خۆی دەشۆرد، بۆیە نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ئەو ڕۆژە سەرەتای "وێرانكاریی" بوو لە موسڵ.

 

كاتژمێر 11ەو نیوی پێشنیوەڕۆی 5-7-2014، شێخ حمود عومەر، وتاری هەینی ئامادەكردو بۆ مزگەوتی گەورەی نوری‌و منارەی حەدبا بەڕێكەوت. هەینییەكی ئاسایی نەبوو، زۆرێك لە شەقامەكان بەهێزی چەكداری داعش تەنرابوون‌و لە دەوروبەری مزگەوتەكە بڵاویان پێكرابوو.

 

"كاتێك نزیكبوومەوە بینیم قوفڵی دەرگای سەرەكی مزگەوت‌و تەواوی ژوورەكانی شكێنرابوو، ئەو ئایەتانەی لە حەرەمی مزگەوتەكە هەڵواسرابوون دڕێندرابوون‌و لێكرابوونەوە"، شێخ حمود وتی"ڕومكردە یەكێك لە پاسەوانەكان‌و وتم بۆ ئەو ئایەتانە لێكراونەتەوە وتی ئەوە بە پیتی زەخرەفە نووسراون‌و لە دینی ئیسلامدا ڕێپێدراو نییە."

 

شێخ حمود ئەوكات بێدەنگدەبێت‌و تێدەگات كە ئەو تەلەفونانەی بۆی كرابوون پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی بوون. چەكدارێكی داعش لەناو مزگەوت ڕوودەكاتە شێخ حمودو پێیدەڵێت "خۆمان وتاری هەینی دەخوێنین."

 

داعش لە ترۆپكی بەهێزیدابوو، 25 ڕۆژ بوو دەسەڵاتی لە موسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10-6-2014وە لە ماوەی تەنیا شەو و ڕۆژێكدا بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق (موسڵ)ی كۆنتڕۆڵكرد.

 

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ كۆنترین‌و گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو ڕۆژە تا دەهات قەرەباڵغتردەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابوون، هەروەها بەردەم حەرەمی مزگەوتەكە ئەو كەسانە نەبوون كە هەینییەكانی تر لە پشتی شێخ حمودەوە نوێژیان دەكرد.

 

شێخ حمود كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتار دەدات‌و پێشنوێژی دەكات، وتی "ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەرئاو ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشت‌و وتیان كەس بۆی نییە وێنەبگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبوون."

 

شێخ ئیبراهیم عەواد (ئەبوبەكر بەغدادی) دەركەوت

 

دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێ‌و وتی: ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری ڕۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێت.

 

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) دەچێتە مینبەری مزگەوتەكەو وتارێكی 15 خولەكیدا.

 

 

شێخ ئیبراهیم عەواد ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) ساتی ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلام لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ.

 

جگە لە باسكردنی مانگی ڕەمەزان كە چەند ڕۆژێكی كەمی مابوو و بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كردو دواتر داوای"جیهادی كرد لە پێناو خوادا"، هەرلەوێ خەلافەتەكەی ڕاگەیاند.

 

شێخ حمود لە مزگەوتەكە دەمێنێتەوەو وەكو هەر نوێژخوێنێك گوێ بۆ وتارەكەی بەغدادی دەگرێت، وتی "بەغدادیم نەدەناسی‌و ناوبانگیم نەبیستبوو، لەگەڵ تەواوبوونی وتارەكەیی‌و هاتنەخوارەوەی زۆرێك لە ئامادەبووان ڕۆیشتنە نزیكییەوەو تەوقەیان لە گەڵی كردو ماچیان دەكرد"، زیاتر وتی"ئەو (بەغدادی) دوای نوێژی بە كۆمەڵ دەستبەجێ مزگەوتەكەی جێهێشت."

 

ئەو دەڵێت، ئەوكات سەرەتای دەسەڵاتی ڕێكخراوی داعش بوو، خەڵكی زۆر پشتیوانی لێدەكردن، "مزگەوتەكە بەڕادەیەك قەرەباڵغ بوو، بەنیو كاتژمێر ئینجا ڕێگەی چوونەدەرەوەت هەبوو."

 

 

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ بەر لە تەقاندنەوەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.

 

دیوانی مزگەوتەكانی داعش بۆ ڕۆژی دواتر، شێخ حمود ئاگاداردەكەنەوە، كە نابێت چیتر لە مزگەوتی گەورەی نوری وتاربدات‌و پێشنوێژی بكات، "وتیان خۆمان كەسێكی دیكە دەستنیشاندەكەین، ئەگەر هەر سكاڵایەكت هەیە لە سەر بڕیارەكەی ئێمە ئەوە دەتوانی لە (دیوانی زوڵملێكراوان) سكاڵا بكەیت"، شێخ حەمود لە ماڵەوە دادەنیشێت‌و چیتر ناچێتەوە ئەو مزگەوتە.

 

وتارەكەی بەغدادیی‌و ڕاگەیاندنی خەلافەت كاریگەری ناوخۆیی‌و دەرەكی گەورەی بەدواداهات. لە یەكەم كاردانەوەیدا وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا لەڕێگەی جێن ساكی، وتەبێژی ئەوكاتی وەزارەتەكەوە ڕایگەیاند"ستراتیژی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بە خەلافەتێك لە ناوچەكە ڕوونە، لەبەرئەوە ئێستا كاتێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست لەدەستی یەكتربنێن‌و پێش بە دەوڵەتی ئیسلامی بگرن‌و نەهێڵن پەرەبسێنێت."

 

مەترسییەكانی ئەمریكا‌و عێراق‌و ناوچەكە لەجێی خۆیدابوو، بە چەند مانگێكی كەم داعش گەیشتە چوار پارێزگای تری عێراق (كەركوك، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە)، هەروەها بووە مەترسی لەسەر بەغدای پایتەختی عێراق‌و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

 

بەوهۆیەوە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو رشێكخراوە بە سەرپەرشتی ئەمریكا ڕاگەیەنرا‌و تائێستاش لە عێراق‌و سوریا پشتیوانی‌و هاوكاریی هێزە شەڕكەرەكانی دژ بەو ڕێكخراوە دەكەن.

 

موسڵ، 21-6-2017، شوێنەواری منارەی حەدبا‌و مزگەوتی نوری دوای تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە. فۆتۆ: هێزی دژەتیرۆر.

 

"لەسەرەتادا زۆربەی خەڵكی موسڵ قسەكانی چەكدارانی داعشیان بە دڵ بوو، بەڵام كردەوەكانیان بەدڵ نەبوو كە جیاوازی زۆر لە نێوان قسەو كردارەكانیاندا هەبوو… چونكە بەبیانووی بوونی پەیوەندی بە سوپاو هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە، ماڵی خەڵكیان دەسوتان‌و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبردن، بۆیە كۆچكردن دەستیپێكرد"، شێخ حمود كە مانەوەی لە موسڵ هەڵبژارد وای وت.

 

ئەو ئێستا لە بەری چەپی موسڵ دادەنیشێت‌و لە 19-6 كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) دەكرد، چاوەڕوانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری‌و منارەی حەدبا بوو، بەڵام خەونەكەی بەتەواوی نەهاتەدی، داعش لە 21-6 مزگەوت‌و منارەكەی تەقاندەوە.