ئەمەریكا دژایەتی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاندو داوادەكات كورد بەدیلەكە قبوڵ بكات

21-09-2017 02:58
كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دژایەتی توندی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنێت‌و هانی كورد دەدات ئەو بەدیلە قبوڵ بكەن كە وڵاتانی زلهێز پێشكەیان كردووە، دەشڵێت، كوردەكان پێویستە شانازی بەوەوە بكەن كە تاوەكو ئێستا ڕیفراندۆم بەدەستی هێناوە.

 

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی ڕوونی وڵاتەكەی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم خستەڕوو كە بڕیارە 4 ڕۆژی دیكە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقە بۆ سەربەخۆیی كە بڕیارە لە 25 ئەیلول ئەنجام بدرێت. بەهەمان شێوە هەموو دراوسێكانی عێراق هەروەها نزیكەی هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دژی ئەو ڕیفراندۆمەن. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هانی سەركردە كوردە عێراقیەكان دەدات بۆئەوەی بەدیلەكە قبوڵ بكەن، كە بریتیە لە دایەلۆگێكی جددی‌و بەردەوام لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوشانەكانی ترەوە پشتیوانی دەكرێت، لەسەر هەموو بابەتەكانی جێگەی نیگەرانی بە پەیوەندی داهاتووی نێوان بەغداد و هەولێریشەوە" هێزەر ناوێرت وادەڵێت.

 

ئەوەشدەخاتەڕوو، لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، پێناچێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدرێت، "هەروەها ئەو پێشنیارە نێودەوڵەتیەی سەرەوە بۆ پشتیوانیكردن لەدایەلۆگیش نامێنێت."

 

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشداریی ئەوەشدەدات كە نرخەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەموو عێراقیەكان بەكوردیشەوە بەرزدەبێت، باسلەوەشدەكات ڕیفراندۆم لەناوچە كێشە لەسەرەكان ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوەو گرژی زیاد دەكات كە داعش‌و گروپە توندڕەوەكانی تر لەم كاتەدا بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیقۆزنەوە.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پێیوایە، خودی ڕیفراندۆم چیتر پێویست نییە لەكاتێكدا كە ڕێگای جێگرەوە لەلایەن ئەمەریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ئامادەو پشتیوانی كراوە، دەشڵێت"كوردەكان پێویستە شانازی بەوەوە بكەن كە تاوەكو ئێستا ڕیفراندۆم بەدەستی هێناوە."

 

هێزەر ناوێرت ئەوەشدەخاتەڕوو، ڕیفراندۆم ڕەنگە پەیوەندییە بازرگانیەكانی هەرێمی كوردستان‌و هەموو جۆرەكانی كۆمەكی نێودەوڵەتیش بخاتە بەرمەترسیی.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

داواكارییەكەی ئەمەریكا بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە كورد سوورە لەسەر بڕیارەكەی‌و دوێنێش مەسعود بارزانی لە سلێمانی تەئكیدی لەوە كردەوە تائێستا بەدیلی ڕیفراندۆم نەدراوەتە كوردو پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت بە خۆشی ماڵئاوایی لەبەغدا بكەن‌و دراوسێی یەك بن، ڕووەو خەڵكی سلێمانیش وتی: دڵنیام پێشەنگ دەبن كە 25ی مانگ بڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.

 

هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆببێتەوەو دوا پێشهاتەكان‌و هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و داواكارییەكان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم تاوتوێ بكات.

 

دەقی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر كردوویەتی بە كوردی

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا
نوسینگەی وتەبێژ
بۆ بڵاوكردنەوەی دەستبەجێ
بەیاننامەی وتەبێژ هێزەر ناوێرت
20-09-2017

ڕیفراندۆمی بەرنامە بۆدانراوی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقە بۆ سەربەخۆیی كە بڕیارە لە 25ی ئەیلول ئەنجام بدرێت. بەهەمان شێوە هەموو دراوسێكانی عێراق هەروەها نزیكەی هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دژی ئەو ڕیفراندۆمەن. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هانی سەركردە كوردە عێراقیەكان دەدات بۆئەوەی بەدیلەكە قبوڵ بكەن، كە بریتیە لە دایەلۆگێكی جددی و بەردەوام لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوشانەكانی ترەوە پشتیوانی دەكرێت، لەسەر هەموو بابەتەكانی جێگەی نیگەرانی بە پەیوەندی داهاتووی نێوان بەغداد و هەولێریشەوە.

 

ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجامدرا، پێناچێت دایەلۆگ لەگەڵ بەغداد دا ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەو پێشنیارە نێودەوڵەتیەی سەرەوە بۆ پشتیوانیكردن لە دایەلۆگیش نامێنێت.

 

نرخەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەموو عێراقیەكان بەكوردیشەوە بەرزدەبێت. ڕیفراندۆم ئێستاش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر هەماهەنگی بەزاندنی داعش بۆ وەدەرنانی داعش لەوناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی ماون لەعێراق. بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەت ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوەو گرژی زیاد دەكات كە داعش و گرووپە توندڕەوەكانی تر لەم كاتەیا بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیقۆزنەوە. باری ناوچە كێشە لەسەرەكان و سنوورەكانیان پێویستە لەڕێی دایەلۆگ و بەپێی دەستوری عێراقی چارەسەر بكرێن، نەوەك لەڕێی كاری یەك لایەنە یاخود هێزەوە.

 

لەكۆتاییدا، ڕیفراندۆم لەوانەیە پەیوەندیە بازرگانیەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و هەموو جۆرەكانی كۆمەكی نێودەوڵەتیش بخاتە بەرمەترسیەوە, هەرچەندە هیچ یەكیك لە هاوشانەكانی عێراق هیوا ناخوازن ئەمە ڕووبدات. ئەمە بەسادەیی واقیعی ئەو بارودۆخە زۆر جدیەیە. بەپێچەوانەشەوە، گفتۆگۆی ڕاشكاو، بەدیلەكە كە هانی سەركردەكانی كورد دەدەین قبوڵی بكەن، هیوای ئەوەی پێیە كە چارەسەری زۆر لە نیگەرانیە ڕەواكانی كوردی عێراق بكات‌و وەرزێكی نوێی پەیوەندی نوێ و بنیاتنەرانە لەنێوان هەولێرو بەغداد دا دروست بكات كەسودی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت.

 

كوردەكان پێویستە شانازی بەوەوە بكەن كە تاوەكو ئێستا ڕیفراندۆم بەدەستی هێناوە، لەوانەش یەكگرتوویی زیاتری كوردو چالاك كردنەوەی پەرلەمان بۆیەكەمجار لەماوەی نزیكەی دوو ساڵداو خستنی بابەتە گرنگەكان بۆ سەر سەكۆی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هاوشان و دۆستان كە ئامادەن بۆ بنیاتنان لەسەر ئەو ڕۆحی هەماهەنگیەی كە لە نێوان هێزە ئەمنیەكانی عێراق و پێشمەرگە لە هەڵمەتی دژ بەداعش بەرجەستەكرا بۆ یارمەتیدانی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان. بەداخەوە، ڕیفراندۆم لەهەفتەی داهاتوودا هەموو ئەو ورەبەخشینەو زیاتریش دەخاتە بەردەم مەترسیەوە.

 

خودی ڕیفراندۆم چیتر پێویست نیە لەكاتێكدا كە ڕێگای جێگرەوە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ئامادەو پشتیوانی كراوە.