قاسم سلێمانی تەواوی هەڕەشەكانی دژی كوردستان جێبەجێ كرد

23-10-2017 04:43
قاسم سلێمانی بە تەنیشت عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاوەستاوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

قاسم سلێمانی ئەو هەڕەشانەی جێبەجێكرد كە بەرلە ڕیفراندۆم ئاڕاستەی بەرپرسانی كوردی كردبوو لە ئەگەری پاشگەز نەبوونەوە لەو پڕۆسەیە، لەوانەش؛ داخستنی سنور، بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و لەدەستدانی دەستكەوتەكانی كورد، بەرلە جێبەجێكردنیان پەرەگراف سەرجەم ئەو هەنگاوانەی ئاشكراكردبوو.

 

ئێستا فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی دووەمی وڵاتەكەیدایە لە هەرێم، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەسەڵاتداری سەرەكییە لە كوردستان، هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو هەنگاوانەی ئێران‌و وەستاندنی هەر هەوڵێكی دیكەی ئەو وڵاتە.

 

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم ئێران چەندین مانۆڕی سیاسی لە هەرێم بەڕێوەبرد بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد بەگشتی‌و یەكێتی بەتایبەت لە ڕیفراندۆم، بەڵام تەواوی هەوڵەكانی شكستیان هێنا، هەربۆیە ئەو وڵاتە بەتەواوی پشتیكردە هەرێم‌و وەك بەرپرسانی كورد دەڵێن، بە سەرپەرشتی ئێرانییەكان هێزەكانی عێراق هێرشیان بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان ئەنجامداوە.

 

دوو هەفتە بەرلەوەی ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت پەرەگراف ئاشكرایكرد، قاسم سلێمانی كە بەرپرسی مەلەفی عێراقە لە وڵاتەكەی، لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكان كۆبووەتەوەو زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێنابوو بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتبوی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

دوای ئەوەی كورد نەچووە ژێرباری فشارو هەڕەشەكان، تاران بە ئاشكرا تووندترین كاردانەوەی هەبوو دژی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول كە زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لە عێراق، وەك یەكەم هەنگاوی كردارییش ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست، دوای ڕیفراندۆمیش هەنگاوی دووەمی داخستنی دەروازە سنورییەكان بوو.

 

لەدوای پشتكردنە هەرێم لەلایەن ئێرانەوە‌، حەیدەر عەبادی هەڵوێستەكانی تووندتر كردەوەو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لە دژی هەرێم دەركرد، ناوەڕاستی ئەم مانگەش ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵكرد هێزی چەكدار بنێرێتە كەركوك‌و بیرە نەوتەكانی ئەو پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی.

 

هەربۆیە هێزە چەكدارەكانی عێراق بەتایبەت حەشدی شەعبی كە زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی وەفایان بۆ ئێران هەیەو شوێنكەوتووی سیاسەتی ئێرانن، پێشڕەوییەكانیان دەستپێكردو توانییان تەواوی پارێزگای كەركوك‌و دواتریش ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەوەش دوای كشانەوەی پێشمەرگە.

 

ئێران بە جێبەجێكردنی ئەو هەڕەشەیەی كە وتبووی حەشدی شەعبی بەكاردەهێنم، پێگەی كوردی لاوازكردو تەواوی ئەو ناوچانەی لەدەست دەرهێنا كە لەدوای شەڕی داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون، هاوكات كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دروستكرد.

 

بەرلەوەی هێرشی هێزە عێراقییەكان دەستپێبكات، لە 13ی ئەم مانگەدا پەرەگراف ئاشكرایكرد "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا عەبادی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتییەوە كردووەو پێی وتوون نامانەوێت شەڕ ڕووبدات، هێزەكانمان دەنێرینە كەركوك‌و یاسا جێبەجێ دەكەین، ڕوبەڕومان مەبنەوە، چونكە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو ڕووبدات وەك تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكەین" پەرەگراف ئەوەشی بڵاوكردەوە كە هەرئەوكات عەبادی وتبووی "تا 10 ڕۆژی ئایندە دێینە كەركوك" ئەوەبوو 16ی مانگ كەركوكیان كۆنتڕۆڵكرد.

 

ئێران تەواوی هەڕەشەكانی پێشووی دژی هەرێم جێبەجێ كرد، پارتی‌و بەشێكی یەكێتی بەشەكەی دیكە ئەو حزبە(ماڵی مام جەلال) تۆمەتباردەكەن بە دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ئێرانییەكان، ئێستا بەوتەی سەرچاوەیەكی پەرەگراف كە ئاگاداری وردەكاریی ڕووداوەكان‌و هەنگاوەكانی ئێرانە، مانۆڕی دووەمی ئێران كاركردنە بۆ دورخستنەوەی پارتی‌و بەشێكی یەكێتی(باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ) لە لوتكەی دەسەڵات‌و حكومڕانی‌و لاوازكردنی هەژمونیان.

 

بۆئەومەبەستە ئێران هانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەدات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی كاتیی و دیاریكردنی شاندێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بۆئەوەش گرەنتی سەرخستنیانی داوە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە.

 

"ئێران لە دوو ڕێگەوە پارتی‌و بەتایبەت ماڵی مەسعود بارزانی‌و ناوچەكانی ژێردەسەڵاتیان ناچاردەكات لەگەڵ حكومەتی كاتییدابن‌و ڕۆڵیشیان لاوازبێت، ڕێگەی یەكەم گەمارۆدانی تەواوی ئابوریی‌و وشككردنی سەرچاوەی داهاتە، ڕێگەی دووەم بەكارهێنانی هێزە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

 

ئێران لەكاتێكدا داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتیی لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكات، ئەو لایەنانە بۆخۆشیان هەمان داواكارییان هەیە‌و لەناو خۆیاندا لە گفتوگۆی چڕوپڕدان تاوەكو هەنگاوی كرداریی بۆبنێن، بەڵام پارتی‌و بەرپرسانی باڵای یەكێتی ئەوە ڕەتدەكەنەوە، ئەگەرچی كوڕەزاكانی تاڵەبانی كە دەسەڵاتداری دیاری ناو حزبەكەن پشتیوانی حكومەتی كاتیی دەكەن.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لەدوای ڕووداوەكانی كەركوك بە فەرمی داوای پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی ڕاگوزەریان كردووەو بە چارەسەرێكی پێویستیان داناوە بۆئەم دۆخەی ئێستای هەرێم.

 

هەبوونی ڕۆڵی سەرەكی ئێران لە هاوكێشەكەداو هەژموونی ئەو وڵاتە بەسەر عێراق‌و كاركردن بۆ گواستنەوەی هەمان هەژموون بۆسەر هەرێم، نەیارانی ئێرانی هێناوەتە دەنگ، لەو چوارچێوەیەدا ئیسرائیل بەتووندی دژەو هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە مەبەستی ڕێگریی لە پێشڕەوییەكانی هێزە عێراقییەكان كە لەژێر هەژموونی ئێراندان، هەریەكە لە ئەمەریكاو ڕوسیاو فەڕەنساش تەئكید لە پاراستنی مافەكانی كورد دەكەنەوە.

 

هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆسەر كوردستان‌و كاریگەریی ئێران لە هاوكێشەكاندا، لە ئەگەری زیادبوونی توندوتیژییەكان كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بەرەو ئەوەدەبات ڕەهەندێكی نێودەوڵەتیی وەربگرێت‌و وڵاتانی دیكە بەتایبەت دژانی ئێران دەستێوەردان بكەن، ئەوەش ڕەنگە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی كوردیی بشكێتەوە.

 

هەربۆیە لەبەرژەوەندی عەبادی‌و ئێرانە لەوەزیاتر هەنگاو نەنێن‌و دۆخەكە هێوربكەنەوە، هاوكات نابێت ڕۆڵی توركیا نادیدەبگیرێت، هەر هەنگاونانێكی دیكە دژی پارتی، بە كردار توركیا دەهێنێتە ناو هاوكێشەكە لەبەرئەوەی لاوازبوونی زۆری پارتی لەبەرژەوەندی ئەنقەرە نییە، با ئەو وڵاتە دژی ڕیفراندۆمیش بووبێت.

 

ئەوەی تائێستا بە ڕوونی هەستی پێدەكرێت ئەوەیە، ئێران هەڕەشەكانی دژی كوردستان لەسەر زەمین جێبەجێكرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئێران دەتوانێت ئەو هەنگاوانەی ناویەتی‌و هاوكێشەكانی پێ دەستكاریی كردووە وەك خۆی بیانهێڵێتەوەو ئەوەی ڕوویداوە بیپارێزێت؟ دواتر ئایا ئەو وڵاتە لە هەنگاوی داهاتوویدا سەركەوتوو دەبێت كە لاوازكردنی هەژموونی پارتی‌و بەشێكی یەكێتی-یە لە دەسەڵاتی هەرێمدا؟ یاخود جوڵەی سیاسیی پارتی‌و دەستتێوەردانی وڵاتانی دیكە هاوكێشەكانی ئێران تێكدەدەن؟.