خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە كۆنابێتەوە

04-12-2017 08:04
ڕێكخەری گشتی‌و چوار ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا/ 25-7-2017. وێنە؛ جوانڕۆ محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە زیاتر لە مانگێكە هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووەو بۆ پرسە گرنگەكان‌و بڕیاردان لەبارەیانەوە ئەندامانی خانەكە ڕاستەوخۆ یەكتر نابینن‌ بۆ بیروڕا گۆڕینەوەو بڕیاردان.

 

كۆنەبوونەوەی ئەو دامەزراوە باڵایەی گۆڕان بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە لە كاتێكدایە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان چەندین ڕووداوی گرنگ ڕوویانداوە.

 

خانەی ڕاپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەو لە ڕێكخەری گشتی‌و 6 ئەندام پێكدێن، ناكۆكیی ئەندامەكانی كاریگەری كردووەتەسەر كێشەكانی دیكەی ناو بزوتنەوەكەو هەڵوێست‌و بڕیارەكانی.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی ناكۆكییەكان بۆ پەرەگراف دەڵێت"هەندێك لە ئەندامانی خانەكە نێوانیان تەواونییەو قسەیان نییە بەیەكەوە ئەوەش وایكردووە كۆبوونەوە نەكەن‌و ڕاستەوخۆ سەرجەمیان لە شوێنێكدا یەكتر نەبینن‌و زیاتر لە مانگێكە كۆنەبوونەتەوە."

 

ناكۆكییەكان بەجۆرێكن بەرپرسانی باڵای گۆڕان لە زۆربەی پرسەكاندا دەبن بە دوو بەشەوەو ڕاوبۆچونیان تەواو پێچەوانەی یەكترەو خاڵێكی هاوبەش نادۆزنەوە بەیەكیان بگەیەنێت، وەك سەرچاوەكە دەڵێت"ئەوەش وایكردووە بڕیارو هەڵوێستەكانیان بەهێز نەبێت‌و لە دامەزراوەكانی دیكەی گۆڕاندا پاڵپشتیی تەواویان نەبێت."

 

سیاسەت‌و هەڵوێستەكانی گۆڕان دەربارەی كێشەكانی هەرێم، پەیوەندیی بزووتنەوەكە‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم‌و مانەوەیان لەناو حكومەت‌و نزیكبوونەوەیان لە قەوارەكەی بەرهەم ساڵح، ئەو پرسانەن كە بەرپرسانی باڵای گۆڕان لە ئاستیاندا بوون بە دوو بەشەوەو تێڕوانینی پێچەوانەیان هەیە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا.

 

سەرچاوەیەكی دیكەی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كێشەكانە، باسلەوەدەكات كێشەكانی خانەكە نوێ نین، بەڵام لە دواین كۆبوونەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بەتەواوی زەق بوونەوە.

 

دوای چەند مانگێك ساردیی لە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، 22ی مانگی ڕابردوو سەركردایەتی هاوبەشی ئەو دوو حزبە كۆبووەوە، ئەوەش ناڕەزایی لەناوخۆی گۆڕان دروستكردو ناڕازییەكان پێیانوایە، یەكێتی دەیەوێت گۆڕان بەكاربهێنێت‌و "كەسابەت"ی پێوەبكات، لەكاتێكدا لەدوای ڕێككەوتنی سیاسی ئەو دوو حزبە لە 17-5-2016وە یەكێتی لەچەندین وێستگەی گرنگدا گۆڕانی بەجێهێشتووەو بە پێچەوانەوە هەڵوێستی وەرگرتووە.

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی لەژێر ناوی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش لەخانەی ڕاپەڕاندن خراوەتە دەنگدانەوەو هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمود‌و شۆڕش حاجی دژی كۆبوونەوەكە دەنگیانداوە.

 

سەرچاوە باڵاكە دەڵێت"تەنانەت بۆ گفتوگۆكردن‌و خستنە دەنگدانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن كۆنەبوونەوەو ڕاستەوخۆ یەكترییان نەبینیوە، بە میكانیزمێكی دیكە ڕاو دەنگیان وەرگیراوە لەسەر ئەو پرسە."

 

ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، باسیلەوەشكرد تەواوی بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانییان هەیە، بەڵام پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاریی ڕووبدات، وتی"تەنانەت كاك عومەری سەید عەلی كە ڕێكخەری گشتییە لە هەمووان ناڕازیترەو گلەیی هەیە، هەموو دامەزراوەكان كێشەكانی خۆیان دەزانن، بەڵام دەڵێن ئێمە كێشەمان هەیە فڵان دامەزراوەی دیكەش كێشەی هەیە، بەوەش گۆڕانكاریی ڕوونادات‌و كێشەكان كەڵەكە دەبن."

 

بەرپرسانی باڵای گۆڕان خۆیان بەدوور دەگرن لە باسكردنی كێشە ناوخۆییەكانیان بەناوی خۆیانەوە، بەڵام ڕۆژی كۆبوونەوەكەی گۆڕان‌و یەكێتی، قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری گۆڕان نامەیەكی تووندی ڕەخنە ئامێزی ئاڕاستەی بەرپرسانی بزووتنەوەكەی كردو هەڵسوڕاوانی گۆڕان نامەكەیان ئاشكراكردو بڵاوكرایەوە.

 

قادری حاجی عەلی لە نامەكەیدا ڕەخنەی تووند لە بەرپرسانی گۆڕان دەگرێت بەهۆی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی لەژێرناوی سەركردایەتی هاوبەش‌و ئەو كۆبوونەوەیە بە "گەورەترین سوكایەتی كردن بە هەموو هەڵسوڕاوان‌و دەنگدەرانی گۆڕان" ناودەبات.

 

هەرچەندە قادری حاجی عەلی ئەندام نییە لە دامەزراوە باڵاكانی گۆڕان، بەڵام كەسایەتییەكی دیارەو كاریگەریی هەیە بەسەر بەشێك لە بەرپرسانی باڵای ئەو بزوتنەوەیەوە، هاوكات لە ڕێكخستنەوەی گۆڕاندا لە مانگی 7ی ئەمساڵ یەكێك بوو لە كاندیدانی پۆستی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو بە ئاڕاستەیەكی جیاوازەوە لە ململانێدا بوو لەگەڵ عومەری سەید عەلی، دواتر بەخواستی خۆی كشایەوە.

 

ئەو كەسایەتییەی گۆڕان لە نامەكەیدا هەروەها ڕەخنەی لە كۆبوونەوەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی گرتووەو بەبێ بەرنامەو بێ ئەنجام ناوی بردوون‌و دەڵێت"پارتی زیرەكانە راتاندەكێشێ بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزاییەكان‌و روو سپی كردنەوەی خۆیان، ئێوەش بێباكن لە هەڵسوڕاو و دەنگدەرەكانتان كەلەراستیدا ئەمە بۆتە مایەی نیگەرانی گشتی."

 

چەند بەرپرسێكی گۆڕان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵ كردوون بەهەمانشێوە باسلە بوونی كێشەو ناكۆكی لەناو بزوتنەوەكەیان دەكەن كە بە ئاسایی دانانێن، بەڵام سەرجەمیان پێشبینی گۆڕانكاریی ناوخۆیی ناكەن، یەكێك لەو بەرپرسانە دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەكەی وەك دۆخی هەرێمی كوردستان ناوبرد كە "هەمووی ناڕازییەو هیچیش ناگۆڕێت."

 

ئەو بەرپرسە ئەوەی بەبیر هێنایەوە كە هەرلە سەرەتاوە دروستكردنی خانەكەو هەڵبژاردنی ئەندامەكانی بە ڕێگایەكی "تەندروست‌و دیموكراسی نەبووە" كێشەكانی ئێستای بە درێژكراوەی كێشەكانی پێشوو ناوبرد، وتیشی"كەم تا زۆر، كێشە زۆربەی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەی گرتووەتەوە كە پێویستیان بە چارەسەرە، بەڵام ئەو دامەزراوەیەی دەبێت كێشەكان چارەسەر بكات بەهۆی كێشەی خۆیەوە توانای بڕیاردانی لاوازبووە."

 

7-25ی ئەمساڵ خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرا، ئەوەش یەكەم هەنگاوی خۆ نوێ كردنەوەی بزووتنەوەكە بوو لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا.

 

پەرەگراف ئەوكات زانیاریی وردی لە بارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە ئاشكراكردو ئەوەی بڵاوكردەوە كە هەڵبژاردنەكە بە ڕێككەوتنی پێشوەخت یەكلایی كرایەوەو فشارو دەستێوەردان هەبووە بۆ دەرچواندن‌و كشانەوەی كاندیدەكان، ئەوەش نیگەرانیی لەناو گۆڕاندا دروستكرد.

 

نیگەرانییەكان دوای ئەوەبوون ئاڕاستەی قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود لەگەڵ ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی(محەمەد تۆفیق ڕەحیم پاڵپشتیەتی) ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبوو، لە كێبڕكێدا بوون تا زۆرترین ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بۆخۆیان مسۆگەر بكەن، بەڵام لە ساتەكانی كۆتاییدا بەڕێككەوتن ئەندامانی خانەكەیان دیاریكردو لەژێر "فشار"دا كاندیدە گەنجەكان ناچار بە كشانەوە كران.

 

ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان‌و ڕێژەی دەنگەكانیان دوای هەڵبژاردنیان لە جڤاتی نیشتمانی(25-7-2017):

 

عومەر سەید عەلی - ڕێكخەری گشتی، 38 دەنگ‌و 18 دەنگی سپی.

 

جەمال محەمەد - سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی، 39 دەنگ‌و 17 دەنگی سپی

 

عوسمان حاجی مەحمود - سكرتێری كاروباری باژێڕەكان، 45 دەنگ‌و 11 دەنگی سپی.

 

جەلال جەوهەر - سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، 37 دەنگ‌و 6 دەنگی سپی(ڕكابەرەكەی 13 دەنگ)

 

محەمەد تۆفێق ڕەحیم - سكرتێری كاروباری ژورەكان، 34 دەنگ‌و 22 دەنگی سپی.

 

شۆڕش حاجی - كاروباری خەڵك، 34 دەنگ (دەنگەكانی دیكە ڕكابەرەكانی هێناویانە).

 

ڕەئوف عوسمان - سكرتێری كاروباری جڤاتی گشتی(22-5-2017 لە جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا).