مستەفا هیجری بۆ پەرەگراف: مەترسی شەڕی ناوخۆ هەیەو دەبێت لەگەڵ حزبەكانی دیكە بگەینە خاڵی هاوبەش
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وەك حزبەكانی دیكە هەست بە بوونی مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ دەكات لە ناو حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، هەربۆیە لێپرسراوی گشتی ئەو حزبە بە ئەركی خۆیانی دەزانێت كاربۆ كۆكردنەوەی سەرجەم حزبەكان بكەن لە ژێر چەترێكداو مەترسییەكانی فرەهێزیی بڕەوێننەوەو لەگەڵ هەموو حزبەكان كاری بۆ بكەن.
مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حدكا، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف باسلە پەیوەندیی نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتو ئاڵوگۆڕ لە ئێرانو سیاسەتی ئەمەریكا دەكات.
لەبارەی مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لەنێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتدا، مستەفا هیجری دەڵێت"ئەو مەترسییە هەیە، ڕەنگە زۆر بەهێز نەبێت، بەڵام ناتوانین حاشای لێبكەین. بەتایبەت ئێمە ئەزموونی ئەوەمان هەیە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دوای ئەوەی ڕژێمی شا ڕوخا، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش ئەوەمان بینیوە. بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانە، لانیكەم ئەوانەی هێز چەكداریان هەیە بتوانین بە هەندێك خاڵی هاوبەش بگەین."
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەر حزبێك هێزی چەكداری هەبێت سەربەخۆیەتیو لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا 5 حزب ناوەندێكی هاوبەشیان پێكهێناوەو كاری پێكەوەیی دەكەن بە ئامانجی یەكخستنی هێزەكانیان، حدكا یەكێك لەو حزبانەیە.
مستەفا هیجری ئەوەی خستەڕوو، ئەو پرسە بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران، پێیانوایە دەبێت لەگەڵ حزبەكانی دیكەی دەرەوەی ئەو ناوەندە كاربكەن بۆ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش.
لە دەرەوەی ئەو ناوەندە پژاكو پارتی ئازادی كوردستان(پاك) خاوەنی هێزی چەكداری سەربەخۆیانن، یەكنەخستنو كۆنەكردنەوەی سەرجەم ئەو هێزانە لەژێر چەترێكدا مەترسییە بۆسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
"بۆئەوەی لە ئاڵوگۆڕەكانی داهاتوودا كە ئێمە چاوەڕوانین لە ئێران بێتەپێش، خەڵكەكەمان دووچاری كێشە نەبێت، ئەو خاڵانەی كە دەتوانێت لە داهاتوودا لە كوردستانی ئێران كێشەمان بۆ سازبكات دەبێت لە ئێستاوە ڕێگاچارەیان بۆ بدۆزینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیكەش كە ماونەتەوە" مستەفا هیجری وای وت.
هەرچەندە ئەو حزبانەی ناوەندی هاوكارییو حزبەكانی دەرەوەی ئەو ناوەندە، هەمان ئامانجیان هەیە لە دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشو كۆكردنەوەی هێزەكانیان لەژێر چەترێكدا، بەڵام ئەوانو پژاك جیاوازو دوور لەیەكترنو هێشتا گفتوگۆ لە نێوانیاندا نییەو هەریەكەیان بەجیا خاوەنی پڕۆژەو بەرنامەن.
لە وەڵامی ئەوەی زەمینەی كۆكردنەوەی ئەو هێزە جیاوازانە هەیە لەژێر چەترێكدا؟ مستەفا هیجری وتی"جیاوازییان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەركی ئێمەیە دەبێت كاری بۆبكەین بۆئەوەی لانیكەم زۆربەی ئەوانە ئەگەر هەمووشیان نەكرێت، لەژێر چەترێكدا كۆبكرێنەوە."
لێپرسراوی گشتی حدكا باسیلەوەشكرد، ئەو 5 لایەنەی لە ناوەندی هاوكاریدان مەترسی فرەهێزییان هەستپێكردووەو لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو ناوەندەیان پێكهێناوە، وتی"بەڵام ئەوە بەس نییەو دەبێت لایەنەكانی دیكەش بخوێنینەوەو لەگەڵ ئەوانیش كار بكەین."
دەربارەی كاتی دەستپێكردنی گفتوگۆو كاری هاوبەش لەگەڵ ئەو لایەنانەی دیكە، مستەفا هیجری ئاماژەی بەوەكرد، ئەوكارە زووتر بكرێت باشترە بۆئەوەی ئەگەر ڕووداوێك ڕویدا ئامادەیی تەواویان هەبێت بەهەموو لایەكیانەوە، ناوەندی هاوكاریش لەسەر ئەو بۆچوونەیە.
هەروەها وتی"ئێستا كاتمان هەیە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكەین، بەڵام بە بۆچوونی من نابێت زۆریش پەلەی لێبكەین، بۆئەوەی هەموو لایەنەكانی فكریو كرداری هەركام لەو هێزانەی لە ناوەندی هاوكاریدا پێكەوە هاوكاری دەكەین هەموویمان لێكدابێتەوە، چونكە جاریواهەیە بوونی هێزێك لە ڕێككەوتنێكدا لەباتی ئەوەی یارمەتیدەربێت كێشە دروستكەرە، بۆیە دەبێت ئەوانە بەباشی لێكبدەینەوە، ئێمە ئێستا كاتی پێویستمان لەبەردەستدا ماوە بۆئەو لێكدانەوەو پەلە نەكردنە."
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پژاك بانگی لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد بۆ پێكهێنانی بەرەی هاوبەشو یەكگرتوویی لە بوارەكانی؛ سەربازی، دیبلۆماسیو میدیاییو ڕایگەیاند، گەلی كورد لە ئەگەری هاتنە ئارای هەرجۆرە شەڕێكی ناوخۆیی لە نێوان لایەنە كوردییەكان لە داهاتوودا نیگەرانە.
پەرەگراف پرسیاری ڕاگەیەندراوەكەی پژاكی لە مستەفا هیجری كرد كە چۆن لێی دەڕواننو ئایا بووەتە بابەتی گفتوگۆ؟.
لە وەڵامدا هیجری وتی"لانیكەم بۆئێمە زۆر جێگای تێڕامان نەبوو، چونكە جیهانبینیو بیروبۆچوونی پژاك كە لەژێر كاریگەری پەكەكەدایە لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی ئێمە جیاوازییەكی یەكجار زۆری هەیە، بەڵام ئەوەش لە داهاتوودا جێگای گفتوگۆیە ئەگەر بتوانین لەگەڵیان بگەین بە هەندێك خاڵی هاوبەش، هەرچەند ڕەنگە كارێكی ئاسان نەبێت، بەڵام دەبێت هەوڵی بۆ بدەین."
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك باسلە یەكخستنی هێزی چەكدار دەكەن، دەڵێن نایانەوێت ئەزموونی "شەڕی براكوژی" ساڵانی نەوەدەكانی باشوری كوردستان دووبارە بكەنەوە.
باشوری كوردستان لە دوای ڕاپەڕین لە بەهاری 1991و ڕزگاربوونی لە ڕژێمی بەعس، زنجیرەیەك شەڕی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك تەواوی ئەو حزبانەی هێزی چەكداریان هەبوو لە كاتە جیاوازەكانی ئەو دەیەیەدا كەوتنە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێك یان زیاتر لە لایەنێكی ناوخۆی هەرێم، خوێناویترینیان شەڕی نێوان پارتیو یەكێتی بوو.
هەوڵی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بۆ كاری پێكەوەیی هاوكاتە لەگەڵ فراوانكردنی كارو چالاكییەكانیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی خۆئامادەكردنیان بۆ ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئێران، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەپ بە تووندی ڕوبەڕوی ئێران وەستاوەتەوەو لە هەنگاوە سەرەتاییەكانیدا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوەو ئێستاش دۆخی ئابوری ئێرانی ڕوبەڕوی كێشەی سەخت كردووەتەوەو گەمارۆكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووەتەوە، سەرەتای مانگی 11 گەمارۆكان دەچنە قۆناغێكی تووندتر.
دەربارەی كاریگەرییو سوودی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا بۆ خەباتی حزبەكانی ڕۆژهەڵات، مستەفا هیجری دەڵێت"ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتووین كە ئێمەشو نەتەوەكانی دیكەش شتێكمان دەستدەكەوێت، بەو مانایە نییە ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە دەڕوخێو ئێمە دەچینەوەو دەبینە بەدیل، بەڵام بەو مانایە كە ئەمەریكا خەریكە ئێران لاواز دەكات لە هەموو بارێكەوە، ئەوەش خاڵێكی گرنگە بۆ ئێمە كە ئێران لاواز دەكرێت."
هیجری پێیوایە، هەرچەند ئێران لاوازببێت بۆ ئەوانو نەتەوەكانی دیكەو ئازادیخوازانی ئێران بەسوودە، "چونكە پێمانوایە مەیدانێكی باشترمان دەستدەكەوێت بۆ درێژەدانی خەباتو بەدەستهێنانی مافەكانمان لە داهاتووی ئێراندا."
لەگەڵ تووندبوونەوەی ململانێكانی ئەمەریكاو ئێران، ستیڤن فەیگن بەرپرسی نوسینگەی كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وەك كونسوڵی نوێی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو، مستەفا هیجری ئەوە بە "شتێكی سروشتییو چاوەڕوانكراو" ناودەبات كە ئەمەریكا شارەزایەكی ئێران بكاتە كونسوڵ لە هەرێم.
هیجری وتی"سروشتییە وڵاتێكی وەك ئەمەریكا لەو كاتەی گەمارۆكان دەخاتەوەسەر ئێران كەسێكی شارەزا لەسەر ئێران بنێرێتو وەك كونسوڵ دیاریبكات، ئەوە دروستەو چاوەڕوانییەكە هەموو كەس هەیەتی لە ئەمەریكا."
فازڵ هەورامی بەشداریی لە سازدانی ئەم چاوپێكەوتنەدا كردووە.