تۆڕێكی نێودەوڵەتی پشتیوانی دارایی پەرەگراف دەكات

26-11-2018 05:36

 

پەرەگراف

 

پەرەگراف بە خۆشحاڵییەوە خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە كە سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە تۆڕێكی نێودەوڵەتی هاریكاریی بەناوی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە.

 

لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییە داراییەدا كە بڕەكەی 24 هەزار دۆلارە بۆماوەی یەك ساڵ، پەرەگراف دەچێتە قۆناغێكی نوێ، لە سبەینێ(27-11-2018)وە بەشی ئینگلیزی دەكاتەوەو كارەكانی لە بەشی كوردی فراوانتر دەكات.

 

پشتیوانییەكە دوای بڕینی پڕۆسەیەكی دوورو درێژ گەیشتە ئەنجام، پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" سەرجەم ڕێكارەكانی گرتەبەرو بووە جێگای متمانەی ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییە كە هاریكارییەكانی گەیشتووەتە 100 وڵات لە سەرتاسەری دونیا.

 

دەربارەی ئۆپن سۆسایەتی

ئۆپن سۆسایەتی كە پێشتر ناوی پەیمانگای ئۆپن سۆسایەتی بووە، تۆڕێكی نێودەوڵەتی هاریكارییە، لەلایەن جۆرج سۆرۆس سەرمایەداری گەورەی ئەمەریكی(بە ڕەچەڵەك هەنگاریی) پاڵپشتی دەكرێت كە لە پارەی كەسیی خۆی زیاتر لە 32 ملیار دۆلاری بۆ ئەو تۆڕە تەرخان كردووە.

 

دامەزراوەكانی ئۆپن سۆسایەتی بەشێوەی دارایی پاڵپشتی گروپە سەربەخۆكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكەن لە سەرانسەری جیهان، بە ئامانجی پێشكەوتن لە بوارەكانی دادوەری، پەروەردە، تەندروستی‌و میدیای سەربەخۆ.

 

ساڵی 2017 ئۆپن سۆسایەتی ئاشكرایكرد، سۆرۆس بڕی 18 ملیار دۆلاری لە سامانەكەی خۆی داوە بە تۆڕەكە كە تەرخان بكرێت بۆ پاڵپشتی دارایی كارەكانی داهاتووی ئۆپن سۆسایەتی، بەوەش كۆی ئەو پارەیەی ئەو سەرمایەدارە لە ساڵی 1984ەوە تەرخانی كردووە بۆئەو دامەزراوەیە گەیشتە 30 ملیار دۆلار.

 

جۆرج سۆرس، دەڵێت: سەركەوتنی من لە بازرگانیدا پلەیەكی بەرزتری لە سەربەخۆبوون پێبەخشیم بەراورد بە زۆرینەی كەسانی دیكە. ئەو سەربەخۆبوونە ڕێگەی بە سۆرس دا كە بەشێكی زۆری سامانەكەی تەرخان بكات بۆ بونیادنانی دونیایەك كە زیاتر كراوە بێت‌و هەلی یەكسانی بۆ هەمووان تێدا بڕەخسێت.