پەرەگراف
پارتی بڕیاری كۆتاییدا دەربارەی كاندید بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مەسرور بارزانی كاندیدی ئەو حیزبەیە بۆ سەرۆكایەتی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.
بڕیارەكەی پارتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەوحیزبەدا درا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی حیزبەكە سەرپەرشتی دەكرد، پارتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەكات بە یەك پاكێج بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا بڕیارەكانی حیزبەكەی ئاشكرا كرد، وتی"چەند پێشنیارێك هەبوون كە پەسەند كران، ئەویش ئەوەیە بۆ سەرۆكی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كاندید بكرێتو ئەم پۆستە گرنگە پێویستی بەوەیە چاك كارا بكرێت، كەسێكی بە تواناو شارەزا ئەم پۆستە بگرێتە ئەستۆو بتوانێت ئیدارەی ئەم وەزعە بكاتو ببێتە شوێنێك كە حكومەتو دامودەزگاكانی دیكە بەیەكەوە كۆبكاتەوەو بەرەنگاریی ئەگەرو تەحەدیاتەكان ببینەوە كە ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبنەوە."
وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی پێشنیازكراوە كە ببێتە سەرۆك وەزیران، وتی"ئەو پێشنیارانە بوون بە بڕیار، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش ئەم بابەتە تاوتوێ دەكەین."
پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 45 كورسی هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو حیزبە دەیەوێت بە پێكەوە كاركردن لەگەڵ ئەو حیزبانەی دیكە كە دەیانەوێت لە حكومەتدا بەشداربن كابینەیەكی نوێ پێكبهێنێت.
"ئارامییو حوكمڕانی سەرتاسەریو پێكەوە كاركردن ئامانجی چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی دەبێت" مەحمود محەمەد وای وت، ئاماژەی بەوەشكرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستدەكەنەوە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانو لیژنەیان بۆ گفتوگۆ پێكهێناوە كە پێكدێن لە؛ ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینكیو مەحمود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتیو فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی.
وتەبێژەكەی پارتی باسیلەوەكرد، وردەكاریی پیكهێنانی حكومەتو جێگری سەرۆك وەزیران یەك كەس دەبێت یان دوو هێشتا گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی پێكهێنانی حكومەتی نوێو سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكاتە یەك پاكێج بۆ گفتوگۆ.
"پێشبینی دەكەم پێكهێنانی حكومەت ئەوەندە كارێكی قورس نەبێتو هەوڵدەدەین بە ئاسانی لەگەڵ لایەنەكان تەفاهوم بكەین، چونكە هەموو لایەنەكان ئامادەیی ئەوەیان هەیە لەم قۆناغەدا پێكەوە كارە گرنگەكان بكەین" مەحمود محەمەد وای وت.
ئەوەی یەكلایی بووەتەوە بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێو ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو حیزبی شیوعییە، هێشتا گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوولایەنی بەهێزی ئۆپۆزسۆن بڕیاری كۆتاییان نەداوە بۆ بەشداریكردن، بەڵام لەناو گۆڕان خواستی بەشداربوون بەهێزترە.
پارتی ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو گەڕی یەكەمی گفتوگۆكانی دەستپێكرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەگەڵ یەكێتیو بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، بەڵام دواتر كۆبوونەوەكانی وەستاندو سەردانی لایەنەكانی دیكەی نەكرد.
هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێتو دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.
لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەییو ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەتو دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.