داعش لێرەیە؛ خەڵكی ئەو گوندانەی هاوسنوری داعشن خۆیان پارێزگاریی لە خۆیان دەكەن

13-01-2019 06:27
هێشتا داعش مەترسییە بۆسەر چەند ناوچەیەك لە باشوری كەركوك. وێنە؛ پەرەگراف.

 پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بەكرو هاوگوندییەكانی 9 مانگە چەكیان هەڵگرتووەو خاڵی پاسەوانییان داناوە بۆ پارێزگاریی لە گوندەكەیان، ئەوان هێشتا لە ژێر مەترسیی هێرشی چەكدارانی داعشدان كە لەو سنورە "بەفراوانیی بوونیان هەیە."

بەكر لە گوندی دارایە كە یەكێكە لەو چوار گوندەی ناوچەی حەفتەغار پێكدەهێنن كە ناوچەیەكی كورد نشینە لە قەزای داقوق(باشوری كەركوك)، ئەو گوندانە بە چەك‌و لەسەر ئەركی خۆیان پاسەوانیی دەكەن، ئەوەش دوای چەند هێرشێكی داعش بۆسەر گوندەكانیان‌و كوشتن‌و ڕفاندنی ژمارەیەك لە دانیشتووانی ئەو گوندانە.

"داعش لێرە بە فراوانیی هەن‌و شوێنیان بەدەستەوەیەو خەڵك بە ڕوونی دەیان بینێت، داعش خۆی هێرش ناكات، ئەگەرنا بە ئاسانیی دەتوانێت شوێنی دیكەش بگرێت"، بەكر زەندیی، 37 ساڵ، لە گوندی دارا بۆ پەرەگراف وای وت.

دارا، مەنسور، عەلی‌و فەریق چوار گوندەكەی حەفتەغارن كە دراوسێی یەكترن، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە پێشمەرگە لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك كشانەوەو هێزە عێراقییەكان شوێنیان گرتنەوە، ئەو گوندانەو چەند گوندێكی دیكەی هەمان ناوچە ڕوبەڕوی دۆخێكی ئەمنیی ناجێگیرو مەترسیی داعش بوونەوە.

ئێستا بەشێكی زۆر لە زەوییەكانی ئەو گوندانە بەهۆی مەترسیی داعشەوە بە قەدەغەكراو"موحەڕەمە" دادەنرێن‌و خەڵكی ناوچەكە ناتوانن بچنە ناو زەوییەكانیان، وەك زەوییەكانی ئەمین حەكیم لە گوندی مەنسور.

ئەمین تەمەنی 26 ساڵەو 15 دۆنم زەویی هەیە، نزیكەی نیوەی ئەو زەوییانە ناوچەی موحەڕەمەیە‌و ناتوانێت كاری تێدا بكات، ئەو بۆ پەرەگراف وتی"خەڵكی دیكەی وەك من زۆرن كە ناتوانن بچنەناو زەوییەكانیان بەهۆی داعشەوە."

ئەمین كە هاوشانی گەنجانی دیكەی گوندەكەی چەكی هەڵگرتووەو پاسەوانیی لە خۆیان دەكەن لە بەرامبەر داعش، ئەگەر مەترسیی چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە نەبوایە، ئێستا زەوییەكەی كردبوو بە گەنم.

"كاریگەریی باشمان هەبووە لەوەی داعش نەوێرێت بێتە ناو گوندەكان، چەندین جار بە ماتۆڕ هاتوون تەقەمان لێكردوون‌و گەڕاونەتەوە، ئەوان وەڵامی تەقە نادەنەوەو تەنها دەگەڕێنەوە ئەگەر تەقەیان لێبكەیت"، ئەمین وای وت، داواشیكرد، هێزێكی تۆكمە دروست بكرێت بۆ پاراستنیان، وتی"ناكرێت تاسەر خەڵك خۆی پاسەوانیی خۆی بكات."

هەرچەندە پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لەو سنورە بوونیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەن‌و دڵەڕاوكێی خەڵك بڕەوێننەوەو مەترسیی داعش دوربخەنەوە.

"ئێمە ڕۆڵمان لە پۆلیسی فیدراڵیی باشترە، ئەوان وەك پێویست بە دەممانەوە نایەن"، عەلی محەمەد، 22 ساڵ، وای وت، كە خەڵكی گوندی مەنسورە‌و چەكی بۆ پارێزگاریی لە خۆیان هەڵگرتووە.

خەڵكی ئەو گوندانە زیاتر بە كشتوكاڵ‌و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، عەلی وتی"مەترسیی داعش ماوەو حكومەت ناتوانێت سنورەكە كۆنتڕۆڵ بكات، ئێمەش ئەو توانایەمان نییە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە باشترین چارەسەرە، پێشتر پێشمەرگە هەبوو داعش نەیدەتوانی بێتە ناو چەمەكەشەوە، ئێستا دێتە ناو گوندەكان."

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 داعش چەند جارێك چووەتەناو ئەو گوندانە، كەسێكیان شەهید كردووەو 6ی دیكەیان ڕفاندووە، دواتر 4یان ئازاد كردوون‌و تائێستا دوو ڕفێندراوی ئەو گوندانە لای داعشن.

دواین كردەوەی داعش لەو ناوچەیە دانانی بۆمبێكی چێندراو بووە كە 10ی ئەم مانگە لە گوندی مەنسور بە شوانێكدا تەقیوەتەوەو بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

"لەوەتەی پۆلیسی فیدراڵی هاتووە بۆ ئەم سنورەی ئێمە تائێستا هیچ ڕوبەڕوبوونەوەیەك لە نێوان ئەوان‌و داعش ڕووینەداوە، داعش تەنها خەڵكی گوندەكان دەكات بە ئامانج‌و تائێستا نەچووەتەسەر پۆلیس"، بەكر لە گوندی دارا وای وت.

گەنجانی ئەو گوندانە ڕاستەوخۆ لە پشتی ماڵەكانی گوندەكانیانەوە چەند خاڵێكی پاسەوانییان داناوە(ڕەبایە)، لە دوای ئەوانیش پۆلیسی فیدراڵی چەند خاڵێكی دیكەی پاسەوانیی هەیە، بەڵام خاڵی پاسەوانییەكانی پۆلیس دوورن لەیەكتر‌و لە نێوان دوو خاڵی پاسەوانییدا نزیكەی 4 كیلۆمەتر بۆشایی هەیە، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن، داعش لەو بۆشاییەوە بە ئاسانیی هاتووچۆ دەكات.

بەكر وتی"بە نێوانی ڕەبایەكاندا بە ئاسانی دەتوانێت بێت‌و بگەڕێتەوە"، وتیشی"هەینی ڕابردوو ئۆتۆمبێلیان هاتووەتە نزیك گوندەكەی ئێمە بە كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە پۆلیسی فیدراڵی."

ئەوەی وایكردووە داعش لە سنوری داقوق‌و ناوچەی حەفتەغار جموجۆڵەكانی زیاتر بێت لە ناوچەكانی دیكە، چەمی ڕۆخانەیە كە ناوچەیەكی چڕە بەدارو درەخت‌و"بووەتە مۆڵگەی چەكدارانی داعش."

داقوق لەسەر نەخشە.

گوندەكانی حەفتەغار زیاتر لە هەزارو 200 ماڵن‌و ژمارەی دانیشتوانیان 9 هەزار كەسە، محەمەد ئیبراهیم ئەنجومەنی گوندی مەنسور دەڵێت، زۆر ماڵ كۆچی كردووە بەرەو شارەكان لەبەرئەوەی هێزی پێویست نییە بۆ پارێزگاریی ناوچەكە.

"چەمی ڕۆخانە هەمووی داری چڕەو تا تكریت درێژ دەبێتەوە، ئەو چەمە پاك نەكراوەتەوەو بووەتە مۆڵگەی داعش"، محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەنجومەنی گوندی مەنسور وتیشی"داعش پارتیزانانە چالاكیی دەكات، ئەو شوێنانەی بۆشایین‌و خاڵی پاسەوانیی نییە دەستی خۆی لێدەوەشێنێت‌و ئێمەش ناچارین پاسەوانی بۆ دابنێین"، هەروەها وتی"دێكەی ئێمە، مەنسور، لەوكاتەوەی پاسەوانیمان داناوە هیچ كێشەمان نییە، بەڵام بەداخەوە 3 ڕۆژ پێش ئێستا بە بۆمبی چێندراو شوانێكمان شەهید بوو."

بەدەر لەو گوندانەی حەفتەغار، داعش بە درێژایی چەمی ڕۆخانە لە تەواوی ئەو گوندانەی دەكەونە نزیك ئەو چەمە چالاكیی هەیەو خەڵك دەڕفێنێت، زۆربەی ڕفێندراوەكانیش بەپارە ئازاد دەكات، ئەو پارەیە سەرچاوەیەكی سەرەكیی ژیانی چەكدارانی داعشە.

دۆخی ئەو ناوچەیە‌و ئەوەی لە واقیعدا هەیە، پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی باڵای عێراقە كە زیاتر لە ساڵێكە بە فەرمیی نەمانی داعشیان لە وڵاتەكە ڕاگەیاندووە، ئەوەش وایكردووە پەرلەمانتارێكی عێراق كە خەڵكی ناوچەكەیە داوای كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكات لەسەر دۆخی ئەمنیی‌و مەترسی داعش لەو سنورە.

دیلان غەفور، خەڵكی حەفتەغارەو ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، هەفتەی ڕابردوو سەردانی ناوچەكەی كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسی فیدراڵی‌و ئەو گەنجانە گفتوگۆی كردووە كە گوندەكانی خۆیان دەپارێزن.

سەردانی ئەو پەرلەمانتارە بۆ ناوچەی حەفتەغار. وێنە؛ پەیجی پەرلەمانتارەكە لە فەیسبوك.

دیلان سەرقاڵی نوسینی ڕاپۆرتێكە بۆ لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمان لەسەر دۆخی ناوچەكە، بۆ پەرەگراف وتی"بۆشایی ئەمنیی هەیەو پۆلیسی فیدراڵیی ژمارەیان كەمە لە ناوچەكە، ئەوان ناچنە ئەو ڕەبایانەی پێشتر پێشمەرگەی تێدابووەو بە ستانداردی سەربازیی‌و بە سەرپەرشتی ئەمەریكی‌و فەڕەنسییەكان دروست كراون، ئێستا ئەو ڕەبایانەی پێشمەرگە ناوچەی موحەڕەمەیەو زیاتر داعش بەسەریدا زاڵە."

ئەو پەرلەمانتارە باسلەوەشدەكات، هێزەكانی پۆلیس دوورن لەیەكترو شەقامە سەرەكییەكانیان كۆنتڕۆڵ كردووە، داعش لە نێوانیانەوە هاتووچۆ دەكات، "پێشتر پێشمەرگە بە 2 لیوا ئەو ناوچەیەی پاراستووە."

لە سەردانی مەیدانیی ئەو پەرلەمانتارەدا بۆ ناوچەكە چەندین پرسیاری لا دروست بووەو لە ڕاپۆرتێكدا ئاڕاستەی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی دەكات، ئەو وتی"بە درێژایی چەمی ڕۆخانە داعش بەهەمانشێوە بوونی هەیە، بۆنمونە لە زەنقرو تۆپزاوەی كاكەیی نشین چەندین هێرشیان كردووەو ئەو گوندانە بەرەو چۆڵبوونی تەواو دەچن."

دیلان نامەیەكی بەدەست گەیشتووە لە گوندەكانی؛ پارەپارە، تبەسەوز، البوسەباح كە سەربە قەزای دوزخورماتوون(سەربە پارێزگای سەلاحەدین)، بەڵام هەر دەكەونە نزیك چەمی ڕۆخانە، خەڵكی ئەو گوندانە باسلە جموجوڵی داعش لە ناوچەكانیان دەكەن‌و داوای بەدەمەوەچوونی بەپەلەی سەربازیی دەكەن بۆ پاراستنیان.

گەورەترین دەركەوتنی بە كۆمەڵی داعش شەوی 25-6-2018 بوو كاتێك دەیان چەكداری ئەو ڕێكخراوە چوونەناو گوندی عەلی كە یەكێكە لە چوار گوندەكەی حەفتەغار، ئەوە یەكەمجار نەبوو داعش خۆی پیشانی خەڵكی ئەو ناوچەیە بدات، بەڵام ئەوجارەیان جیاوازبوو، جگە لە كوشتن‌و برینداركردنی خەڵكی گوندەكە، داعشەكان بە ژمارەیەكی زۆر خۆیان پیشانی خەڵكەكە دا.

هاوڵاتیەكی گوندی عەلی وتی"داعشەكان 30 بۆ 40 كەس دەبوون، هەموویان دەموچاویان داپۆشرابوو تەنها یەك كەسیان نەبێت كە ڕیشێكی سووری هەبوو، دانیشتویەكی گوندەكەیان كوشت كە دوكانداربوو لەناو دوكانەكەیدا فیشەكیان پێوەنا دوو كەسی دیكەشیان بەفیشەك بریندار كرد، نازانرێت بۆچی ئەو تەقانەیان كرد، نزیكەی 15 خولەك مانەوەو ڕۆشتن."

وەك ئەو هاوڵاتییە باسیدەكات، داعشەكان بە "سەربازی دەوڵەتی ئیسلامی" خۆیان ناساندووەو چەكی جۆری "ئێم فۆر M4" یان پێبووە، پرسیاریان لە چەند گەنجێك كردووە كە كاریان چییەو مەبەستیان بووە بزانن لە ڕیزی هێزە ئەمنییەكاندان یان نا.

ئێستا خەڵكی ئەو ناوچەیە داوای هێز دەكەن بۆ پاراستنیان‌و دووبارە نەبوونەوەی ئەو ڕووداوەی مانگی 6ی ساڵی ڕابردوو، تا چیتر ڕوبەڕوی مەترسی نەبنەوە، كۆچ نەكەن‌و زەویی‌و ماڵەكانیان جێنەهێڵن، خەڵك دروستكردنی هێزی هاوبەش لە هێزە عێراقیی‌و كوردییەكان‌و گەڕانەوەی پێشمەرگە بە باشترین چارەسەر دەزانن.