چیرۆكەكانی ژێر گڵ؛ مەرگەساتی كۆمەڵكوژی ژنان و منداڵانی كورد لە بیابانەكانی سەماوە

28-07-2019 11:22
گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.


پەرەگراف – هەڤاڵ زەنگەنە

هێشتا قژ و پرچی قوربانییەكان وەك خۆی ماوەتەوە؛ بوخچە و پریاسكەی ژنانی كورد، منداڵ بەباوەشی دایكیەوە، مەمەی منداڵ و پێڵاوە لاستیكەكانیان، هەتا گەورەكانیش هەر لەوێدا بە پشتوێنەكانی خۆیان چاو و دەستیان بەستراوەتەوە و خراونەتە ژێر گڵەوە.

دیمەنەكە ئەوەندە تراژیدییە، كەم كەس لەوێ فرمێسكەكانیان ڕادەگرن؛ جەبار عومەر یەكێكە لەوانەی چەند ڕۆژێكە چاوی وشك نەكردووە، ئەو بۆ مەرگی كەسوكاری ئەنفالكراو و كۆمەڵكوژی هاوڵاتیانی بێتاوان دەگری.

"دوای ئەوەی بینیم دەیان عومەری خاوەر لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا دووبارە بونەتەوە، لەو ڕۆژەوە دەگریم، منداڵ لە باوشی دایكیدایە و فیشەكی پێوەیە و شەهیدكراوە، منداڵ مەمەی لەدەمدایە و سەدان دیمەنی تری ناخهەژێن هەیە" جەبار بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دیمە تراژیدییانە لە گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوانی كورددایە، لە بیابانی پارێزگای سەماوە لە باشوری عێراق، كە سێشەممە 23ی تەمموزی 2019، دوای 31 ساڵ لەو كارەساتە، دەست بە هەڵدانەوەی كرا.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

جەبار كە لە ئەنفالدا لە گوندی بەكر بایەفی سەر بە كەلار دەبرێتە ناحیەی عەربەت و بە لێبوردنی گشتی ڕزگاری دەبێت، بەشێك لە كەس و كارەكەی ئەنفالكراون و ئێستا خۆی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانە.

ئەو داوای لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد، سەردانی ئەو گۆڕە بكەن و بە چاوی خۆیان بیبینن سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشوتری عێراق چۆن "دەیوت گوایە موخەریب-یان كوشتووە و هەمویان پیاو بون، بەڵام گۆڕەكە زۆرینەی ژن و منداڵە".

لە پارێزگای سەماوە سێ گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفال هەن، یەكێكیان هەڵدراوەتەوە و ڕوفاتی 80 كەسی تێدایە لە ژن و منداڵ، دوو گۆڕەكەی تر بڕیارە دوای جەژنی قوربان و لە مانگی ئابی داهاتوودا هەڵبدرێنەوە.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ پەرەگراف وتی "دەستكراوە بە هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕ كە ڕوفاتی 80 ژن و منداڵی تێدایە، لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەكانن و دوو گۆڕی تریش ماوە هەڵبدرێنەوە".

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفال، بەپێی یاسای پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكانی عێراقە، تیمێكی هاوبەشی دەزگای شەهیدانی عێراق، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ پزیشكی دادوەری هەڵدەستن بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان بە هاوكاری ڕێكخراوی ICMPی نێودەوڵەتی.

لە هەرێمی كوردستان لە كۆی 182 هەزار ئەنفالكراو و ئەنفالی بارزانییەكان، تەنیا ڕوفاتی دوو هەزار و 500 ئەنفالكراو لە بیابانەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هێنراونەتەوە، ئەوەش لە مۆنۆمێنتەكانی تایبەت بە ئەنفال بەخاكسپێردراون.

فوئاد عوسمان دەڵێت، گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە بەپێی جلوبەرگ و وتەی تەیمور عەبدو‌ڵای تاقانەی ئەنفال، ڕوفاتەكانی هی ژن و منداڵە ئەنفالكراوەكانی گەرمیانن، دوای ئەوەی دەبرێنە پزیشكی دادی و نمونەیان بۆ پشكنین لێ وەردەگیرێت، دواتر لەمەراسیمێكدا دەهێنرێنەوە و بەخاك دەسپێردرێن.

كاركردن لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەی ئەنفال و دەرهێنانەوەی تەرمەكان بە كاتیی ڕاگیراوە، دوای ئەوە تەیمور عەبدوڵا، تاقانەی ئەنفال كە دەڵێت كەسوكاری لەو گۆڕەدایە، ڕێگری كرد لە بەردەوامیی هەڵدانەوەی گۆڕەكە و چەند داواكارییەكی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كرد.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

تەیمور، تاكە ڕزگاربووی گۆڕێكی بەكۆمەڵی سەماوەیە و دوای ئەوەی خۆی ڕزگاركردووە لە 1988دا، خێزانێكی عەرەب لەو پارێزگایە لەخۆیان گرتووە و دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو لە 2013دا چیرۆكەكەی كرایە كتێب و بڵاوكرایەوە.

تاقانەكانی ئەنفال، كە بە نەمانیان ناسنامەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیشیان بە نادیاریی دەمێنێتەوە، پێشتر چەندینجار پێشنیاریان كردووە نمونەی DNAیان وەربگیرێت و ئەنجامەكەی هەڵبگیرێت، تا كاتی هەڵدانەوە و گەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالەكان.

وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت، تەیمور داوای لە حكومەتی عێراق هەیە داوای لێبوردن بكات بەهۆی ئەنفالەوە، تۆمەتبارانی ئەنفال لە جاش و موستەشارەكان دادگایی بكرێن، موچەی كەسوكاری ئەنفالەكان بخرێتە سەر بەغدا و داواكارییەكانی چەندین ساڵی ڕابردوش جێبەجێ بكرێن.

فوئاد عوسمان، كە خۆی لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە بەشداربوە، وتی "دیمەنی زۆر تراژیدی تێدایە، مەرگەساتی كۆمەڵكوژی ئەو ژن و منداڵانە وەسف ناكرێت.. پێڵاوی منداڵان و نەعلی ژنان، شیر و مەمەی منداڵ، زۆربەی زۆری گەورەكان بە هەمان ئەو قوماشەی لەبەریاندا بووە دەست و چاویان بەستراوە و دواتر كۆمەڵكوژ كراون".

كەسوكاری ئەنفالەكان، بەشێكیان تا ڕوخانی حوكمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن لە 2003دا ئومێدی ئەوەیان هەبوو ڕۆڵە بێسەروشوێنەكانیان لە ژیاندا مابن و بگەڕێنەوە، بەڵام لەوەدا بێ هیوا بون، لەبری ئەوە چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزرانەوە.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

سعود سەنگاوی، كوڕی یەكێك لە ئەنفالكراوانی ناوچەی گەرمیان داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق كرد كار بكات تا وڵاتەكە ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەوەش هەوڵبدرێت كەیسی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنرێت.

سەنگاوی بە پەرەگراف-ی وت "ئەوەی ئێستا نیشان دەدرێت بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی بتوانرێـت تاوانەكە لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید بناسێنرێت، بۆیە سەرباری ئەوەی لە ڕابردوودا خۆت بە خاوەنی كەسوكاری ئەنفال زانیوە، ئەمڕۆش خاوەندارێتی كەیسەكە بكە و تاوانەكە بناسێنە و ئەم كارەش تەنها بە تۆ دەكرێت" ئەوەش وەك پەیامێك بۆ سەرۆككۆمار.

دڕندانەترین بەشی ئەنفال، بە قۆناغی سێ دادەنرێت، كە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە و تەنیا گوندێك لەو سنورە بە ئاوەدانی نەمایەوە، بەشێكی زۆری ئەنفالكران و ئەوانیتر بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ ڕاگوێزران.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.

حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ پەرگراف وتی "سەرۆك كۆمار ئەوەی لەتوانادابێت درێغی ناكات، بۆ بە ئەندامبوونی عێراقیش لە دادگای تاوانەكان نازانم بۆ تائێستا عێراق نەبووەتە ئەندام لەو دادگایە، ئەوەش بە ڕێككەوتنی پەرلەمان و حكومەت دەبێت لەسەر پێشنیاری لایەنە مەعنیەكان كە ڕێكخراوەكان و وەزارەت و دەزگای شەهیدانی عێراقن".

وەك حەسەن جیهاد باسیكرد، لە یادی ئەمساڵی ئەنفالدا، سەرۆك كۆمار بەیاوەری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و كەسوكاری ئەنفالكراوان چووەتە شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە شەش قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكاری هەزاران گوند.

گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ژن‌و منداڵانی كورد لە سەماوە كە 23-7-2019 دەست بە هەڵدانەوەی كرا. وێنە؛ وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ناردوویەتی بۆ پەرەگراف.