پەرەگراف- سوركێو محەمەد
محەمەد تۆفیق عەللاوی ناچێتە ژێرباری فشارەكان بۆ وەرگرتنی كاندیدی وەزارەتەكانی كابینەكەی لە حیزبەكانو سوورە لەسەر دانانی كەسانی سەربەخۆ، هەرێمی كوردستان داوای پێداچوونەوە بەو هەنگاوەدا دەكاتو پارتیو یەكێتی سوورن لەسەر ئەوەی ئەگەر بەو جۆرەبێت دەنگ بە كابینەكەی نەدەن، بەڵام حیزبەكانی دیكە ئەو گەرموگوڕییەی پارتیو یەكێتییان نییە بۆ دژ وەستانەوەی كابینەكە، ئەگەر كارنامەی حكومەتەكەیان بەلاوە پەسەند بێت.
ناڕازیترین لایەنی هەرێمی كوردستان پارتییەو دوای ئەویش یەكێتی، سەرچاوەیەكی باڵای كورد كە ئاگاداری وردەكارییەكانە بۆ پەرەگراف وتی"سەرەتای ڕاسپاردنی عەللاوی هەموو لایەنەكان ڕازیی بوون بە پارتیو یەكێتیو سوننەكانیشەوە كە ئێستا ناڕازین. پارتیو بەتایبەت كاك مەسعود دوو كێشەیان هەیە، یەكەمیان دانەنانەوەی فوئاد حسێنە وەك وەزیری دارایی، دووەمیان ئەوەیە پێیانوایە كاندیدی ئەو وەزارەتانەی پشكی كوردن لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دیاریی كراون".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، "محەمەد تۆفیق عەللاوی سوورەلەسەر ئەوەی كاندیدی حیزبیی وەرناگرێت، ئێستاش ئەمریكا لەسەر هێڵەو پشتیوانیی عەللاوی دەكەنو فشاریان خستووەتە سەر كوردو سوننە تا دەنگی پێبدەن".
لە گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندی كورد، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق گوتوویەتی، ئەو ئامادەیە ئەو كاندیدانە بگۆڕێت كە دیاریی كردون لەسەر پشكی كورد ببنە وەزیر، بەڵام هەردەبێت كەسانی سەربەخۆبنو دووربن لە دەستێوەردانی حیزب، ئەمە بەلای پارتیو یەكێتییەوە قبوڵكراو نییە. بەرهەم ساڵحیش لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدە كوردییەكەدا لە بەغداد ڕەتی كردووەتەوە ئەو كاندیدە كوردەكانی بۆ عەللاوی دیاریی كردبێت.
"ئەو ناوانەی بڵاوكراونەتە ببنە وەزیر لەسەر پشكی كورد، هێشتا كۆتا بڕیار نییەو ئەگەری گۆڕانكاریی هەیە، هیچكام لەو كەسانە نزیك نین لە حیزبەكان تەنها عادل كەریم كاندیدی وەزارەتی بازرگانیی نەبێت كە پێشتر یەكێتی بووەو چەند ساڵێكە پلەی حیزبیی نەماوەو بریكاری وەزارەتی پیشەسازیی عێراقە، ئەویش عەللاوی خۆی لە نزیكەوە دەیناسێتو خۆی كاندیدی كردووە" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممەی دیاری كردووە بۆ دەنگدان بە كابینەكەی عەللاوی، هێشتا كوردو بەشێك لە سوننەكان لەگەڵ كابینەكەدا نین، بەڵام پەرەگراف زانیویەتی كورد یەك دەنگ نییە لەوبارەیەوە.
"تەنها پارتیو یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان دەنگ بە كابینەكە نەدرێت ئەگەر بەمجۆرە بێتو كاندیدەكان عەللاوی خۆی دایان بنێت بەناوی سەربەخۆ، هەرچی پەرلەمانتارانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبەیە كە بە گروپی 15 ناسراون زۆربەیان لەگەڵ ئەوەدان دەنگ بە كابینەكەی بدەنو پشتگیریی كەسانی سەربەخۆ بكەن وەزارەتەكان وەربگرن" سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد بۆ پەرەگراف وای وت.
كورد ئەمڕۆ بڕیاری یەكلایی كەرەوەی نەدا
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان سەرۆكایەتییەكانی هەرێمو لایەنە سیاسییەكانو ئەو وەفدە كوردییە بەڕێوەچوو كە چەند ڕۆژێكی لە بەغداد بەسەربرد و لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی كۆبوونەوە لەبارەی پێكهێنانی كابینەكەیو پشكی كورد.
كورد بڕیاری كۆتایی نەداو بۆ گفتوگۆ دەچێتەوە بەغداد، لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا داوا لە سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو كراوە بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەكەیدا بچێتەوە.
دەرئەنجامێكی دیكەی كۆبوونەوە باڵاكەی هەرێم، داكۆكی كردنە لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمو تێیدا هاتووە "پێكهاتەكانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم، تەنها لایەنی بڕیاردەرن لە دەستنیشانكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان".
ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، پشتگیریی حكوومەتێك دەكەن كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عێراقی هەبێت و جێگەی بڕوا و متمانە بێت، "ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەلایەن بەڕێز عەللاوییەوە نراون، بۆ زۆرێك لە لایەن و پێكهاتەكانی عێراق جێگەی دڵنیایی و متمانە نین".
بڕیارە شاندی هەرێم سبەینێ بچێتەوە بەغداو لە گفتوگۆ بەردەوام بێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو چۆنیەتی پڕكردنەوەی ئەو 4 وەزارەتەی وەك پشكی كورد دیاریی كراوە لە كابینەی نوێ.
گروپی 15ی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد كە فراكسیۆنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتین، پێشتر لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی كۆبوونەتەوەو كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغدایان لەگەڵدا تاوتوێ كردووە لەوانەش؛ پاراستنی مووچەی هەرێمی كوردستانو بە دوورگرتنی لە كێشەو ململانێی سیاسی، ماددەی 140ی دەستوور، كێشەی جووتیارانو شەهیدان، عەللاوی بۆچوونی ئەرێنی بووە لە بارەیانەوە.
پەرەگراف پێشتر ڕای گروپی 15ی ئاشكرا كرد لەبارەی دیاریكردنی كاندیدە كوردەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی، "گروپی 15 لاریی لەوە نییە كەسانی سەربەخۆبن و پێیوایە لە كوردستان خەڵكی بەتواناو لێهاتوو زۆرن لە دەرەوەی حیزبەكانو دەكرێت ئەوانە دابنرێن، بەڵام ئەگەر بێتەسەر بنەمای حیزبیی بە پێویستی دەزانن ئەو لایەنانەی دەرەوەی پارتیو یەكێتیش پشكی خۆیان هەبێت، لەبەرئەوەی نوێنەرایەتیی ئاڕاستەیەكی جیاواز لە پارتیو یەكێتی دەكەن".
محەمەد تۆفیق عەللاوی 1ی ئەم مانگە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە دۆخێكی ناهەمواردا ئەو ئەركەی پێ سپێردراوە، هەرچەندە یەكەم پەیامی ڕووەو خۆپیشاندەران بوو و ستایشی كردن، بەڵام تائێستاش لەلایەن تەواوی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندەرانەوە لە عێراق قبووڵ نەكراوە.
محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی شیعەی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە.