ڕاپەڕین؛ ڕۆژی زەماوەند‌و هاتنەدیی خەونە گەورەكەی كورد

05-03-2020 09:06
5ی ئازاری 1991 شەقامی قولەی ڕانیە.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

5ی ئازاری 1991 لەگەڵ لێزمەی باراندا هەواڵێك لە ناحیەی چوارقوڕنەوە دەگاتە ڕانیە، هەواڵەكە بەمجۆرەیە؛ پیاوێكی دانیشتوی چوارقوڕنە كە باری دەرونیی تەواو نەبووە، وێنەیەكی سەدام حسێن سەرۆكی ئەوكاتەی عێراق كە لەناو ناحیەكە دانراوە بەقوڕ سواخ دەدات، لەوكاتەشدا كۆمەڵێك گەنج دەستدەكەن بە چەپڵە لێدان، ئەمە بووەتەهۆی سەرەتای خۆپیشاندان‌و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناحیەكە.

 دوای چەند كاتژمێرێك كە هەواڵی خۆپیشاندانەكە‌و دەنگ‌و باسی كارەكەی ئەو پیاوە كە ناوی حەمەی حمباڵە بووە دەگاتە ڕانیە، شانە چەكدارەكان و چالاكانی ئەو قەزایە، ئەوە دەكەنە دەرفەت‌و خۆپیشاندانەكەی چوارقوڕنە گەورە دەكەن‌و بەناو خەڵكدا وا بڵاوی دەكەنەوە كە شەهیدی لێكەوتووەتەوە، ئەوە دەبێتە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵكی ڕانیەو لە هەمان ڕۆژداو دوو ڕۆژ بەرلەو كاتەی پلانی بۆ دانراوە دەستپێدەكات، ئەمە بەوتەی نیازی حەمەعەزیز كە یەكێك لە بەشداربووان‌و چالاكوانانی دەستپێكی ڕاپەڕینەو سەرجەم ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژەو ڕۆژانی دواتری لە كتێبێكی بەڵگەنامەییدا كۆكردووەتەوە.

 لە ڕۆژی 5ی ئازاردا خەڵكی ڕانیە ڕاپەڕینیان كردو دەستیان گرت بەسەر سەرجەم بارەگاكانی حزبی بەعسداو بۆ ڕۆژی دواتر تەواوی ناوچەكانی بتوێن‌و پشدەر ئازادكران. لە 7ی ئازاریش سلێمانی ڕاپەڕی‌و 9ی ئازار گەرمیانی گرتەوەو دواتریش لە 11ی مانگدا خەڵكی هەولێر ڕاپەڕین. دوا شاریش كە ڕاپەڕی، شاری كەركوك بوو ئەویش لە 21-3 كە دەكاتە ڕۆژی نەورۆز.

 نیازی حەمەعەزیز خەڵكی ڕانیەیەو بەشداربووی ڕاپەڕینە، پێش ڕاپەڕین لە شانەی چەكدار بووەو ئاگاداری پلانی ڕاپەڕین بووە، بۆ پەرەگراف وردەكاریی دەستپێكی ڕاپەڕین‌و ڕووداوەكانی 5ی ئازاری ڕانیە دەگێڕێتەوە.

 زوڵم‌و زۆری بەعس‌و خراپیی ڕەوش‌و گوزەرانی خەڵك، ئابڵوقەی سەر عێراق بەهۆی شەڕی كوێتەوە‌و ڕاپەڕینی شەعبانیی شیعەكانی خوارووی عێراق، لەو هۆكارانەبوون كە كاریگەرییان هەبووە لەسەر خەڵكی كوردستان‌و دەستپێكردنی ڕاپەڕین.

 خۆپیشاندانەكەی چوارقوڕنە زەماوەندی گەورەی بەدواداهات

 ڕۆژانی بەرلە ڕاپەڕین بەهۆی زوڵم‌و زۆرەكانی ڕژێمی بەعسەوە خەڵكی كوردستان تینووی ئازادی‌و سەربەستی بوون، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی كە حزبە كوردییەكانی ئەوكات پێكیان هێنابوو، بەرنامەی ڕاپەڕینی داڕشت‌و بڕیاردرا 7ی ئازار زەماوەند دەستپێبكات، ڕێكخستنی نهێنیی‌و شانە چەكدارەكانی ناوشار لە پلانەكە ئاگادار كرانەوەو ئامادەكارییەكان دەستیان پێكرد.

 دوو ڕۆژ بەرلەو ڕێكەوتە، هەواڵێك لە چوارقوڕنەوە گەیشتە ڕانیەو ڕاپەڕینی پێشخست، "لە گەرمەی ئامادەكارییەكاندا، بەرەبەیانی 5ی ئازار ڕۆژی سێشەممەبوو باران دەباری، چەند گەنجێك لە چوارقوڕنە حەمەی حمباڵەیان هاندابوو كە كەمێك باری دەروونی تەواو نەبوو، وێنە هەڵواسراوەكەی سەدام حسێن ئیهانە بكات، ئەویش قوڕی پێدا كردبوو، ئیتر نزیكەی 100 كەسێك كۆبووبوونەوەو كردبوویان بە چەپڵە لێدان، ڕژێم بەوكارە مشەوەش بوو، لە ڕانیەو حاجیاواوە هێزی برد بۆئەوەی خەڵكەكە بڵاوە پێبكات‌و سەركوتی كردبوون‌و قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند‌و خەڵك چووبونەوە ماڵەكانیان‌و دوكان‌و بازاڕ داخرابوون" نیازی حەمەعەزیزی وای وت.

هەواڵی ڕووداوەكەی چوارقوڕنە دوای چەند كاتژمێرێك دەگاتە ڕانیە، "ئێمە شانەی چەكداربووین لە ڕانیە ئەوانەی خۆمان ئامادەكردبوو بۆ ڕاپەڕین، بە فرسەتمان زانی‌و شتەكەمان زۆر گەورەكرد، وتمان خۆپیشاندان لە چوارقوڕنە بووەو خەڵك شەهید بووە، لە ڕاستیشدا وانەبوو ئێمە خۆمان گەورەمان كرد، وردەوردە خەڵكەكە لە ڕانیەش دوكان‌و بازاڕی داخست‌و چالاكوانان‌و هەڵوسڕاوان سەرجادەكانیان بە بەرمیل‌و مێزی سەوزە فرۆشەكان گرت، ئیتر شپرزەیی‌و شێواوی لە شارەكە دروست بوو."

 دوای ئەوەی خەڵكی ڕانیە دوكان‌و بازاڕ دادەخەن، گەنجانی شارەكە خۆپیشاندانێكی 100 كەسیی لە مزگەوتی گەورەوە دەستپێدەكەن بەرەو دائیرەی ئەمن‌و پۆلیسی ڕانیە، بەڵام بە فیشەك‌و تەقەكردن وەڵامیان دەدرێتەوە.

 "من خۆم ئەوكاتە لەوێ بووم، بە تەقەكان خەڵكەكە بڵاوەیان لێكردو دووركەوتنەوە، جارێكی دیكە لای مزگەوتی گەورە خۆیان ئامادەكردەوە، لەو كاتەدا گەنجێك بەناوی ئەردەڵان ئەدهەم عەلی بەگ كە ئێستا ماوەو لە نەرویج دەژی، كڵاشینكۆفێكیان هەبوو لەماڵەوە هێنای، وتی ئەم ڕژێمە بە چەپڵە ناڕوخێ‌و دەستیكرد بە تەقە لە ئەمنەكان، خەڵكەكەش زیاتر ڕژایە سەرجادە" نیازی حەمەعەزیز وای وت.

 وەك ئەو بەشداربووەی ڕاپەڕین دەیگێڕێتەوە، دوای تەقەكردنی ئەردەڵان، عەلی نەبی كە ناوێكی دیاری ڕاپەڕینی ڕانیەیە، لەگەڵ خزمەكانی بە چەكەوە دەچنەسەر شەقامەكان، "عەلی نەبی(1994 لە شەڕی ناوخۆدا شەهید بووە) چەكداربوو لەناوشار بوون، بەڵام لە ژێرەوە پەیوەندی بە شۆڕش‌و یەكێتییەوە هەبوو، لەگەڵ خزمەكانی خۆیان ئامادەكردبوو بۆ ڕاپەڕین، ئەو ڕەفیق حزبییانەی هاتبوون بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكە وایانزانی عەلی نەبی‌و خزمەكانی بەرگرییان لێدەكەن، بەڵام ئەوان لێیاندان‌و دوو كەسیان كوشتن لای مزگەوتی ناجیەخان، ئیتر لە هەموو لایەك بوو بە تەقە، منەزەمەی حزبی بەعس‌و سەرا، مخابەرات‌و دائیرەی ئەمن كە هەرچواریان مۆڵگەی ئەشكەنجەدان بوون كەوتنەبەر پەلامار، عەلی نەبی‌و ئەوان چوونەسەر دائیرەی ئەمن."

وێنەی ساڵانی دواتری ئەردەڵان ئەدهەم، "یەكەم تەقەكەری ڕاپەڕین"، نیازی حەمەعەزیز وێنەكەی بۆ پەرەگراف ناردووە.

 بڵندگۆی مزگەوتی گەورە خەڵكی خرۆشان

 هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی تەقە دژی ڕژێمی بەعس، نیازی حەمەعەزیز لەگەڵ سێ هاوڕێی بەناوەكانی، جەمال عەبدوڵا مەرگەیی، سەڵاح جەمال‌و عەبدوڵا ڕەش پێكەوە دەرگای مزگەوتی گەورەی ڕانیە دەشكێنن، ساڵانی 80ی سەدەی ڕابردوو ئەو مزگەوتە مینبەری هاندانی خەڵك بووە لە خۆپیشاندان‌و چالاكییە جەماوەرییەكاندا.

 "لە بڵندگۆی مزگەوتەكەوە بە كوردی‌و عەرەبی هانی خەڵكماندا ئەوەش دەورێكی زۆری هەبوو بۆ خرۆشانی خەڵك، چونكە دەنگەكەی دەگەیشتە هەموو ماڵەكانی ڕانیە، لافاوی جەماوەریی دروستكرد ئەوەی چەكی هەبوو هێنای‌و چەكدارە كوردەكانی سەربە ڕژێمیش بوون بە شۆڕشگێڕو دەوریان هەبوو."

 خرۆشان‌و یەكدەنگیی خەڵك دژی بەعس بەجۆرێك بووە كەس باسی حزبایەتی نەكردووەو هەمووان ئامانجیان وەدەرنانی ئەو ڕژێمە بووە.

 نیازی حەمەعەزیز كە خاوەنی گازینۆیەك بووە لە نزیك مزگەوتی گەورەی ڕانیەو لە دەستپێكی ڕاپەڕینەكەوە گازینۆكەی داخستووە، لەگەڵ چەند كەسێكدا دەستەیەكی ڕاگەیاندن دروست دەكەن‌و ئێزگەی دەنگی ڕاپەڕین دادەمەزرێنن‌و گازینۆكە دەكەنە بارەگای ئێزگەكە، "ئێزگەكە دوای 2 ڕۆژ لە ڕاپەڕین گەنجێكی تەكنیككار بەناوی عەبدوڵا مەلا ڕەسوڵ پێیداین‌و تا 15ی ئازار پەخشمان هەبوو."

 بەپێی ئامارەكانی نیازی حەمەعەزیز كە ساڵی 1992 لە نامیلكەی (نەعرەتەی بتوێن) ڕوداوەكانی ڕاپەڕینی بە بەڵگەوە تۆماركردووە، ڕۆژی 5ی ئازار لە ڕانیە 9 كەس شەهید بوون‌و بە درێژایی ڕۆژانی ڕاپەڕینیش شەهیدەكانی دەڤەری بتوێن‌و پشدەر لە تەواوی ناوچەكان گەیشتوونەتە 60 كەس، نیازی حەمەعەزیز لە نامیلكەكەیدا وێنەی 56 شەهیدو ناوی شانە چەكدارەكانی سەرجەم لایەنەكانی تۆماركردووە.

 ئەو بەشداربووەی ڕاپەڕین باسلەوەشدەكات، خەڵكی ڕاپەڕیو مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵ چەكدارەكانی ڕژێم هەبووەو هیچ دیلێكیان ئازار نەداوە، "ئەوەی شەڕی نەكردایە نەدەكوژراو لە مزگەوتی گەورە دیل بوون، یەكەم ڕۆژ نزیكی 700 كەس دیل بوو."

 گەڕانەوەی پێشمەرگەو نازناوی دەروازەی ڕاپەڕین

 ڕۆژی 5ی ئازار تەواوی ناوشاری ڕانیەو ڕۆژی دواتر ناوچەكانی بەری مەرگەو پشدەرو بتوێن تا نزیك كۆیە ئازادكران، شەوی 7ی ئازار هێزەكانی پێشمەرگە دەگەنە ڕانیە.

 "8ی مانگ پێشمەرگە هاتنەخوارەوەو تێكەڵی جەماوەربوون، 10ی مانگ، یەك یەك دەهاتن دەیانوت لە ئێزگەكەوە بڵێن فڵان تیپ‌و بە تالیۆنی پێشمەرگەی فڵان لایەنی سیاسی هاتنەوە، ئیتر دەبوو بە چەپڵە لەناو خەڵكدا، 3 بۆ 4 شەو و ڕۆژ لەبەردەم مزگەوتی گەورە هەزاران كەس لە ژن‌و پیاو شایی‌و خۆشییان بوو، دواتر سەركردەكانی بەرەی كوردستانی لە 11ی ئازار گەیشتنە ڕانیە وەك؛ مەسعود بارزانی‌و كاك نەوشیروان‌و كۆسرەت ڕەسوڵ‌و عەلی باپیر. بۆ مێژوو دەیڵێم ڕەسوڵ مامەند(سەركردەیەكی حزبی سۆسیالیست بوو) 8ی مانگ هاتەوەو بۆیەكەمجار نازناوی دەروازەی ڕاپەڕینی لە مزگەوتی گەورەی ڕانیەوە ڕاگەیاند."

 

ڕانیە؛ 6ی ئازاری 1991

 ئەو بەشداربووەی ڕاپەڕین هەرچەندە دەڵێت، ئەو ئێستا وەكو حزب یەكێتی نییە، بەڵام باسلەوەدەكات زۆربەی ئەوانەی لە ڕاپەڕینی ڕانیەدا دەوری كاریگەریان هەبووە یەكێتی بوون، "چونكە ڕێكخستنیان لەناوچەكە بەهێز بوو."

 ڕژێمی بەعس هەروا دەستەوەستان نەبووە بەرامبەر ڕاپەڕینی جەماوەر، "6ی مانگ لیوای 5ی سوپای عێراق‌و قاسم ئاغای كۆیە كە مستەشار بوو هاتن ڕانیە بگرنەوە، لە نێوان ڕانیەو هیزۆپ كە خۆم زۆر نزیك بووم لە شەڕەكە لێیاندراو 3 دەبابەیان لێبەجێماو چەندین ئەفسەر‌و سەرباز كوژران‌و هێرشەكەیان شكا."

 لە نێوان ڕانیەو چوارقوڕنەدا سەربازگەیەكی عێراق هەبووەو فیرقەی 24ی سوپای تێدابووە، ڕۆژی 6ی ئازار چەند هەلیكۆپتەرێك بەنیازی دەربازكردنی ئەفسەرە باڵاكانی ناو سەربازگەكە بەرەو ناوچەكە بەڕێدەكەون، "هاتن ئەفسەرە گەورەكان بەرن بۆ كەركوك، بەڵام تا هاتن خەڵك فیرقەكەی گرت، قائید فیرقەكەشمان گرت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئیهانە بكرێن‌و ئازار بدرێن."

 وەك نیازی حەمەعەزیز باسیدەكات، ئەگەر ئەو قائید فیرقەیە مەبەستی بووایە دەیتوانی زیانی گیانیی زۆر بە خەڵكی ڕاپەڕیوی ڕانیە بگەیەنێت، "سەربازگەكە تەنها 3 كیلۆمەتر لە ڕانیە دووربوو، ئەو ئەفسەرە ئەگەر مەبەستی بوایە چەند تۆپ‌و هاوەنێكی ئاڕاستەی ڕانیە بكردایە شەهیدێكی زۆرمان دەبوو، دەبابەو تانك‌و دۆشكەی لەبەردەستدا بوو، هەرچەندە فیرقەكە هەردەگیرا، چونكە حەماسەتی خەڵك ڕێگەی لێنەدەگیرا."

 نیازی حەمەعەزیز ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو قائید فیرقەیە دواتر نەچووەتەوە لای ڕژێمی بەعس، "چووە ئێران بۆلای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی شیعەو لەم ساڵانەی دواییشدا لە كولیەی ئەركانی چوارقوڕنە وانەی دەوتەوە."

 هەلهەلەی ژنان وای لە پیاوان كردووە نەزانن ترس چییە

 شان بەشانی پیاوان، ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ڕاپەڕینداو شەهیدیان هەیەو هانی خرۆشانی جەماوەری ڕاپەڕیویان داوە، ئەوانە لەكاتێكدا بوون وەك نیازی حەمەعەزیز دەیگێڕێتەوە لەوكاتەدا دڵنیا نەبوون كە سەردەكەون.

 "ئەوڕۆژە زۆربەی ژن دارو ماسیحەی ماڵ پاككردنەوەیان پێبوو، بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری ڕژێم بوونەوە، هەلهەلەو چەپڵەی ژنان پیاوانیان والێكردبوو نەزانن ترس‌و گوللە چییە، نمونەی بەخشین ئافرەتێك بوو بەناوی گوڵەباخ كە ئەو ڕۆژە شەهید بوو" نیازی حەمەعەزیز وای وت.

 مریەم قادری كە نازناوەكەی گوڵەباخ بووە، خەڵكی پارێزگای كرمانشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەو پێشمەرگەی حزبی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بووە كە لەو كاتەدا بارەگاكەیان لە نزیك ڕانیە بووە.

 گوڵەباخ ڕۆژی ڕاپەڕین چەكی كردووەتەشان‌و جل‌وبەرگی پیاوانەی لەبەركردووەو فیشەكدانی بەستووە، تێكەڵی جەماوەری ڕاپەڕیو بووە بۆ پەلاماردانی بارەگاكانی بەعس.

 وەك نیازی حەمەعەزیز باسیدەكات، دەوری نوسەرو ڕۆشنبیران زۆر دیاربووە، "ئەحمەد شێواو كە شاعیرێكی بەناوبانگی ناوچەكەبوو پێشەنگی خەڵك بوو، شیعری دەخوێندەوەو هانی خەڵكی دەدا."

  ئەحمەد شێواوی شاعیر، ڕۆژی ڕاپەڕین لە ڕانیە.

 خەڵكی ناوچەكە زۆر خۆشحاڵ بوون بە ڕاپەڕین‌و ڕزگاربوون لە ڕژێمی بەعس‌و وەك جەژن مامەڵەیان لەگەڵ ڕۆژانی ڕاپەڕین كردووە، "نەماندەزانی ئەو سەركەوتنە بەو قەبارەیە دەبێت، ئەوە خەون بوو هاتەدی" نیازی حەمەعەزیز وای وت.