دوو پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی چوونە بەردەم دادوەر

12-04-2021 12:11

پەرەگراف

هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی لە دەروازەی سنووریی باشماخ، چوونە بەردەم دادوەر لە دادگای پێنجوێن و وتەیان لێ‌ وەرگیرا.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەڵێت "بۆ ئەو سكاڵایەی كە گوایە ئێمە لەسەر دۆسیەی قاچاخی ناوزڕاندمان كردووە، لەبەردەم بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەدا ئامادە بووین، وتەمان لێوەرگیرا".

ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی "پێداگیریمان لەسەر كۆی ئەو زانیارییانە كردەوە كە لە ڕابردوودا باسمان كردوون، وردەكاریمان خستە بەردەم بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە".

پاش ورگرتنی وتەكانیان، هەردوو پەرلەمانتارەكە بە بەڵێننامەی كەسی ئازاد كراون تا ڕۆژی دادگایی كردن.

عەلی حەمەساڵح جەخت دەكاتەوە كە "قاچاخچێتی بەردەوامە و بووە بە یەكێكە لە سیما ناشرینەكانی حوكمڕانی لە كورستان. ئێستا مریشك و ماسی و ئاژەڵ و هێلكەو نەوت و دووگ و خورما و جگەرە و فافۆن و مس و جۆ و ئۆتۆمبیل... هتد، كاری بەرپرسە قاچاخچییەكانە".

ڕۆژی 1-2-2021 پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندیی لەسەر هەریەكە لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان هەڵگرت بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادگا.

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو و عەلی حەمەساڵح دوای سكاڵایەك بووە لەلایەن بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ لەسەر پۆستێكی فەیسبوك، ئەوانیش خۆیان دەستپێشخەرییان كردووە بۆ ئەوەی بچنە بەردەمی دادگا.

ئەو دوو پەرلەمانتارە، كۆتایی ساڵی ڕابردوو لە فەیسبوك بابەتێكیان بڵاو كردەوە ‌و تێیدا ئاماژەیان بە قاچاخچێتی لە دەروازەی باشماخ كرد، دواتر سكاڵایان لەسەر تۆمار كرا و دادگای لێكۆڵینەی پێنجوێن نووسراوی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بە مەبەستی لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە.

عەلی حەمەساڵح‌ و دابان محەمەد، لە ناوەڕاستی مانگی یەكدا، نووسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و داوای لابردنی پارێزبەندییان كرد، بۆ ئەوەی لەبەردەمی دادوەر "بە قەبارەی 750 ملیۆن دۆلار قاچاخچێتی لە ماوەی 18 مانگدا لەو دەروازەیە بسەلمێنن".

* قاچاخچێتی و گەندەڵی لە دەروازەکان بەردەوامە؛ مانگانە زیانی "١٧٠ ملیار دینار" لە حکومەت دەدەن

* هێزەكە بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی پێكنەهێنرا؛ وەزیری ناوخۆ: سلێمانی بۆچوونی جیاوازی هەیە