یەكێتی پڕۆژەی لامەركەزیی بڵاوكردەوە‌و دەڵێت چاوەڕوانی حكومەتن؛ ڕای مەسرور بارزانی چییە؟

18-01-2021 04:20
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی - مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم

پەرەگراف

یەكێتی دەقی ڕەشنوسی پڕۆژەی لامەركەزیی كارگێڕی‌و دارایی بڵاوكردەوەو چاوەڕوانی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ هەنگاوی كرداریی‌و جێبەجێكردنی، گۆڕان پشتیوانیی لامەركەزیی دەكات‌و پارتی‌و مەسرور بارزانیش لەگەڵیدان بەوشێوەیەی لە كارنامەی كابینەی حكومەتدا هاتووە.

ڕەشنوسی پڕۆژەكەی یەكێتی لە 11 ماددە پێكهاتووەو تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئامانج لە پڕۆژەكە چەسپاندنی لامەركەزییەتی ئیداریی پارێزگاكان‌و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی‌و نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی كاری هاوڵاتییانە .

"زامنكردنی دابەشكردنی داهاتە گشتییەكان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون" ئەمە خاڵێكی دیكەیە لە ئامانجەكانی پڕۆژەكە.

بڵاوكردنەوەی پڕۆژەكە دوای ئەوەهات، دوێنێ لاهور شێخ جەنگی ھاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكی حیزبییدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیی دارایی و كارگێڕیی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم.

ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو یەكێتی هەڵمەتێكی چڕی بۆ جێبەجێ كردنی لامەركەزیی دەستپێكرد، لەوەشدا بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی دەكات بەوپێیەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بزووتنەوەكە ئەو داواكارییەی هەبووە.

یەكێتی‌و گۆڕان دوو لایەنی ناو حكومەت و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی چوار یەكەی ئیداریی سەربەخۆن، هەرچەندە وادەردەكەوێت سلێمانی سەرمەشقی داواكردنی لامەركەزییەو ساڵی ڕابردوو لە ئەنجومەنی پارێزگاوە لیژنەی بۆ پێكهێنرا، بەڵام داواكارییەكە بۆ سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە.

سیستمی لامەركەزی بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە خۆجێییەكان، بەوپێیەی حكومەتە خۆجێییەكان لەژێر چاودێری ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتی مەركەزیدا كارەكانی خۆیان دەكەن.

بەپێی ڕەشنوسی پڕۆژەی لامەركەزی، داواكراوە دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە شۆڕبكرێتەوە بۆ یەكە ئیدارییەكان بۆ ئەوەی ناوچەكان سود لە داهات‌و سامانی سنوری خۆیان وەربگرن.

پڕۆژەكە پێویستە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت تا لەڕوی یاساییەوە لە پەرلەمانەوە یەكلابكرێتەوە.

دوای وروژاندنی لامەركەزیی لە سلێمانی، پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك هەمان خواست‌و داواكارییان لە ڕاگەیاندنەكانەوە خستەڕوو، فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، لەبەرئەوەی وەزارەتەكانی حكومەت لە هەولێرن، ئەوان زیاتر پێویستیان بە لامەركەزیی هەیە.

بەرپرسانی پارتی دەڵێن، ئەوانیش لەگەڵ لامەركەزیدان‌و ئەوە بەشێكە لە كارنامەی كابینەكەی مەسرور بارزانی‌و چەندین ساڵە كاری بۆ دەكەن، بەڵام تێبینییان لەسەر لامەركەزیی دارایی هەیەو ترسیشیان لەوە هەیە ئەو پڕۆژەیە بەرەو لامەركەزیی سیاسی بڕوات بە ئاڕاستەی دوو ئیدارەیی‌و دوو هەرێمی.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، ساڵی ڕابردوو كاتێك داواكاریی لامەركەزی لە سلێمانیی گەرم بوو، بە ڕۆژنامەنوسانی وت "هەر شتێك لە هەر پارێزگایەك ئامادەبكرێت دەبێت بچێتەوە حكومەت‌و ئەگەر پێویستی بە یاسا بێت دەچێتە پەرلەمان، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، ئەگەرنا ئەو لامەركەزییەتەی لە بەرنامەی حكومەتدا هاتووە ئێمە لە 2009وە كاری بۆ دەكەین".

هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كاتی دانانی بەردی بناغەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی لە مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو وتی، لە بەرنامەی كابینەكەیاندا ئەوە هەیە كە دەسەڵاتەكان شۆڕبكرێتەوە بۆ پارێزگارەكان‌و لەم كابینەیەدا لە هەموو كات زیاتر دەسەڵاتیان شۆڕكردووتەوەو بەردەوام دەبن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو خواستە.

مەسرور بارزانی لە وتاری دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی(11-7-2020) لەبارەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان ڕای خۆی‌و كابینەكەی خستەڕوو

دەقی پڕۆژەی لامەركەزیی كە یەكێتی ئامادەی كردووەو ئەمڕۆ بڵاویكردەوە

ڕەشنووسی پەیڕەوی ژمارە ( ) ساڵی ٢٠٢٠

پەیڕەوی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لەهەرێمی كوردستان – عێراق

پاڵپشت بە بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( هەشتەم ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو، و ئاماژە بە ئاستی كارگێڕی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، و پشت بەستن بەیاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٣ ) ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و پشتبەستن بە ئەحكامی مادەكای ( دووەم ) و ( پێنجەم ) و ( شەشەم ) لەیاسای ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیبی ناسەنتەرت لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان بە هاوڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە ( ) لە ڕۆژی ( / /٢٠٢٠ ) ئەم پەیڕەوەی خوارەوەی دەركرد :

مەبەست لە ناناوەندێتی بەڕێوەبردن و ئامانجەكانی

مادەی یەكەم /

بۆ مەبەستەكانی ئەم پەیڕەوە ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشكردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییەكان لەنێوان حكومەتە خۆجێیەكان و دامەزراوە ناوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان .

مادەی دووەم /

ئامانجەكانی ئەم پەیڕەوە بریتین لەمانەی خوارەوە :

1- چەسپاندنی لامەركەزییەتی ئیداریی پارێزگاكان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی.

2- نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی كاری هاوڵاتییان .

3- زامنكردنی دابەزاندن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی وتەكنیكی و یاساییەكان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەكان بۆ فەرمانگەكان و سنوری پارێزگاكان و یەكە كارگێڕییەكان .

4- زامنكردنی دابەشكردنی داهاتە گشتییەكان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون .

مادەی سێیەم /

1- دابەشكردن و دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییانەی لەخشتەی هاوپێچی ئەم پەیڕەوە هاتوون بە پارێزگار كە لانی كەم دەسەڵاتەكانە و دەكرێت دەسەڵاتی زیاتر لەوانەش دابەزێندرێت .

2- پێویستە لەسەر پارێزگار بەشێك لەدەسەڵاتەكانی هاتوو لەبڕگەی ( ١ )ی سەرەوە دابەزێنێت بۆ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان.

3- خشتەی هاوپێچكراوی ئەم پەیڕەوە هەمان ‌هێزی پاپەندكاری پەیڕەوەكەی هەیە.

مادەی چوارەم /

یەكەم : داهاتەكان

تۆماركردنی سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەجیا لە ئەژمارێكی بانكی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ كە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:

1- داهاتە نانەوتی و گازییەكان .

1- باجەكان .

2- گومركەكان .

3- رسومات .

4- داهاتە جۆربەجۆرەكانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەكان .

5- داهاتی بەكرێدان و موساتەحە و فڕۆشتن و ڕەفتاركردن بە موڵك و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .

6- سزا داراییەكان ( غرامات )

2- بەخشین و هاوكاریی و پیتاكی بەخشراو .

3- بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ .

دووەم /

هەموو قۆناغەكان و چالاكییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەكاتی گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاكییەی دەكەوێتە سنوری جوگرافیاكەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنكردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەكەی .

مادەی پێنجەم /

خەرجیەكان

لەدوای داشكاندنی بڕێك لەداهاتی ناوخۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان كەبەدەستدەهێنرێن لە سەرچاوەكانی هاتوو لەمادەی ( چوارەم )ی ئەم پەیڕەوە، بۆ مەبەستی بەشداری لەخەرجییەكانی بەكاربردنی دامودەزگا ناوەندییەكانی سەر ئاستی هەرێم و تەواوكاریی تەرخانكراوی سەرباری بۆ مووچە و خەرجییەكانی كارەبا بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ و بەپێی ڕێككەوتن، ئەوا پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەمانەی لای خوارەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە داراییەكان دوای داڕشتنەوەی ئەو ڕێنماییە داراییانەی بەجۆرێك لەگەڵ ئەحكامەكانی ئەم پەیڕەوە بگونجێت :

1- خەرجكردنی بودجەی بەكاربردنی پەسەندكراوە ( جگە لەمووچە ) لەسنوری پارێزگا .

2- خەرجكردنی بوودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا .

مادەی شەشەم /

1- بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم پەیڕەوە ئەنجومەنێك پێكدێت بەناوی ( ئەنجومەنی هەماهەنگی لەگەڵا حكومەتە خۆجێتییەكان ) بەسەرۆكایەتی ( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ) و جێگرایەتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و ئەندامێتی هەریەك لە ( وەزیری دارایی و ئابووری ، وەزیری سامانەسروشتییەكان ، وەزیری ناوخۆ ، وەزیری پلاندانان ، سەرۆكی دیوان ، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ) كە دواتر بە پەیڕەوێكی ناوخۆیی وردەكاری ئەم ئەنجومەنە ڕێكدەخرێت .

2- ئەم ئەنجومەنە كاردەكات بۆ :

1- چۆنیەتی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان.

2- چاودێری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان لە پارێزگاكاندا .

مادەی حەوتەم /

لەكاتی دروستبوونی هەر دۆخێكی نەخوازراو كە ببێتە هۆی ئەوەی بودجەی ساڵانە پەسەند نەكرێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەوا ئەو پارێزگایە پڕۆژە بودجەكەیان بەركار دەبێت .

مادەی هەشتەم /

پارێزگار دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی هەیە دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان .

مادەی نۆیەم /

لەكاتی دەركردنی هەر پەیڕەو و بڕیارێك لە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەبێت لەسەر بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە، دەبێت ڕەزامەندی پارێزگاكە وەربگرێت .

مادەی دەیەم /

كار بەهیچ پەیڕەو و بڕیار و ڕێنماییەك ناكرێ بە پێچەوانەی بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە بێت .

مادەی یانزەیەم /

ئەم پەیڕەوە جێبەجێ دەكرێت لەڕۆژی پەسەندكردنییەوە .