گۆڕان پڕۆژەی لامەركەزیی بڵاوكردەوەو دەڵێت: خۆمان بە خاوەنی دەزانین‌و بەو مەرجە چووینەتە حكومەت

18-01-2021 11:02

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەكەی لەبارەی لامەركەزیی بڵاوكردەوە كە ساڵی ڕابردوو ناردوویەتی بۆ حكومەتی هەرێم، گۆڕان دەڵێت، چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتین‌و خۆمان بە خاوەنی پڕۆژەی لامەركەزیی دەزانین‌و بەو مەرجە چووینەتە حكومەتەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكێتی پڕۆژەی خۆی بۆ لامەركەزیی دارایی‌و كارگێڕی بڵاوكردەوە، میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕانیش پڕۆژەیەكی بۆ هەمان پرس بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمیان كردووە.

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان بە میدیای بزووتنەوەكەی وتووە، ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیران شاندێكیان ناردوەتە لای گۆڕان، بۆ زانینی تێڕوانینیان لەبارەی لامەركەزیی، "وتیان دەمانەوێ لە قۆناغی یەكەمدا پەیڕەوێك دەربكەین تاهەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (3)ی ئەنجومەنی پارێزگاكان. بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو پڕۆژە و تێڕوانینی خۆی لەبارەی پرسی لامەركەزییەتەوە بۆ حكومەت ناردووە".

بەپێی پڕۆژەكە، بزوتنەوەی گۆڕان چەند بنەمایەكی بنەڕەتی دیاریكردووە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی لامەركەزیی لە هەرێم كە ئەمانەن:

یەكەم_ چەسپاندنی پایەكانی لامەركەزییەت بە یاسا كاریگەرترە وەك بە بڕیار و پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران.

دووەم_ پەیكەری ئیداری حكومڕانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان بەپێی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بە روحییەتێكی مەركەزی نوسراون، بۆیە پێویستە هەمواری یاسای پارێزگاكان ژمارە (3ی ساڵی 20009) گشتگیر و چڕوپڕ بێت و زۆربەی بوارەكان بگرێتەوە بە جۆرێك چارەسەری ئەو دەسەڵاتە مەركەزیانە بكات كە بۆ وەزارەتەكان دیاریكراون.

سێ_ بڕوابونی تەواو بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بۆ سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرەگشتییەكا، بە قەزا و ناحیەكانیشەوە، چونكە ناكرێت دەسەڵات تەنها دابەشبكرێت بۆ سەرۆكی یەكەی ئیداری پارێزگاكان.

چوار_ چەمكی چاودێری بۆ پرسی لامەركەزیەت بابەتێكی یەكجار گرنگ دەبێت، چونكە ئەگەر دەسەڵات دابەشبكرێت و چاودێری كارابونی نەبێت، دەروازەیەمی گەورە بۆ دەركەوتنی گەندەڵی و كاری نایاسایی دەكاتەوە، بۆیە بەهێزكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چاودێری حكومەت هەرێم پێویستی باشترە بۆ بەڕێوەچونی پرسی لامەركەزیەت.

پێنجەم_ لامەركەزییەتی راستەقینە لە دیدی گۆڕاندا، مۆدێلێكی نوێی حكومڕانییە بۆ كار ئاسانی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانی حكومەت، بەتایبەت نیە بە جێگە و پارێزگایەكی دیاریكراو و خوێندنەوەی سیاسی، بەڵكو پڕۆژەیەكی نیشتمانی پیرۆزە بۆ حكومڕانی هەموو پارێزگاكان بەبێ جیاوازی.

ڕێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان، ئەوەش دەخاتەڕوو، لە ئێستادا هەنگاوەكان بە ئاڕاستەیەكە لە قۆناغی یەكەمدا پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوێندرێت، "هەرچەندە گۆڕان ڕوونی كردۆتەوە كە پێویستە یاساكان هەمووار بكرێنەوە و لەگەڵ لامەركەزییەت بگونجێنرێن باشترە بۆ بیناكردنی ئەو بابەتە، بەڵام حكومەت لە ڕێگەی تێگەشتن لە تێڕوانینی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە وەك هەنگاوی یەكەم پەیڕەوێك ئامادە دەكات بۆ ئەم مەبەستە".

چۆمان محەمەد وتیشی: بڕیار وابوو پێش سەری ساڵ پەیڕەوەكە دەربكرێت ، بەڵام تائێستا پەیڕەوەكە دەرنەكراوە، ئێمە لە پڕۆژەكەماندا بە ئامانجی كارئاسانیكردن بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان و چەسپاندنی بنەماكانی لامەركەزییەت داوامان كردووە:

- بەسەرۆكایەتی (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران)، ئەنجومەنێك پێكبهێنرێت بەمەبەستی جێبەجێكردنی پەیڕەوەكە و دابەشكردنی دەسەڵاتە كارگێری و داراییەكان و بەهێزكردنی رۆڵی چاودێری.

- دابەشكردنی دەسەڵاتەكان پەیوەستە بە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی یەكە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی سەر بە پارێزگاكان، پێویستە لەسەر پارێزگا بەشێكی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی و دارایی دابەشبكات بۆ قەزاو ناحیەكان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندی و شوێنی جوگرافیا.

- هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو ماددە یاسایانەی كە لەیاسای ژمارە (3ی2009) جێبەجێنەكراون لەماوەی سێ مانگ لە بەرواری بڵاوكردنەوەی ئەم پەیڕەوە .

- ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی (6) دا مانگ لەبەرواری دەرچواندنی ئەم پەیڕەوەوە پێویستە هەموارێكی گشتگیر بۆ یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩ ئامادە بكات و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی بكات.

- هەمواركردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیڕەوە پێویستی بە رەزامەندی سێ‌ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران هەیە.

ڕێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان باسلەوەش دەكات، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان تایبەت نیە بە پارێزگایەك و گۆڕان بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵاتە كارگێریی و داراییەكان هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و مەبەست لێی تەنها شوێنێكی دیاریكراو نیە.

ڕونیشیكردەوە، لامەركەزییەت دەبێت زۆرینەی بوارەكان بگرێتەوە بۆ ئەوەی كار ئاسانی بێت بۆ كۆی دامەزراوەكان و لەپاڵ ئەوەشدا لایەنی دارایی رەچاو بكرێت، چونكە هەموو لایەنێكی لامەركەزیی پەیوەستە بە پرسیی داراییەوە، "بزوتنەوەی گۆڕان لامەركەزییەت بە دەرچەیەك دەبینێت بۆ ئەوەی بەشێك لەو فشارەی لەسەر حكومەت هەیە لە پرسی كارگێڕی و ئیداری كەمبكاتەوە یان چارەسەری بكات".

چۆمان محەمەد دەڵێت "گۆڕان لە حكومەت بێت یان لە ئۆپۆزسیۆن خۆی بە خاوەنی پڕۆژەی لامەركەزییەت دەزانێت و پرسی جێبەجێ كردنی لامەركەزیی مەرجی گۆڕان بووە بۆ ڕێككەوتنی چونە ناو حكومەت".