چاوەكان لەسەر دادگای پێداچوونەوەن؛ لەبارەی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینانەوە چ بڕیارێك دەدات؟

27-02-2021 04:27

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پارێزەرانی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی سزادراوی بادینان باس لەو ئەگەرانە دەكەن كە دەكرێت لە پێداچوونەوەی دۆسیەی سزادراوان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە سەبارەت بە گۆڕانكاری لە سزاكاندا بێنە پێش. لەنێو ئەگەرەكاندا "ئازاد كردن، كەمكردنەوەی سزا و غەرامەی ماددی" و تەنانەت "زیادكرنی سزا"یش هەن.

پاش ڕادەستكردنی دۆسیەی سزادراوانی بادینان بە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، چاوی پارێزەر و كەسوكار و ڕایگشتییش لەسەر ئەوەیە كە دادگاكە چ بڕیارێك لەبارەی دۆسیەكەوە دەدات، بە تایبەت كە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە بە "نادادپەروەرانە" ناو دەبرێت.

ڕێڤینگ یاسین كە یەكێكە لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافى وت "دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستیدایە، بڕیار بدات. ئەو بەڵگانەش كە سزاكەیان پێ‌ دەركراوە، زۆر لاوازن".

هاوكات ڕەمەزان ئەرتیسی كە پارێزەرێكی دیكەی دۆسیەكەیە، بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "دادگای پێداچوونەوە هەموو دەسەڵاتێكی هەیە. یاسا دەسەڵاتی پێ‌ داون هەر بڕیارێك بدەن كە باوەڕیان پێ‌ هەبێت".

بەپێی قسەی ئەو پارێزەرانە، دیارترین ئەگەرەكان ئەوەن كە "دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت وەسفی یاسایی ئەو تاوانەی كە ئەوان پێی ئیدانە كراون، لە یاسای ژمارە 21ی ساڵى 2003ـەوە بگۆڕێت بۆ یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، یان یاسای خۆپیشاندان".

ڕێڤینگ یاسین ئاماژەی بەوە كرد كە "لەو یاسایانەدا سزاكە حەبس یان غەرامەیە، كە حەبسەكە ئەوپەڕی پێنج، شەش مانگە". وتیشی "دادگا دەتوانێت سزاكە كەم بكاتەوە یان ڕاستەوخۆ ئازادیان بكات".

هەروەها ڕەمەزان ئەرتیسی دەڵێت "ئێمە داوای پێكهێنانی (الهیئە الموسعە)مان كردووە لە 11 دادوەر پێك بێت، كە دەسەڵاتی ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان، گۆڕینی ماددە یاساییەكەیان بۆ ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و گۆڕینی بۆ یاسای خۆپیشاندانی هەیە".

ئەو پارێزەرە باس لەوە دەكات "ئەگەر ماددەكە بگۆڕێت بۆ ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، یان یاسای خۆپیشاندان، لە هەردوو حاڵەتەكەدا سزاكەیان لە شەش مانگ بەندكردن تێناپەڕێت و ئەگەری غەرامەی ماددیش هەیە".

"لەو حاڵەتەدا ئەوان خۆیان شەش مانگ زیاترە لە زینداندان و لە یەكەم ڕۆژی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیركردنیان بۆیان حیسابە، بۆیە ڕاستەوخۆ ئازاد دەكرێن"، ڕەمەزان ئەرتیسی بۆ پەرەگراف وای وت.

بەڵام هاوكات ئەو پارێزەرە تیشكی خستە سەر ئەوەی "دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی زیادكردنی سزا"یشی هەیە، كە ئەوان ئەو ئەگەرەیان بە دوور دەزانن، چونكە پێیان وایە ئەو بەڵگانەی بەهۆیانەوە سزاكەیان پێ‌ دەركراوە "لاوازن".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)دا سەپاند.

ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفراوانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراوان و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

ڕۆژی 25-2-2021یش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەی وەرگرت كە لەلایەن دەستەیەك لە پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانەوە پێشكەش كرا.

دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بە سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادیناندا دەچێتەوە

* سزادراوانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

* سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق "ڕێگرە لە دروستكردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە" بۆ دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان

* سی پی جەی بۆ پەرەگراف: سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان ناڕەوایەو بەڵگەكان جێی باوەڕ نین

* دەستگیركراوانی بادینان؛ ئەو دۆسیەیەی هەمووان بیستیان و كەس زانیاریی لەسەری نییە