سەرنووسەری پەرەگراف بە كەفالەت ئازاد كرا

19-01-2020 02:48
سوركێو محەمەد، سەرنووسەری پەرەگراف


پەرەگراف

سەرنووسەری پەرەگراف لەسەر سكاڵایەكی دیكەی ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە كەفالەت ئازاد كرا.

سوركێو محەمەد، سەرنووسەری پەرەگراف، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چووە بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لە سلێمانی، لەسەر سكاڵایەكی دیكەی ئارام شێخ محەمەد كە ١٦ی ئەم مانگە تۆمار كراوە. ئەوە دووەم سكاڵای یاساییە لە ماوەی ھەفتەیەكدا ناوبراو لەسەر سەرنووسەری پەرەگراف تۆماری كردووە.

ماددەی یاسایی سكاڵاكە لە یاسای سزادانی عێراقییەوە گۆڕدرا بۆ یاسای ڕۆژنامەنووسیی‌و دادوەر بڕیاریدا، سەرنوسەری پەرەگراف بە كەفالەتی 500 هەزار دینار ئازاد بكرێت.

چوارشەممەی ڕابردوو لەسەر سكاڵایەكی دیكەی ئارام شێخ محەمەد، سەرنووسەری پەرەگراف لەبەردەم دادوەر ئامادە بوو و بە كەفالەت ئازاد كرا، سكاڵاكە لەسەر ئەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەیە كە پەرەگراف بە بەڵگەوە بڵاوی كردووەتەوە‌ و پەیوەندیدارە‌ بە موڵك‌ و ماڵی گشتی كە جێگری دووەمی پێشووی سەرۆكی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای تەواوبوونی كاری فەرمی نەیگەڕاندوونەتەوە بۆ دەوڵەت.