نامەیەكی بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان دەخوێندرێتەوە

28-10-2017 07:37
مەسعود بارزانی. فۆتۆ: سوركێو محەمەد.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی نامەیەك ئاڕاستەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و بۆ یەكەمجار لەدوای پەكخستنی پەرلەمان لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 سەرجەم فراكسیۆنەكان بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكەن.

 

د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی پەرلەمانی ڕاگەیاند"ئەمڕۆ 28/10/2017 نامەیەك لە سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە پەرلەمانی كوردستان و لە دانیشتنی سبەی 29/10/2017 دەخوێندرێتەوە."

 

بۆ وەگرتنی زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكە، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك لەبارەی نامەكە ئاشكرا بكات‌و وتی"ئاڕاستەی دانیشتنی پەرلەمان كراوە تا سبەینێ نەیەتەناو دانیشتنەكە بڵاونابێتەوە."

 

سكرتێری پەرلەمان، لەبارەی كارنامەی دانیشتنەكە تەنها ئەوەندەی وت"كارنامەی دانیشتنەكە سێ بڕگەیە" ئامادەنەبوو ئەو بڕگانەش بخاتەڕوو، وتی"لە سندوقی پەرلەمانتاراندا كارنامەكە دانراوە."

 

لە بانگهێشتنامەی دانیشتنەكەی سبەینێدا كە لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاوكراوەتەوە كارنامەكە ئاشكرا نەكراوەو تەنها ئەوەخراوەتەڕوو، كۆبوونەوەكە كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی 29-10-2017 دەبێت.

 

فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداریی دەكەن لە دانیشتنەكەی سبەینێدا، ئەوەش بۆ یەكەمجارە بەشداربن لەدوای پەكخستنی پەرلەمان لە 12-10-2015، بەڵام یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكات.

 

عەبدولرەحمان عەلی ڕەزا، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، بڕیاریانداوە بەشداریی ئەو دانیشتنە بكەن‌و هەماهەنگییان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی هەیە، وتی"هەرچەندە سەرنج‌و تێبینیمان زۆرە لەسەر شێوازی دانیشتنەكەو نەبوونی كارنامە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت 48 كاتژمێر پێش كۆبوونەوەكە پەرلەمانتاران ئاگاداربكرێنەوە كە كارنامەكە چییە، ئەمە نەكراوە ئەوەش لادانە لە پەیڕەو."

 

لەبارەی ئەوەی كارنامەی دانیشتنەكە خرابێتە سندوقی پەرلەمانتاران، عەبدولرەحمان عەلی وتی"ئەمڕۆو دوێنێ دەوام نەبووەو پێنج شەممە تا كاتژمێر 1:15 لە پەرلەمان بووم كارنەمەمان پێنەدراوە، ئەم دانیشتنە دووجار دواخراوەو پەیوەندیی بەو نامەیەی بارزانییەوە هەبووە كە نەیناردووە بۆ پەرلەمان‌و نەینوسیوە، ئەمڕۆ نامەكە ئاڕاستە كراوەو بڕیاری دانیشتنەكە دراوە، ئەگەر نەینوسیایە دڵنیابە دانیشتنەكە سبەینێ نەدەكرا."

 

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان باسیلەوەشكرد، هەرچەندە كارنامەكە بە فەرمی بڵاونەكراوەتەوەو بەدەستیان نەگەیشتووە، "بەڵام ئەوەندەی لە فراكسیۆنەكانی دیكە دەیبیستین، قسەكردنە لەسەر ئەو نامەیەی بارزانی كە وازبهێنێت‌و دواتر دەسەڵاتەكانی دابەشبكرێت بەسەر حكومەت‌و پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەریی."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم تائێستا بارزانی ماوەتەوە لە پۆستەكەیدا.

 

هەرچەندە بڕیاربوو 1-11-2017 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت‌و پێشتر بارزانی ڕایگەیاندبوو نەخۆی‌و نەهیچ خزمێكی كاندید ناكات، بەڵام پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی پێشوویدا 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنەكانی دواخست.

 

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان، بەشداریی دانیشتنەكەی سبەینێ ناكات، وتی"یەكێك لە دروشمەكانمان گۆڕینی سیستمی حكومڕانی بووە لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، بۆیە بەشداردەبین بۆئەوەی ڕێگربین لەوەی هەموو دەسەڵاتەكان بەخواستی پارتی‌و یەكێتی دابەشبكرێن."