قوباد تاڵەبانی داوای نێوەندگیری لە موقتەدا سەدر دەكات بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا

09-11-2017 07:12
موقتەدا سەدرو قوباد تاڵەبانی.

 

پەرەگراف

 

قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوا لە موقتەدا سەدر دەكات، نێوەندگیری بكات بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەولێرو بەغدا‌و گەڕانەوە بۆ دەستوور، سەدر لە وەڵامدا دەڵێت، ڕیفراندۆمەكەتان دەستوریی نە بووە، ئیتر چۆن باس لە پابەندبوون بە دەستور دەكرێت بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم.

 

ماڵپەڕی فەرمیی موقتەدا سەدر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە ڕێبەری ڕەوتی سەدر كردووەو داوای لێكردووە ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان هەرێم‌و حكومەتی ناوەندیی‌و گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە دەستوور.

 

"لەبارەی ئەو داواكارییەوە بەڕێزیان جەختیان لەوە كردۆتەوە لە بنەڕەتدا ڕیفراندۆم دەستوری نەبووە، ئیتر چۆن باس لە پابەندبوون بە دەستور دەكرێت بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم" ماڵپەڕەكەی سەدر وادەڵێت.

 

هاوكات قوباد تاڵەبانی لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبوك، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پشتڕاست كردووەتەوەو نوسیویەتی"گفتوگۆمان لە بارەی رەوشی هەنوكەیی كرد و جەختمان لە گرنگی چارەسەركردنی كێشەكان كرد لە رێی گفتوگۆوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە" بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرا بكات.

 

هەر بەپێی ماڵپەڕەكەی موقتەدا سەدر، بەشێكی دیكە لە پەیوەندییەكەی قوباد تاڵەبانی‌و سەدر، گفتوگۆكردن بووە لەسەر بودجەی عێراق‌و سەدر ئەوەی خستوەتەڕوو، عێراق لە دۆخێكی خراپی ئابوریدایەو لەو ڕووەوە دۆخی هاوڵاتیان لە ناوەڕاست‌و باشوری عێراق لە هەرێمی كوردستان باشتر نییە.

 

هەروەها موقتەدا سەدر تەئكیدی كردووەتەوە، لە تێكنەدانی ژیانی هاوڵاتییان‌و سەقامگیری بژێوییان لەكاتی ململانێ سیاسییەكاندا.

 

پەیوەندیی قوباد تاڵەبانی بە موقتەدا سەدرەوە لەكاتێكدایە، حكومەتەكەی عەبادی وەڵامی پەیامەكانی حكومەتی هەرێم ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرێم داوادەكات وڵاتانی دەرەوە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی دانوستاندن بێت‌و دەڵێت، سیاسەتی بەغدا بەڕوونی دیارە كە دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.

 

حەیدەر عەبادی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییەو لەڕێی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقەوە هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان دەدات.

 

ئێستا سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول هەڵنەوەشێتەوە كە تێیدا زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق.

 

هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە پێشنیاری سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام دەڵێت، هەڵناوەشێتەوە، هاوكات لە یەكەم چاوپێكەوتنی دوای ڕیفراندۆم(7ی ئەم مانگە) مەسعود بارزانی دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە."