بڕیاری کۆتایی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەربارەی ڕیفراندۆم

20-11-2017 01:28
كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان دەرکرد و پڕۆسەکەی بە نادەستووری ناساندو تەئکید دەکاتەوە، ئەنجامەکەی و لێکەوتە و هەر دۆخێک بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ھاتبێتە ئاراوە هەڵوەشاوەیە.

 

دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی 7 سكاڵا کۆبووەوە، كە چواریان تانەدان بوون لە نادەستوریی بوونی ڕیفراندۆمەكەی ٢٥ی ئەیلولی كوردستان کە تێیدا زیاتر لەسەدا ٩٢ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق.

 

دوای کۆبوونەوەکە ئەیاس ساموک، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی بڕیاری داکە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئەنجامدرا، "نادەستوورییە."

 

ساموک وتیشی"بەپێی بڕیارەکە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە و لێکەوتە و هەر دۆخێک بەهۆی ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە هاتووەتە ئاراوە هەڵوەشاوەیە."

 

دادگای فیدراڵی ئەوەی ڕوونکردووەتەوە، بۆئەو بڕیارەی پشتی بەستووە بە ماددەی یەکی دەستوری عێراق، ڕۆژی 6ی ئەم مانگەش دادگای فیدڕاڵی لەوەڵامی داواكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ شیكردنەوەی ماددەی یەکی دەستور ڕایگەیاند، دەستووری هەمیشەیی ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات.

 

ھاوکات حكومەتی هەرێم 14ی ئەم مانگە شیكردنەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی پەسەندكردو ڕایگەیاند"ڕێز لەو ڕاڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەم لە دەستوور دەگرین، لە هەمان كاتیشدا دووپاتی دەكەینەوە بڕوامان وایە كە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە ڕێگەی جێبەجێكردنی تەواوی هەموو ماددەكانی دەستووری عێراقەوە."

 

 واچاوەڕوان دەکرێت ھەرێمی کوردستان پابەندبوون بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی ڕابگەیەنێت، دوێنێش ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە، سبەینێ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری نادەستوریی بوونی ڕیفراندۆمەكە دەدات‌و "هەرێمی كوردستانیش پابەندبوون بە بڕیارەكە پیشاندەدات‌و هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆمەكە ڕادەگەیەنێت" بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە بۆئەوەش جۆرێك لە ڕێككەوتن لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و بەغدا كراوە.

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە هەڵنەوەشێتەوە.
 

بڕیاری نادەستوریی بوونی ڕیفراندۆم بەواتای چی دێت؟ د.لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوریی‌و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت "بڕیاری دادگاكە، مادەم ئێمە بەشێكین لە عێراق مولزەمە بۆ هەموو دەسەڵاتەكان لە عێراقدا."
 

ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستوری بۆ پەرەگراف تەئكید لەوەدەكاتەوە بڕیارێكی لەوجۆرە بە مانای هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆم نایەت، وتی"بەمانای هەڵوەشانەوە تەنها حەڵكی كوردستان دەتوانێت بیكات."
 

لەتیف مستەفا باسلەوەشدەكات، ئەگە‌ر دەسەڵاتی هەرێم پابەندبوون ڕابگەیەنێت بەو بڕیارەوە، لە داهاتوودا دەسەڵاتدارێكی دیكە لە هەرێم حوكم بگرێتەدەست دەتوانێت كاربە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە بكات لە ناوخۆدا، بەڵام بۆلایەنی دەرەكی پرسێکی سیاسییە‌و ئەوكات لایەنە سیاسییەكەو هێز، ڕۆڵ دەبینن.
 

بە بڕوای ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستوری، هەرچەندە ڕیفراندۆمەكەی كوردستان لەڕووی یاساییەوە "ئیشكالیەتی لەسەرە‌و لە ناوچەی جێناكۆك كراوەو كەس دانیپێدانەناوە" بەڵام دەشڵێت"ڕاپرسی پێچەوانەی دەستور نییە، بڕیاری جیابوونەوە پێچەوانەی دەستوورە، ڕاپرسی كارێكی نادەستوریی نییە، ئەگەر پڕۆفیشناڵانە بكرێت، بەڵام ڕەنگە دادگاكەش فشاری سیاسی لەسەر بێت."
 

هەرێمی كوردستان هەرچەندە پێشنیاری سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام دەیوت، هەڵناوەشێتەوە، هاوكات لە یەكەم چاوپێكەوتنی دوای ڕیفراندۆم(7ی ئەم مانگە) مەسعود بارزانی دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە."