عومەری سەید عەلی بەرپرسێكی نوێی بۆ میدیای گۆڕان دانا

28-12-2017 04:44

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی گۆڕاندا بە فەرمانی ڕێكخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە، د.ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی نوێی میدیای گۆڕان لە شوێنی عەبدولڕەزاق شەریف دەستبەكاربوو.

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت گۆڕانكاریی لە میدیای گۆڕان‌و خاوەندارێتیی میدیاكە لەماوەی ڕابردوودا یەكێك بوو لەو پرسانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر بوو لەناو ئەو بزوتنەوەیە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەبوو میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاریان بۆئەوە دەكرد بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، بەرپرسی نوێ دەڵێت، میدیاكە كۆمپانیای وشە خاوەندارێتی دەكات.

 

د. ئاكۆ حەمەكەریم، سەرپەرشتیاری نوێی میدیای گۆڕان هەواڵی دەستبەكاربوونی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ فەرمانەكەی بۆ دەرچووە.

 

دەربارەی ئەوەی دوای دەستبەكاربوونی گۆڕانكاریی دیكە ڕوودەدات، بەرپرسی نوێی میدیای گۆڕان وتی"جارێ ڕوون نییە، بەڵام دانانەكە بەشێوەیەكی كاتییەو دوای ئەوە كاردەكرێت لەسەر چاككردن‌و دووبارە داڕشتنەوەی میدیای گۆڕان كە بەشێوەیەكی گشتیی هەموو بوارەكان دەگرێتەوە."

 

گۆڕینی بەرپرسی میدیای گۆڕان بە فەرمانی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بووە، دەربارەی هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە لە میدیای گۆڕان، د.ئاكۆ حەمەكەریم وتی"ئەمە بەشێكە لەو گۆڕانكارییەی كە خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی بەنیازن لە میدیای گۆڕان و هەندێك لە دامەزراوەكانی تر بكرێت."

 

یەكێك لە پرسەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا خاوەندارێتی میدیاكەی بووە، لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف دەربارەی ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا ئایا خاوەندارێتی میدیای گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە، بەرپرسی نوێی میدیای گۆڕان وتی"خاوەندارێتی كەناڵەكە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 2007ەوە كۆمپانیای وشە بووە، تا ئێستاش كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی هەر سەر بە كۆمپانیای وشەن."

 

ئاكۆ حەمەكەریم وتیشی"كەی ئێن ئێن‌و میدیاكانی تر بەشێكن لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەكو خاوەندارێتی، دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە كە كاك نەوشیروان خاوەنی بووە."

 

خاوەندارێتی میدیای گۆڕان پێشتر بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیەی دابەشی دووبەرە كردبوو، هەندێكیان سووربوون لەسەرئەوەی میدیاكەیان هی گۆڕانە نەك كۆمپانیای وشە، ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرەگراف وردەكاریی ئەو پرسەی بڵاوكردەوەو ئەوەی خستەڕوو، ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی گۆڕان‌و میدیاكەی بووەتەوە هاوكارە بۆئەوەی بخرێنەسەر كۆمپانیای وشەو ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەوپێیەی ئەوان "پارەیان بەدەستەوەیەو دەتوانن پشتیوانیی دارایی بكەن."

 

ئاكۆ حەمەكەریم هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانەو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە، پێشتر ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان بووەو لەكاتی چوونە حكومەتی گۆڕان پۆستی ڕاوێژكاری وەرگرت لە ئەنجومەنی وەزیران.

 

دانانی بەرپرسێكی نوێ بۆ میدیای گۆڕان دوای چەند ڕۆژێك دێت لە دابینكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ نوێكردنەوەی بەشداربوونی كەناڵی كەی ئێن ئێن لە مانگی دەستكرد، ئەو پرسە كەناڵەكەی ڕوبەڕوی ئەگەری داخستن كردبوەوە، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان چارەسەریان كردووە.

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاری دانانی بەرپرسی نوێی میدیاكەیان "تاك لایەنە لەلایەن عومەر سەید عەلی دەركراوەو هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئاگادار نەبوون" پەرەگراف هەوڵیدا ئەم زانیارییە لە سەرچاوەی دیكەوە پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام نەیتوانی.

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"پێموایە ئەمە یەكەم هەنگاوە بۆئەوەی میدیاكە بخرێتە ژێر ڕكێفی كوڕەكانی كاك نەوشیروان."

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد كە چیاو نما، كوڕانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان ئامادەن "سەرچاوەی دارایی بۆ میدیاكەیان دابین بكەن" بەڵام بۆئەو كارە مەرجیان هەیەو دەیانەوێت بخرێتەژێر ڕكێفی ئەوان‌و ڕۆڵیان هەبێت لە دانانی سیاسەتی میدیاكە.

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار"چیاو نما نیگەرانن لە سیاسەتی میدیایی بزوتنەوەكە، دەیانەوێت خۆیان بۆردێك بۆ سەرپەرشتیكردنی دابنێن، ئەوكات ئامادەن سەرچاوەی دارایی بۆدابین بكەن."

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ئەو توانا داراییەیان هەیە؟ سەرچاوەكە وتی"ئەوان پارەیان پێیەو دەشتوانن سەرچاوەی دیكەی دارایی لە دەرەوەی خۆیان بۆ پەیدا بكەن."

 

گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی گۆڕانەو لە شوێنێكی گرنگی سلێمانیدایە لەگەڵ كۆمپانیای وشە(پشكی لە كارگەیەكی چیمەنتۆدا هەیە) بەناوی نەوشیروان مستەفاوە بوون، لەدوای كۆچی دوایی ناوبراو، كران بەناوی كوڕەكانیەوە.

 

میدیای گۆڕانیش كە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە لە دەرەوەی كۆمپانیای وشە مایەوە‌و دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هەوڵێكدرا كە بخرێتەسەر ئەوكۆمپانیایە‌، بەڵام لە ئاستی باڵای بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو هەوڵە ڕاگیرا.

 

وەك سەرچاوە ئاگادارەكانی پەرەگراف دەڵێن، لە ئێستادا میدیای گۆڕان مووچەی سێ مانگی ساڵی 2016و یەك مانگی ئەمساڵی كارمەندەكانی قەرزارەو بەكۆی گشتی"زیاتر لە یەك ملیار دینار پارەی مووچەی كارمەندەكانی لەلایە."

 

میدیای گۆڕان كە لەكەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، رادیۆی گۆڕان‌و سایتی سبەی پێكهاتووە، پێشتر بۆ بەرگەگرتنی قەیرانی دارایی هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی خەرجیی گرتەبەر، لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك ڕۆژنامەنوسی لە كارەكانیان لاداو مووچەی بەڕێژەیەك كەمكردەوە، ئەو هەنگاوانەی میدیای گۆڕان ئەنجامیداوە، لەسێ‌ ساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی كۆمپانیا‌و حزبەكانی تردا دووبارەبۆتەوە.