نێچیرڤان بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند ناكات

07-01-2018 04:59
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەسەند بكات‌و دەڵێت، پرسیاریان لەو بارەیەوە هەیەو وەڵامیان دەوێت.

 

ئەوە لەكاتێكدایە 18 ڕۆژ لەمەوبەر بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە بڕیاری كشانەوەیان لە حكومەتی هەرێم ڕاگەیاندو ئەوەیان خستەڕوو، دەسەڵات بەردەوام بووە لە "درێژەدان بە گەندەڵی‌و شەراكەتی ڕاستەقینەی قبوڵ نەكردووەو ئامادە نەبووە چاكسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدات."

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ ئاشكرایكرد كە تائێستا دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵی پەسەند نەكردووە، وتی"ڕێككاری یاسایی هەیەو دەبێت لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت‌و تائێستا پەسەند نەكراوەو بەپێی یاسا دەبێت ئەوان لە ئەركەكانیان بەردەوام بن."

 

دەربارەی هۆكاری پەسەند نەكردنی كشانەوەیان، سەرۆكی حكومەت وتی"هەتا ئێستا پەسەندمان نەكردووە، چونكە نازانین بۆ 3-4 مانگ پێش هەڵبژاردن؟ ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەمانە بۆ لە حكومەت دەرچوون، وەڵامی ئەوەمان دەوێت، چوار ساڵە لەگەڵمانن تازە تێگەیشتوون ئەم حكومەتە وایە؟ ئێمە ئەم پرسیارانەمان هەیەو پێمانوایە دەبێت جارێ قسەیان لەگەڵ بكەین بزانین چییە مەسەلە."

 

كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنەكاندایەو هەفتەی داهاتوو كۆمسیۆن‌و حكومەت بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن كۆدەبنەوە، ئەو دوو حزبە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ قەوارەكەی بەرهەم ساڵح چەند جارێك داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە.

 

گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە دوای ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015‌و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت، لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوبۆچوون بوون‌و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە.

 

ئەو دوو حزبە هەرچەندە وەك ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەوتن‌و پەیامەكانیان بڵاودەكردەوە، بەڵام لە حكومەتی هەرێم نەكشابوونەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی بە پەیوەندییەكانیاندا دەچنەوە

 

لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی دەربارەی پەسەند نەكردنی كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت، لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا هات لەگەڵ مەلا بەخیتار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەوەش دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لە سلێمانی.

 

پارتی‌و یەكێتی لە كۆبوونەوەكەیاندا چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانە؛ كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا‌و هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق‌و دۆخی دارایی‌و پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و یەكڕیزیی ناوخۆیی كە هەمووان جەختی لەسەر دەكەنەوە.

 

لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەكەدا مەلا بەختیار، دەربارەی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئەوەی خستەڕوو، ئەو ڕێككەوتنە "ئەركە مێژوییەكانی" خۆی بەجێهێناوە، وتی"هەموو ئەو موئامەرە گەورانەش كە لێمانكرا، دەستكەوتەكانمان‌و چارەنووسی هاوبەشی هەموو لایەنەكان ئەوەندە گرنگ بوو موئامەرەكە نەیتوانی زەفەر بە ئەزمونەكە بەرێت."

 

دەربارەی ئایندەی نێوان پارتی‌و یەكێتی، مەلا بەختیار وتی"بۆئێستاو لەمەودوا هەم ئێمە نەخشەڕێگامان هەیە، هەم پارتیش بیر لە جۆرێك لە پەیوەندی تایبەت دەكاتەوە لەگەڵماندا، ئێستا بیرلە پەیوەندی نوێ دەكەینەوە لە نێوانماندا."

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت بزوتنەوەی گۆڕان مانگی ڕابردوو تاكلایەنە ڕێككەوتنە سیاسییەكەیانی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسارد بە پاساوی ئەوەی ئەوحزبە ئامادەنییە خاڵەكانی جێبەجێ بكات.

 

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكردوە كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد.

 

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی ئەو ڕێككەوتنەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردۆتەوەو پێیوایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو "هاوسەنگیی نەپاراستووە" لە دابەشكاریی پۆستە حكومییەكاندا.

 

پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی لە ئێستادا لەكاتێكدایە ئەو دوو حزبە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاند، ڕێككەوتوون لەسەر هاوسەنگی لەناو حكومەت‌و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە خۆبگرێت‌و لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ نوسینەوەی ڕێككەوتنەكە.