وەڵامی ئەو تانەیەی كە داوای دەكرد مۆڵەتی نەوەی نوێ هەڵبوەشێندرێتەوە

10-02-2018 03:40
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەڵامی ئەو تانەیەی دایەوە كە داوای وەرگرتنەوەی مۆڵەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ-ی كردبوو بە تۆمەتی"ساختەكاریی لەلایەن شاسوار عەبدولواحید" سەرۆكی جوڵانەوەكە، كۆمسیۆن دەڵێت، ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ئەو حزبە پێشكەش كراون "كێشەیان نییە"و بۆ بابەتی دیكە تانەدەرەكان دەتوانن بچنە دادگا.

 

وەڵامەكەی كۆمسیۆن لەلایەن تانەدەرەكانەوە پەسەند ناكرێت‌و سوورن لەسەرئەوەی ئەو ناوانەی مۆڵەتیان پێوەرگیراوە "ساختەن"‌و كۆمسیۆن تۆمەتبار دەكەن بەوەی "جددی نەبووە" لە كاركردن لەسەر ئەو پرسەو وەڵامەكەی بە "نایاسایی" لە قەڵەم دەدەن.

 

ئەو كەسایەتییانەی لە نەوەی نوێ نەماون، لە بەشێكی تانەكەیاندا كە واژۆی چەندین ئەندامی پێشووی نەوەی نوێی لەگەڵدایەو دراوەتە كۆمسیۆن، شاسوار عەبدولواحید تۆمەتبار كراوە بە"هێنانی كۆمەڵێك پێناسی باری شارستانی‌و ناردنی بۆ كۆمسیۆنەكەتان بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكانیان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن. ساختەكردنی ناوی چوارەمی هەموو ناوە نێردراوەكان لەو لیستەی كە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنەكەتان، هەروەها ساختەكردنی ناوی سێیەمی دایك."

 

هەر گروپ‌و جوڵانەوەیەك داوای خۆتۆماركردن بكات لە كۆمسیۆن بەمەبەستی دامەزراندنی حزب‌و بەشداریی لە هەڵبژاردن، پێویستە چەند ڕێكارێك بگرێتەبەر، لەوانە؛ دەبێت ناو و ناونیشانی تەواوی 2 هەزار كەس بنێرێت بۆ كۆمسیۆن وەك ئەندامی حزبەكە.

 

تانەی ئەو كەسایەتییانە 9-1-2018 لە لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق تۆماركراوەو بەرزكراوەتەوە بۆ فەرمانگەی كاروباری حزبەكان‌و ڕێكخستنی سیاسی سەربە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا، دواتر ئەو فەرمانگەیە جارێكی دیكە ڕوبەڕوی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی كردووەتەوە بۆ وردبینی كردن‌و وەڵامدانەوەی، سەرەتای ئەم مانگە وەڵامدراوەتەوە.

 

ڕزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەربارەی ئەنجامی ئەو تانەیە بۆ پەرەگراف وتی"ڕوبەڕوی هۆبەی ئەحزابی لقی سلێمانی كۆمسیۆن كراوەتەوەو ئەوان وتویانە وردبینیمان بۆ ناوەكان كردووەو كێشەیان نییە، بەڵام بابەتی دیكە كە پەیوەندیی بە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیانەوە هەیە دەتوانن لە دادگا سكاڵا تۆمار بكەن."

 

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان وەك ئەنجومەنی كۆمسیاران ناچنە ناو كێشەی نێوان حزبەكان، "لەهەر بابەتێك كێشە لەنێوان حزبەكان هەبێت دەتوانن بڕۆن لە ڕێگای دادگاوە سكاڵا تۆمار بكەن‌و بەدوای مافی خۆیان بكەون، ئەوكات دادگا هەر بڕیارێك بدات ئێمە جێبەجێی دەكەین."

 

دەربارەی چۆنییەتی وردبینیكردنی ئەو ناوانەی تانەدەرەكان دەڵێن "تەزویرن" ڕزگار حەمە محێدین ئەوەی خستەڕوو، ئەو ناوانەی واژۆیان كردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نەوەی نوێ دەبێت تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵ بێت‌و بەوپێیەش ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیەو لەوڕێیەوە لقی سلێمانی كۆمسیۆن وردبینی كردووەو"دڵنیابوونەتەوە كە بەڵێ هەن."

 

"ئەوەی كۆمسیۆن كردوویەتی نا پەسەندو ناقانونییە"

 

تانەدەرەكان لەگەڵ ئەوەی وەڵامەكەی كۆمسیۆن پەسەند ناكەن، هاوكات ڕەخنەی لێدەگرن‌و تۆمەتباری دەكەن بەوەی جددی نەبووە لە كاركردن لەسەر تانەكەیان‌و سوورن لەسەر ئەوەی ناوی چواریی ئەو كەسانەو سیانیی دایكیان "تەزویرن".

 

بەهجەت ئەحمەد، بەرپرسی پێشووی سەرچاوە مرۆییەكانی نەوەی نوێ كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی لە جوڵانەوەكە نەماوەو تانەكەی تۆماركردووە، ئەوەدەخاتەڕوو وەڵامی كۆمسیۆن بۆ تانەكەیان پشتی بەستووە بە مەحزەری ئەو لیژنەیەی خودی كۆمسیۆن كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی كۆنگرەی نەوەی نوێی كردووە.

 

بەهجەت بۆ پەرەگراف وتی"وەڵامەكەی كۆمسیۆن لە هیچ خاڵێكدا ئاماژەیان بە تانەكەی ئێمە نەكردووەو تەنها ئەوەندەیان نوسیوە‌و دەڵێت، دوای ئەوەی سەیری مەحزەری لیژنەكەیان كردووە دەركەوتووە نەوەی نوێ هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە، ئەگەر ئەوان(مەبەست تانەدەرەكانە) كێشەیان هەیە بەپێی ماددەی 32 دەتوانن بچنە دادگا."

 

بەرپرسی پێشووی سەرچاوە مرۆییەكانی نەوەی نوێ كە خۆی كەسێكی یاساییە، ئەوە ڕووندەكاتەوە ماددەی 32 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان پەیوەندیی هەیە بە بەشی چاودێریی كۆمسیۆن خۆیەوە كە ئەوان دەتوانن لێپێچنەوە لەو حزبانە بكەن كە پێشێلی یاسایان كردووە، وتی"هیچ ڕەبتی بە ئێمەوە نییەو ئێمە پشت بەستوو بە ماددەی 10 تانەكەمان داوە."

 

پێشتریش سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ پەرەگراف ئەوەی خستبووەڕوو، تانەی ئەو كەسایەتییانە لە دژی نەوەی نوێ، مەرجە شكڵییەكانی تانەدانی تێدابووەو لەماوەی یاساییدا تانەكەیان تۆماركردووە، هەربۆیە بەپێی ماددەی 10 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان، تانەكەیان وەرگیراوە.

 

بەهجەت ئەحمەد دەشڵێت"هیچ ناوێك وردبینی بۆ نەكراوەو ئەسڵ‌و ئەساسی نییە، تاكە یەك ناو وردبینی بۆ نەكراوە، ناوی خۆمانی تێدایە ئەگەر تەلەفۆن بكرایە بۆخۆمان دەكراو تەلەفۆن بۆ یەك كەس نەكراوە، لە سەرەتاشەوە وردبینی نەكراوەو ئەگەر بكرایە ئەو تەزویرە گەورەو ناوە وەهمییانە دەردەكەوتن."

 

ئەو 2 هەزار كەسەی ناو و ناونیشانیان نێردراوە بۆ كۆمسیۆن وەك ڕێكارێكی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ نەوەی نوێ، بەهجەت ئەحمەد سوورە لەسەر ئەوەی"ناوی چواریی لەسەدا 99 یان وەهمییەو لەسەدا سەدیان ناوی سیانیی دایكیان وەهمییە."

 

لەگەڵ ناردنی ناو و ناونیشان، ژمارەی مۆبایلی ئەو 2 هەزار ناوەش نێردراوە بۆ كۆمسیۆن، بەهجەت دەڵێت"كۆمسیۆن ڕاست ناكات، ئەوان بۆیە داوای ژمارەی مۆبایلیان كردووە بۆئەوەی لەو ڕێیەوە وردبینیی بكەن، من بە كۆمسیۆنم وت لەو 2 هەزار ناوە تەنها تەلەفۆن بۆ 5 كەس بكەن بەدڵی خۆتان هەڵیان بژێرن، ئەگەر ئەو 5 كەسە دانەیەكی دەرچوو ئەو ناوە تەواوە ئەوە مانای وایە ئەوان كارەكەیان سەد لە سەد تەواوە ئەگەر ئەو پێنجەش هەرپێنجیان دەرچوو كە تەزویرە ئەو كاتە بڕیار بدەن، تەنانەت هەندێك لەو برادەرانەی لەگەڵ ئێمەدان چوونەتە كۆمسیۆنی سلێمانی وتویانە پێناسمان لێوەرگیراوەو ناشزانین بۆ لێمان وەرگیراوە."

 

دەربارەی هەڵوێستی ئەوان‌و ئایا بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون‌و گرتنەبەری ڕێگای دیكە لەسەر ئەو پرسە؟ بەهجەت ئەحمەد وتی"ئێمە هیچ بەدواداچوونێكی دیكەی بۆناكەین لەبەرئەوەی تەنها كات كوشتنەو سووریش دەزانین ئەوەی كۆمسیۆن كردوویەتی نا پەسەندو ناقانونییەو پێویستە ئەنجومەنی كۆمسیاران خۆیان بینێرنە دادگاو بەپێی ماددەی 10 كارەكان بكەن، بەڵام ئەوان پەنایان بۆ ماددەی 32 بردووە كە دوورونزیك پەیوەندیی بەكاری ئێمەوە نییە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كۆمسیۆن جددی نەبووە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو داوایەو گوێی پێنەداوەو ویستویەتی كارەكە بەڕێ بكات، خۆشیان لە ئێمە باشتر دەزانن كە ئەو بابەتە پڕە لە خەلەل."

 

بەدەر لە باسكردنی "ساختەكاری" لە ناوی ئەو كەسانەی نێردراون بۆ كۆمسیۆن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نەوەی نوێ، ئەو كەسایەتییانەی داوای هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی نەوەی نوێ دەكەن، چەند تۆمەتێكی دیكەشیان ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید كردووەو باسلەوەدەكەن لە كۆنگرەی دامەزراندنی حزبەكەیدا(5-1-2018) "پێشێلكاریی" كردووە.

 

لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبیی‌و چەند ڕۆژێك بەرلە ئەنجامدانی كۆنگرەی دامەزراندنیان، ئەو كەسایەتییانەی نەوەی نوێ لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی‌و هەڵەبجە لە شاسوار عەبدولواحید جیابوونەوەو هێرشی توندیان كردەسەری‌و چەندین تۆمەتیان ئاڕاستە كرد، نەوەی نوێش لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لەوانەی بە"سیخوڕ" تۆمەتباركردو دەركردنیانی ڕاگەیاند.

 

ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید كراون بە "ئەنجامدانی ساختەكاریی" بۆ دادگا یاخود فەرمانگەی كاروباری حزبەكانی كۆمسیۆن بسەلمێندرێن، ئایا مۆڵەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكێشرێتەوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر بە پەرەگرافی وت"بنەمایەكی یاسایی هەیە كە هەرشتێك لەسەر باتڵ بیناكرابێت خۆیشی باتڵە، بەوپێیە ئەگەر لەسەر ئەساسی تەزویر بیناكرابێت دەبێت مۆڵەتەكەی هەڵبوەشێتەوە."

 

پەرەگراف هەوڵیدا ڕای شاسوار عەبدولواحید لەسەر ئەم پرسە‌و ئەو تۆمەتانە وەربگرێت كە ئاڕاستەی كراون، بەڵام بەردەست نەبوو، پێشتریش وەڵامی پەیوەندیی‌و پەیامێكی پەرەگرافی نەداوەتەوە كە لەوبارەیەوە ئاڕاستەی كرابوو.

 

هەروەها بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەربارەی وەڵامدانەوەی تانەی ئەو كەسایەتییانەو چۆنێتی كاركردن لەوبارەیەوەو وردبینیی ئەو ناوانەی نەوەی نوێ كە نێردراون بۆ كۆمسیۆن، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

دەقی وەرگێڕدراوی تانەكە كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە

 

بەڕێز/ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان/ بەشی تۆماركردنی حزبە سیاسییەكان لە عێراق

 

بابەت/تانە(اعتراض)

 

ئێمە كۆمەڵێكین لە كادرەكانی بزوتنەوەی نەوەی نوێ كە ناوەكانمان هاتووە داوا لە بەڕێزتان دەكەین مۆڵەت لە بزوتنەوەی نەوەی نوێ بكێشنەوە بە ژمارە (193) لە 26-12-2017. ئەم تانەیەمان پێشكەش كردووە لەسەر بنەمای ئەو سەرپێچییە یاساییە ڕوونانەی كە (شاسوار عەبدولواحید قادر) سەرۆكی بزوتنەوەكە ئەنجامیداوە.

 

سەرپێچییەكان بریتین لە.

 

1- بردنەژورەوەی كۆمەڵێك لە فەرمانبەرانی كۆمپانیای (نالیا)و (چاڤی لاند)و كەناڵی (ئێن ئاڕتی) ئاسمانی سەربە سەرۆكی بزوتنەوەكە بۆ هۆڵی بەستنی كۆنگرەی دامەزراندنی بزوتنەوەی نەوەی نوێ ئەمەش بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی، لەبری كادرەكانی بزوتنەوەی نەوەی نوێ كە پێشتر ناویان لە لیستی ناوەكاندا هەبووە كە پێشكەش بە كۆمسیۆنەكەتان كراوە.

 

2- هێنانی كۆمەڵێك پێناسی باری شارستانی‌و ناردنی بۆ كۆمسیۆنەكەتان بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكانیان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن.

 

3- ساختەكردنی ناوی چوارەمی هەموو ناوە نێردراوەكان لەو لیستەی كە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنەكەتان، هەروەها ساختەكردنی ناوی سێیەمی دایك.

 

4- شاسوار عەبدولواحید قادر داوای لە بەشداربووانی كۆنگرەكە كردووە دەنگ بدەن بە كاندیدەكان لە ژمارە 1-14، بە دیاریكراوی وتی(ئەمە ئەو ناوانەن كە كاندیدم كردوون بۆ سەركردایەتیكردنی بزوتنەوەكە)، كە ئەمەش یەكناگرێتەوە لەگەڵ سەرجەم پێوەرەكانی دیموكراسی‌و یاسایی، ئەمەش پێشێلكارییەكی دیاری پڕۆسەی هەڵبژاردنە، هەمان قسەش ڕابوون مەعروف دووبارەی كردەوەو داوای لە ئەندامانی كۆنگرە كرد دەنگ بە كاندیدەكانی شاسوار عەبدولواحید بدەن لە 1-14.

 

5- ڕێگریكردن لە زۆرێك لە ئەندامانی سەربە بزوتنەوەی نەوەی نوێ لە چوونە ژورەوەیان بۆ هۆڵی كۆنگرەكە.

 

بۆیە ئێمە داوا لە بەڕێزتان دەكەین لێكۆڵینەوە لەو ناوانە بكەن كە پێشكەشتان كراوە تاوەكو ڕاستییەكانتان بۆ دەربكەوێت‌و بڕیاری دروست لەم بارەیەوە دەربكەن‌و مۆڵەتەكە بكێشنەوە.

 

لە ئێمەوە سوپاس‌و پێزانینی زۆر...

 

دەقی تانەكە