بەرهەمی نیوسەدە خەباتی نەوشیروان مستەفا دەچێتە گیرفانی كوڕەكانی؟

06-03-2018 08:33
نماو چیا - نەوشیروان مستەفا.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆدەبێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت پرسی گەرمی كۆبوونەوەكە لەگەڵ باسكردن لە هەڵبژاردنەكان، دۆخی ناوخۆیی‌و خاوەندارێتی ڕاگەیاندنی گۆڕان بێت، كە هەندێك پێیانوایە بڕیارەكانی جڤات لەوبارەیەوە كاریگەریی دەبێت لەسەر مێژووی نەوشیروان مستەفا وەك سەركردەیەكی ناودارو چاكسازییخوازی كوردستان، "چونكە ئێستا كوڕەكانی دەیانەوێت خەباتی باوكیان بچننەوەو بۆئەوان بێت."

 

كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانی گۆڕانە، دوای 2 هەفتەیە لە دواخستنی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەوە، تائێستاش كێشەكان بە چارەسەر نەكراوی ماونەتەوە، ناڕازییەكان چاویان لەسەر ئەوەیە ئەو كۆبوونەوەیە كێشەكان یەكلایی بكاتەوەو وەك ئەوان دەڵێن، گۆڕان بگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی ئاسایی‌و پابەندی دەستوورە ناوخۆییەكەی بێت، بۆئەوەش پێیانوایە لەبەردەم "تاقیكردنەوەیەكی گەورە"دان.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"پێنج شەممەی داهاتوو كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەكەی داوایكرد ناوی نەهێنرێت، ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە تەوەری كۆبوونەوەكەی جڤات باسكردنە لە هەڵبژاردنی مانگی 5ی پەرلەمانی عێراق‌و ئامادەكارییەكانی گۆڕان، بەڵام كێشە ناوخۆییەكان‌و پرسی خاوەندارێتی ڕاگەیاندنی گۆڕان دەبنە بابەتی گفتوگۆی ئەندامانی جڤات، "لەبەرئەوەی كاریگەرییان لەسەر گۆڕان‌و بانگەشەی هەڵبژاردن هەیە."

 

پرسی گەرمی ناوخۆی گۆڕان‌و كۆڕو كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە هەڵوێست‌و نیگەرانیی دەنگە ناڕازییەكانە كە بەم دواییانە چووە قۆناغێكی تووندتر.

 

عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان‌و كەسایەتی دیاری بزووتنەوەكە ڕابەرایەتی ناڕازییەكان دەكات‌و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كردووە، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن‌و جڤاتی نیشتمانی نەكرێتە ناوەندی بڕیاردان، هەریەكە لە قادری حاجی عەلی كەسایەتیی دیارو شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پشتیوانیی دەكەن.

 

كێشەكانی ناو گۆڕان بڕیاردانی چەند گۆڕانكارییەكە كە بەبێ گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی دراون، سەرەكیترینیان گۆڕانكارییە لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەكە، ئەوەش دوای ئەوەی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی گۆڕان، دواین بڕیاری نەوشیروان مستەفای هەڵوەشاندەوە كە ڕاگەیاندنەكانی یەكخستبوو لە ژێر ناوی میدیای گۆڕان.

 

عومەری سەید عەلی كەناڵی كەی ئێن ئێنی جیاكردەوەو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كردبە بەڕێوەبەری، ئەوەش نیگەرانیی فراوانی لێكەوتەوەو بە پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان لەقەڵەمدرا.

 

خاوەندارێتیی ڕاگەیاندنی گۆڕان‌و بەتایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە.

 

هەریەكە لە نماو چیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەیە ڕاگەیاندن بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاربۆئەوە دەكەن بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، ئەوەش پێچەوانەی دواین بڕیاری باوكیانەو كێشەكانی ناو گۆڕانی قوڵتر كردووەتەوە.

 

بەرپرسانی گۆڕان خۆیان بەدوور دەگرن لە قسەكردن بۆ ڕاگەیاندنەكان بەناوی خۆیانەوە، پەرەگراف قسەی لەگەڵ ناڕازییەكانی ناو ئەو بزووتنەوەیە كردووەو ئەوان سوورن لەسەرئەوەی پرسی خاوەندارێتی ڕاگەیاندن لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێبدرێت‌و یەكلایی بكرێتەوە.

 

بەرپرسێكی ناڕازی وتی"جڤات لە ڕابردوودا بۆ دەرەوەی گۆڕان بڕیاری دروست‌و گرنگی داوە، وەك هەڵوێستەكان دەربارەی پەرلەمان‌و حكومەت، بەڵام پرسی ناوخۆیی گرنگترە، گۆڕان بوون لەوەدا دەردەكەوێت دامەزراوەكانی بزووتنەوەكە خاوەن بڕیاربن بەپێی دەستوری ناوخۆیی، نەك چارەسەری كێشەكان دوابخرێن‌و كەڵەكە بكرێن تا بەدەردی یەكێتی بچین، دەبێت لە پرسی كێشە ناوخۆییەكان‌و خاوەندارێتی میدیاش جڤات بڕیاری یەكلایی كەرەوە بدات‌و گۆڕان بوون بسەلمێنێت."

 

ناڕازییەكانی گۆڕان باسلەوەدەكەن، بزووتنەوەكەیان سێ پایەی گرنگی هەیە، پارەو دارایی، ڕەمزی مەعنەوی‌و میدیا، یەكەم‌و دووەم بەهۆی باوكیانەوە لای كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان، ئەگەر میدیاش بكەوێتە ژێر ڕكێفیان بەتەواوی كۆنتڕۆڵی گۆڕان دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا هیچ پۆستێكیان لەناو حزبەكەدا نییە، ئەوەش مەترسی ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكەن گۆڕان بكاتە حزبێكی وەك پارتی‌و یەكێتی‌و حزبی خێزان‌و بنەماڵەیەك.

 

بەلای ناڕازییەكانەوە ئاساییە ئەگەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بیانەوێت بچنە كاری سیاسی یاخود خۆیان كاندید بكەن بۆ هەر پۆستێك، ئەوەش وەك هەر گەنجێكی دیكەی گۆڕان بە ڕێوشوێنی ئاسایی، "بەڵام ئەوان تائێستا هیچ خواستێكی لەوجۆرەیان پیشان نەداوەو تەنها دەیانەوێت دەستبەسەر تەواوی بزووتنەوەكەدا بگرن."

 

ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان لەكاتێكدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم ئەو بزووتنەوەیەدایەو مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات، ئەوەش وایكردووە ئاڕاستە جیاوازەكانی ناو گۆڕان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن‌و هەوڵبدەن بزووتنەوەكەیان لە زیان بپارێزن.

 

ئەوانەی ڕازین بەوەی ڕاگەیاندن بكەوێتە ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو پشتیوانیی ئەو ئاڕاستەیە دەكەن، داوادەكەن دۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوەو لەبەر هەستیاریی كاتی هەڵبژاردن گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشانە دوابخرێن.

 

لە بەرامبەردا ناڕازییەكان سوورن لەسەرئەوەی كێشەكان لەكاتی خۆیدا چارەسەر بكرێن‌و كەڵەكە نەكرێن، بەرپرسێكی ناڕازی بە پەرەگرافی وت"ئەگەر وایە با ئەو گۆڕانكارییانەی كراون هەڵبوەشێندرێنەوەو دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ پێشووتر، ئەوكات دوای هەڵبژاردن لە ڕێگای جڤاتەوە بڕیار بدرێت‌و خاوەندارێتی میدیا یەكلایی بكرێتەوە."

 

هەردوو ئاڕاستەكە پەنابۆ نەوشیروان مستەفا دەبەن

 

هەرچەندە نەوشیروان مستەفا نزیكەی ساڵێكە كۆچی دوایی كردووەو پێشتریش 2 ساڵ خۆی بەدوور گرتبوو لە بڕیاردان‌و سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی بزووتنەوەكە، بەڵام هێشتا كاریگەریی بەسەر گۆڕانەوە بەردەوامەو هەردوو ئاڕاستەكەی ئەو بزووتنەوەیە ئەم هەفتەیە كەوتنە هەڵدانەوەی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا بۆ پشتیوانیی خۆیان.

 

ئاڕاستەی كوڕەكانیی، ڤیدیۆیەكی كۆنی نەوشیروان مستەفایان بڵاوكردەوە(دەوترێت هی 2011یە) كە تێیدا خواستی خۆی پیشاندەدات بۆ سەربەخۆكردنی ڕاگەیاندن لە بزووتنەوەكەو خستنەسەر كۆمپانیای وشە.

 

لە بەرامبەردا ناڕازییەكان، دواین نوسراوی نەوشیروان مستەفایان لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكردەوە كە 1-3-2015 دەریكردووەو تەواوی میدیاكان‌و ژووری ڕۆژنامەوانیی لە ژێر ناوی میدیای گۆڕان یەكخستووەو بە یەكێك لە "بڕیارە دەگمەنەكانی كاك نەوشیروان" ناوی دەبەن كە بە نووسین بووە نەك بە زارەكی‌و لای ئۆرگانەكانی گۆڕان بوونی هەیە.

 

ناڕازییەكان دەڵێن، ئەوان نایانەوێت میدیاكەیان حزبیی بێت‌و بواری ئازادیی ڕادەربڕینی تێدا نەبێت، بەپێچەوانەوە داوادەكەن بۆشایی هەبێت لە نێوان حزب‌و ڕاگەیاندنەكەیان، ڕاگەیاندن ڕەخنە لە خودی حزبەكەو بەرپرسەكانیشی بگرێت، بەڵام كێشەكەیان پرسی خاوەندارێتییەكەیەتی.

 

ئاڕاستەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن، ڕاسپاردەی كۆنگرەی حزبەكەیان هەیە كە بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا دەركراوە كە میدیاكان بخرێنەسەر كۆمپانیای وشە(كۆمپانیاكە ئێستا بەناوی نماو چیاوەیە)، بەڵام ناڕازییەكان لەگەڵ ئەوەی باسلەوەدەكەن چەندین ڕاسپاردەی دیكەی كۆنگرەیان هەیەو جێبەجێ نەكراون، دەشڵێن، دەستووری ناوخۆیی گۆڕان كە بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا نوسراوە، ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە كە میدیای هی حزبە نەك كۆمپانیاو كەسایەتیی.

 

دەقی مادەی یەكەم لە بەشی نۆیەمی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان دەڵێت"جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە."

 

مادەی دووەمی هەمان بەش كە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانی دیاریكردووە تێیدا هاتووە"سەرپەرشتی كردنی هەمو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان؛ چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەمو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزوتنەوەكە."

 

هەوڵەكانی نماو چیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕاگەیاندنی گۆڕان نوێ نین، چەند هەفتەیەك دوای كۆچی دوایی باوكیان كاتێك گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشەو پشكیان لە كۆمپانیایەكی چیمەنتۆ خستەسەر ناوی خۆیان، هەوڵیاندا كۆنتڕۆڵكردنی ڕاگەیاندنیش بكەن، بەڵام ئەوكات ڕێگرییان لێكرا، ئێستا مانۆڕێكی نوێیان بۆئەو مەبەستە دەستپێكردووە.

 

"ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدان، كە پێموایە بڕیارەكەیان كاریگەریی لەسەر خەباتی كاك نەوشیروانیش دەبێت كە ماوەی 50 ساڵ بۆ چاكسازی‌و دادی كۆمەڵایەتی تێكۆشاو هەربەو مەبەستە بزووتنەوەی گۆڕانی دروستكرد نەك بۆ خودی خۆی‌و خێزانەكەی، هەقە كوڕەكانیشی ئەو ڕێگایە بگرنەبەر" ئەمە وتەی یەكێكە لە ناڕازییەكانی ناو گۆڕان.

 

نیگەرانییەكان لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لە كاتێكدایە وەك بەرپرسانی گۆڕان باسیدەكەن، یەكێك لەو خاڵە جەوهەرییانەی بزوتنەوەكەیان لە حزبەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە، دەسەڵات لەناو گۆڕاندا لە باوكەوە ناگوازرێتەوە بۆ نەوەكانی‌و هیچ كەسێك بەهۆی باوك یاخود خزم‌و كەسییەوە نابرێتە پێشەوەو بەرپرسیارێتی پێنادرێت.

 

نەوشیروان مستەفا یەكێك بوو لەو سەركردە سیاسییانەی بەوە دەناسرا كە بە سادەیی دەژی‌و پێگەو دەسەڵاتی خۆی بەكارنەهێناوە بۆ بردنە پێشەوەی كوڕو خزمەكانی، هەربۆیە تاخۆی لە ژیاندابوو كوڕەكانی هیچ ڕۆڵ‌و كاریگەرییەكیان لە ناو گۆڕان‌و دامەزراوەكانیدا نەبووە.

 

ئێستا ناڕازییەكان ڕەخنەی ئەوە لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەگرن كە هەوڵیان بۆئەوەیە بە پێچەوانەی پەیام‌و كارەكانی باوكیانەوە دامەزراوەكانی گۆڕان بكەن بەهی خۆیان‌و كۆنتڕۆڵیان بكەن، هەربۆیە چاوەكان لەسەر بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕانن كە ئەوە بەلایەكدا بخات‌و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە ئایا خەباتی نیوسەدەی نەوشیروان مستەفاو دامەزراندنی گۆڕان وەك حزبێكی چاكسازییخواز، دەچنە گیرفانی كوڕەكانی؟ ئایا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا كاریگەریی نەرێنییان دەبێت لەسەر مێژووی باوكیان؟.