عوسمانی حاجی مەحمود هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە لە گۆڕان دەكات

24-02-2018 05:50
عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان قوڵدەبنەوەو عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی لە بزووتنەوەكە كردووە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن‌و جڤاتی نیشتمانی نەكرێتە ناوەندی بڕیاردان.

 

كێشەكانی ناوگۆڕان بڕیاردانی چەند گۆڕانكارییەكی ناوخۆییە كە بەبێ گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی دراون، سەرەكیترینیان گۆڕانكارییە لە میدیای بزووتنەوەكە، هەربەهۆی ئەو كێشانەوە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە بڕیار بوو ئەمڕۆ بێت، بۆ كاتێكی دیكە دواخراوە.

 

زیاتر لە 2 سەرچاوەی ئاگادار لەناو گۆڕان، بۆ پەرەگراف ئەوەیان ئاشكراكرد، پێنج شەممەی ڕابردوو(22-2) دوای تاوتوێكردنی كێشەكانی ناو گۆڕان لە خانەی ڕاپەڕاندن، عوسمانی حاجی مەحمود هەڕەشەی دەستلەكار كێشانەوەی كردووە.

 

"كاك عوسمان بە خانەی ڕاپەڕاندنی وتووە دەستلەكار دەكێشمەوەو چیتر بەرپرسیارێتی هەڵناگرم، ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر نەكرێن‌و جڤاتی نیشتمانی نەكرێت بە ناوەندی بڕیاردان" سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی كێشەكانە لەناو گۆڕان وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە، وتیشی"كاك عوسمان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو لادانانەی كراون ڕاست بكرێنەوەو بڕیارەكان بدرێنەوە دەست جڤات، بەپێچەوانەوە دەستلەكار دەكێشێتەوەو بە تەنهاش نییە."

 

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف، عوسمانی حاجی مەحمود لە ژێر فشاری چەند باژێڕوانێكی بزووتنەوەكەیدایە بۆئەوەی جڤاتی نیشتمانی بكرێت بە ناوەندی بڕیاردان‌و سەرجەم بڕیارەكان لەوێوە بدرێن.

 

بەرپرسێكی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتی"چەندین باژێڕوان‌و هەڵسوڕاو هەڕەشەی ئەوەیان كردووە ئەگەر كاك عوسمان وازبهێنێت ئەوانیش وازدەهێنن، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی بڕیارەكان ببرێنە جڤات."

 

وەك سەرچاوەكان دەڵێن، هەریەكە لە قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری گۆڕان‌و د.شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن پشتیوانیی داواكارییەكانی عوسمانی حاجی مەحمود دەكەن، "شۆڕش حاجی هەمان ڕای كاك عوسمانی هەیە، بەڵام ئەو نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی بڵێت دەستلەكار دەكێشمەوە."

 

لە ماوەی ڕابردوو چەند هەڵوێست‌و بڕیارێكی گۆڕان نیگەرانیی لەناوخۆی بزووتنەوەكە دروست كرد كە لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی درابوون، دیارترینیان؛ نزیك بوونەوەو كۆبوونەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بو‌و لەگەڵ گۆڕانكاریی لە میدیای بزووتنەوەكە كە پەیوەندیی بە پرسی خاوەندارێتی میدیاكەوە هەیە.

 

خاوەندارێتیی میدیای گۆڕان‌و بەتایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەیە میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاربۆئەوە دەكەن بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، لە ئێستاشدا كەسێكی نزیكی ئەوان كراوەتە بەڕێوەبەری كەی ئێن ئێن، ئەمەش كێشەكانی قوڵتر كردووەتەوە.

 

عوسمانی حاجی مەحمود دەیەوێت پرسی خاوەندارێتی‌و بەڕێوەبردنی میدیای گۆڕان بە تایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن ببرێتە جڤاتی نیشتمانی‌و لەوێ بڕیاری كۆتایی لێبدرێت، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوخۆی گۆڕان دەڵێت"بەڵام بەرپرسانی دیكەی گۆڕان بەوە ڕازی نین، چونكە دەزانن كاك عوسمان زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی لەگەڵدایە."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ئەگەر دەوترێت میدیاكە بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە، دەبێت ئەوكاتە كۆمپانیاكە بكرێت بەناوی ڕێكخەری گشتی گۆڕانەوە، ئیتر ڕێكخەر هەركەس بێت، چونكە میدیا موڵكی بزووتنەوەكەیە نەك شەخس، پێشتر بەناوی كاك نەوشیروانەوە بووە وەك ڕێكخەری گشتی."

 

عوسمانی حاجی مەحمود كە لە خانەی ڕاپەڕاندن سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكانە، مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو زۆرترین دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا كە 45 دەنگ بوو، ئەو خانەیە بەرپرسی جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە.

 

بەرپرسانی ئاڕاستەكەی دیكەی گۆڕان كە هاوڕای عوسمانی حاجی مەحمود نین، دەڵێن، ڕاسپاردەی كۆنگرەی حزبەكەیان هەیە كە میدیاكان بخرێنەسەر كۆمپانیای وشە، بەڵام ئەو كەسانەی هاوڕای عوسمانی حاجی مەحمودن لەگەڵ ئەوەی باسلەوەدەكەن چەندین ڕاسپاردەی دیكەی كۆنگرەیان هەیەو جێبەجێ نەكراون، دەشڵێن، دەستووری ناوخۆیی گۆڕان ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە كە میدیای هی حزبە نەك كۆمپانیاو كەسایەتیی.

 

دەقی مادەی یەكەم لە بەشی نۆیەمی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان دەڵێت"جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە."

 

مادەی دووەمی هەمان بەش كە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانی دیاریكردووە تێیدا هاتووە"سەرپەرشتی كردنی هەمو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان؛ چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەمو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزوتنەوەكە."

 

میدیای گۆڕان كاتێك بەتەواوی بووبە كێشە كە عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان بە بڕیارێك د.ئاكۆ حەمەكەریمی وەك بەڕێوەبەری كەی ئێن ئێن دەستنیشانكرد، ناوبراو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایەو ئێستا سەرپەرشتی گۆڕانكارییەكان دەكات لەو كەناڵەو ئامادەكاریی بۆ كردنەوەی‌و دەستپێكردنی وەرزی نوێی كاركردنی دەكات.

 

هەرچەندە پێشتر میدیاكانی گۆڕان‌و ژووری ڕۆژنامەوانیی بزوتنەوەكە یەكخرابوون‌و عەبدولڕەزاق شەریف وەك بەرپرسیان دیاریكرابوو، بەڵام ئێستا میدیاكانی گۆڕان جیاكراونەتەوەو عەبدولڕەزاق شەریف كراوەتە ڕێكخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی.

 

لەگەڵ دانانی ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەڕێوەبەری كی ئێن ئێن، ناڕەزایی لەناو گۆڕان دروست بوو، ئەو گۆڕانكارییە بە پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان لە قەڵەمدار.

 

پێشتر پەرەگراف لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی بڵاوكردەوە، ڕێكاری لابردنی عەبدولڕەزاق شەریف‌و دانانی ئاكۆ حەمەكەریم "لەگەڵ دەستووری ناوخۆیی گۆڕان گونجاو نەبووە."

 

"كاك عەبدولڕەزاق ئەندامی جڤاتی نیشتمانییە ڕێكخەری گشتی ناتوانێت لای بدات دەبێت بە بڕیاری جڤات لاببرێت‌و هەر بەبڕیاری جڤات كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت، د.ئاكۆ تائێستاش ڕاوێژكارە لە ئەنجومەنی وەزیران بۆی نییە لەناوخۆی گۆڕاندا پۆستی هەبێت."

 

ئاكۆ حەمەكەریم، ڕۆژی دەستبەكاربوونی لە كەناڵی كەی ئێن ئێن دەربارەی خاوەندارێتی میدیاكە بە پەرەگرافی وت"خاوەندارێتی كەناڵەكە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 2007ەوە كۆمپانیای وشە بووە، تا ئێستاش كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی هەر سەر بە كۆمپانیای وشەن."

 

ئاكۆ حەمەكەریم وتیشی"كەی ئێن ئێن‌و میدیاكانی تر بەشێكن لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەكو خاوەندارێتی، دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە كە كاك نەوشیروان خاوەنی بووە."

 

میدیای گۆڕان كە لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، ڕادیۆی گۆڕان‌و سایتی سبەی پێكهاتووە، میدیاكە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە‌.

 

خاوەندارێتی میدیای گۆڕان پێشتر بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیەی دابەشی دووبەرە كردبوو، ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو پەرەگراف وردەكاریی ئەو پرسەی بڵاوكردەوەو ئەوەی خستەڕوو، ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی گۆڕان‌و میدیاكەی بووەتەوە هاوكارە بۆئەوەی بخرێنەسەر كۆمپانیای وشەو ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەوپێیەی ئەوان "پارەیان بەدەستەوەیەو دەتوانن پشتیوانیی دارایی بكەن" ئەوەش دوای ئەوەی لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشەو پشكەكانی لە كارگەیەكی چیمەنتۆدا كران بەناوی كوڕەكانییەوە.