شاسوار عەبدولواحید سەربەخۆیەتی یان لایەنی دیكە؟

22-04-2018 07:35
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. وێنە؛ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك وەرگیراوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

شاسوار عەبدولواحید سەربەخۆیە یان "شاگرد"و دەستی حزبی دیكە، بۆ خۆی كاردەكات یان بۆ مەبەست‌و ئامانجێكی دیاریكراو دەجوڵێنرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە زۆر دووبارە دەبێتەوەو قسەو باسی كۆڕو كۆبوونەوەی خەڵك‌و تەنانەت زۆرێك لە بەرپرسانیشە.

 

وەڵامی ئەو پرسیارە لە حزبێكەو بۆ حزبێكی دیكە جیاوازە، بەرپرسانی لایەنە جیاوازەكان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، هەریەكەیان بۆ چوونێكیان هەیەو زانیارییەكانیان لەو بارەیەوە دژو پێچەوانەی یەكترە، لای نەوەی نوێ-ش پرسیارەكە وەڵامێكی دیكەی هەیە.

 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وەك ڕكابەرو ڕەخنەگری تووندی سەرجەم حزبەكان دەردەكەوێت بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام كەمن ئەو سیاسییانەی بڕاوایان وابێت شاسوار، شاسوارەو ئەوەی دەیكات‌و دەیڵێت خودی خۆی بێت.

 

شاسوار عەبدولواحید لە دوای دامەزراندنی جوڵانەوەكەی، لە لێدوان‌و چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانییەكانیداو لە ڕێی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یەوە، سەرباری پارتی‌و یەكێتی، هاوكات هێرشی زۆری كردووەتەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی وەك؛ گۆڕان، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح.

 

ئەوەش وایكردووە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان شاسوار بە دەستی پارتی‌و یەكێتی بزانن بۆ لێدان لە دەنگەكانی ئەوان.

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح پێیوایە، شاسوار كاربۆ ماڵی مام جەلال دەكات‌و بە دیاریكراویش ناوی قوباد تاڵەبانی دەهێنن كە بە "جوڵێنەرو پلان بۆ داڕێژەر"ی شاسوار ناوی دەبەن.

 

ئەوە تەنها بۆچوونی هاوپەیمانی نییە، بەشێك لە پارتییەكانیش هەمان ڕایان هەیەو پێیانوایە شاسوار سەربە قوباد تاڵەبانییە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێكی دیكەی پارتی، شاسوارو بەرهەم ساڵح بە "یەك پڕۆژە" ناودەبەن، بۆئەوەش ئاماژە بەو بەرپرسە ئەمەریكییانە دەكەن كە پێشتر لە عێراق كاریان كردووەو ئێستا خانەنشین بوون‌و كاری بازرگانی دەكەن، پێیانوایە "شاسوارو بەرهەم ساڵح‌و ئەو بەرپرسە ئەمەریكییانە پێكەوەن."

 

هەرچی بەرپرسانی یەكێتییە، ئەوە ڕەتدەكەنەوە شاسوار سەربە حزبەكەی ئەوان یاخود سەربە ماڵی مام جەلال‌و قوباد تاڵەبانی بێت، چیرۆكەكە لای ئەوان جۆرێكی دیكەیە.

 

بەرپرسێكی یەكێتی بە دڵنیاییەوە وتی"شاسوار لە ئاستی باڵادا بەرپرسانی پارتی بینیوە"، بەڵام بە دروستی نازانن چی پێوتراوەو لەسەر چی ڕێككەوتوون، یەكێتییەكان پێیانوایە شاسوار كارلەسەر دەنگی ئەوان‌و گۆڕان دەكات، "هەربۆیە ڕەنگە پارتی سەرپشكی كردبێت چی دەڵێت بیڵێت‌و چۆن هێرش دەكات بیكات، چونكە زیانی بۆ دەنگەكانی پارتی نابێت."

 

بەرپرسەكەی یەكێتی لەوەش دڵنیابوو كە شاسوار لە بەغدادەوە پشتیوانیی هەیە، بەڵام نەیدەزانی كێ پشتیوانیەتی‌و چۆن؟.

 

لای بزووتنەوەی گۆڕانیش شاسوار كەسێكی سەربەخۆی نییەو بە "شاگرد"ی لایەنی دیكەی دەزانن، گۆڕان دابەشی دوو بۆچوون بووە، هەندێكیان دەڵێن "شاسوار لەگەڵ مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیدایەو ئەوانی بینیوەو پلانیان بۆ داناوە" بەشەكەی دیكەی گۆڕان دەڵێت"لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدایە بە ئاگاداری نێچیرڤان بارزانی."

 

ئەو كەسایەتییانەی شاسوار بە دەستی لایەنی دیكە دەزانن، كۆكن لەسەر ئەوەی "شاسوار هاوكاری ماددی وەرگرتووە" چونكە دەڵێن، بەرلەوەی بێتەناو دونیای سیاسەت‌و حزب دروست بكات، لەڕووی مادییەوە "لە دۆخێكی زۆر خراپدا بووە" بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخەنەڕوو لەمبارەیەوە.

 

بەرپرسانی نەوەی نوێ دەڵێن، تۆمەتباركردنی شاسوار عەبدولواحید سنوری كوردستانی بڕیوەو لە بەغدادیش هێزەكان بەهەمان شێوەی حزبەكانی هەرێم هەریەكەو بە جۆرێك باسی دەكەن.

 

ئارام سەعید، لێپرسراوی پەیوەندییە گشتیەكانی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی"سەیرەكە ئەوەیە هەرحزبەی شتێك دەڵێت، بۆنمونە: پارتی دەڵێت گۆڕان شاسوارو نەوەی نوێی دروستكردووەو دەیانەوێت بەو ڕێگایە هەڵسنەوە، گۆڕان دەڵێت پارتی دروستی كردووە، یەكێتی دەڵێت گۆڕان لە ژێرەوە بۆ دژایەتی یەكێتی شاسوارو نەوەی نوێی دروستكردووە، كەسی ڕاستەوخۆ ناوێرێت دژایەتیمان بكات‌و لەو ڕێگایەوە دژمان دەوەستنەوە، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دەڵێن پارتی‌و یەكێتی هەرەسیان هێناوەو نەوەی نوێیان دروستكردووە تا دژایەتی ئێمە بكەن."

 

ئێستا جوڵانەوەكەی شاسوار لە هەرێمی كوردستان، ناوچە دابڕاوەكان، ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمان، بەردەوامیشە لە بانگەشەكردن.

 

لێپرسراوی پەیوەندییە گشتیەكانی نەوەی نوێ، وتیشی"لە بەغدادیش عەبادی شتێك دەڵێت‌و مالیكی شتێكی دیكە دەڵێت، ئەمانەش هەمووی بەڵگەی ئەوەیە نەوەی نوێ هێزێكی بەتواناو كاریگەرە لە كوردستان‌و كەوتووەتە ململانێیەكی سیاسی لەگەڵ هێزە سەرەكییەكان بۆیە ئەوانیش لەمەزیاتر هیچی دیكەیان نییە. قسەیەكی بەربڵاویش هەیە دەڵێن، هەر هێزێكی نوێ كە دروست دەبێت سەرەتا تاوانبار دەكرێت‌و دانی پێدا نانرێت، دواتر ناچاردەبن دانی پێدا بنێن."

 

ئارام سەعید، ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستییەكە ڕوون‌و ئاشكرایەو ئەوانەی دەوترێن ڕاست نین، وتی"ئەم هێزە لەماوەی 3 مانگی تەمەنیدا پلانی 15 ساڵیی داناوە بۆ ئایندە، بۆ هەرێم‌و عێراق‌و چۆنیەتی پەیوەندیی‌و مامەڵەكردن‌و پلان‌و ستراتیژی درێژخایەن."

 

ئەوانە لەكاتێكدان، شاسوار عەبدولواحید لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەكی بەهێزی هەبووە لەگەڵ زۆربەی ئەو حزبانە‌و بەرپرسانیان، لەوانەش؛بەرهەم ساڵح، نەوشیروان مستەفاو بەرپرسانی دیكەی گۆڕان، كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرپرسانی باڵای یەكێتی‌و لەناو پارتیشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، تەنانەت لە مەراسیمی كردنەوەی پڕۆژەی چاڤیلاند، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت ئامادەبوو، ئەوەش حاڵەتێكی دەگمەنە كە نێچیرڤان بارزانی بەشداربێت لە كردنەوەی پڕۆژەیەك لە سلێمانی.

 

بەرپرسانی حزبە جیاوازەكان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، كەسیان گومانی بۆئەوە ناچێت شاسوار سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بێت‌و بۆچوونی زاڵ وایە كە دەنگی گۆڕان دەبات‌و بۆ دژایەتیی ئەوان دروست بووە، بەڵام جوڵانەوەكەی شاسوار عەبدولواحید لە دوو ئاستدا خزمەتی بە گۆڕان كردووە.

 

ئاستی یەكەمیان؛ گەرمكردنی جەماوەرو هەوادارانی گۆڕان‌و جوڵاندنی سۆزیانە بۆ بزووتنەوەكە بەهۆی ئەو هێرشانەی نەوەی نوێ دەیكاتە سەریان، لە ئاستی دووهەمیشدا؛ هاندانی خەڵكە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن كە وەك بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، تاكە ترسی ئەوان كەمی ڕێژەی بەشداری‌و نەچوونی خەڵكە بۆ دەنگدان.

 

شاسوار بەرەو سیاسەت

 

چۆنیەتی پێگەیشتن‌و دەوڵەمەندبوونی شاسوار لای بەرپرسانی حزبەكان ڕوونە، وەك ئەوان باسیدەكەن، ئەویش وەك زۆر سەرمایەداری دیكە سوودمەندبووە لەو "ناعەدالەتییەی" لە هەرێمی كوردستان هەیەو بە وەرگرتنی زەوی بێ بەرامبەر لە سلێمانی‌و قەرزی زۆرو درێژخایەنی حكومەت بووەتە خاوەن پڕۆژەو دەوڵەمەند بووە.

 

چۆنیەتی وەرگرتنی زەوی‌و قەرزو ئاسانكاری بۆكردنی چیرۆكێكی دیكەیە، لە سەردەمی حوكمڕانییاندا هەریەكە لە عومەر فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەرهەم ساڵح سەرۆكی ئێستای هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كارئاسانییان بۆكردووە، هەروەها جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیش"پشتگیری كردووە."

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانییەو خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی "بوو"، هەرچەندە خۆی پڕوپاگەندەی ئەوەدەكات دەستبەرداری كۆمپانیاكانی بووەو پشتیوانی كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی ناكات، بەڵام ئێن ئاڕتی زیاتر لە جاران بایەخ بە خۆی‌و جوڵانەوەكەی دەدەن‌و ئەو هێرشانەی لە ئێن ئاڕتییەوە دەكرێنەسەر لایەنەكانی دیكە بە "سیاسەتی شاسوار" دادەنرێت لەلایەن بەرپرسانی ئەو لایەنانەوە.

 

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان دەكرد.

 

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانی خۆیان دەناساند.

 

دوای كۆتایی هاتنی ڕیفراندۆم، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هەمان ئەوكەسانەی لە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" پێكەوەبوون، خۆیان ڕێكخست‌و نەوەی نوێیان وەك حزب ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق‌و مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت.

 

لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبی‌و ئەنجامدانی كۆنگرە، ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری نەوەی نوێ لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی‌و هەڵەبجە لە شاسوار عەبدولواحید جیابوونەوەو هێرشی توندیان كردەسەری‌و چەندین تۆمەتیان ئاڕاستە كرد لە ناویاندا "گۆڕانی شاسوارو كاركردنی بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم"، نەوەی نوێش لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لەوانەی بە"سیخوڕ" تۆمەتباركردو دەركردنیانی ڕاگەیاند.