هەمواری یاسای هەڵبژاردنی عێراق چاوەڕوانی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانە بۆ پەسەند كردن

02-06-2018 05:59
یەكێك لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان.

 

پەرەگراف

 

پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆكراو بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەند كردن، ئەگەر ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی كۆبوونەوەكە بن.

 

ئەو پڕۆژە یاسایە هەفتەی ڕابردوو لە دانشتنێكی نائاسایی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرا، ئەگەر پەسەند بكرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەند دەكات بە هەژماركردنەوەی دەستی لە سەدا 100ی دەنگەكانی عێراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو دەنگدانی دەرەوەو مەرجداری ئاوارەكان‌و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەهۆی پێشێلكاریی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ.

 

ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەوەدەخاتەڕوو كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی چوارشەممەی داهاتوو دەنگی لەسەر دەدرێت.

 

سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا جەختیكردۆتەوە لە یاساییبون و هەبونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوان لەو دانیشتنە نائاساییەی كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە كرا، ئەوەش لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار بووەو 168 پەرلەمانتار ئامادەب دانیشتنەكە بوون.

 

بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاساكەش كە ئەمڕۆ بوو پێویست بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نەبووە، لەبەرئەوەی دانیشتنەكە درێژكراوەی دانیشتنی پێشوو بوو، بەڵام بۆ ڕۆژی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكە پێوست بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران دەكات كە 165 پەرلەمانتارن.

 

كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ناڕەزایی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی لێكەوتووەتەوە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەوەدەخاتەڕوو، ناڕازییەكان ناتوانن كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمان هەبێت كە 29-5-2018 دەریكردووە، ئەوان دەتوانن كاربۆ پەكخستنی ئەو پڕۆژە یاسایە بكەن كە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆكراوەو چوارشەممەی داهاتوو دەخرێتە دەنگدانەوە.

 

زانا ڕۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دەربارەی كاریگەریی لایەنە ناڕازییەكان لەسەر هەوڵەكانی پەرلەمان، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی"ئەوان دەتوانن لە ڕۆژی دەنگدان ئامادەنەبن بۆئەوەی ژمارەی یاسایی تەواو نەبێت، ئەگەر ئێمە ژمارەی یاساییمان پێ تەواونەكرێت ناتوانین دەنگ لەسەر یاساكە بدەین."

 

وتیشی"لە ڕۆژی دەنگدان دەبێت 165 ئەندام ئامادەبن، ئەگەر ئامادەنەبن یاساكەمان پێدەرناچێت."

 

وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا هاتووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لەكاتی گفتوگۆكاندا داوایانكردووە كۆمسیۆن ناچار بكرێت بە هەژماركردنەوەی دەنگەكان و بەشێكیشیان لەگەڵ ئەوەدابون هەڵبژاردن دوبارەبكرێتەوە بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان.

 

هەوڵەكانی پەرلەمان لە كاتێكدایە حكومەتی عێراقیش لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بە مەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی كەسانی تایبەتمەند پێشكەیان كردووە دەربارەی "پارێزراو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان" لە دەستێوەردان، لیژنەكە بەردەوامە لە كارەكانی.

 

هەڵبژاردنەكەو ئەنجامەكانی ناڕەزایی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا لە كوردستان‌و عێراق، هەریەكە لە گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، سەرجەمیان 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن‌و هەوڵەكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییە ناڕازییەكان بەردەوامە بۆ تێنەپەڕینی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكانی هەڵبژاردنەكە.

 

ئەو چوار حزبە ناڕازییەی هەرێم، دەیان هەزار لاپەڕەیان وەك "بەڵگەی ساختەكاری" پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن كردووە لەشاری بەغداو داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

 

ئەوانە لەكاتێكدان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سوورە لەسەر "دروست" بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە‌و لە دوایین هەڵوێستیدا بڕیار و داواكارییەكانی پەرلەمانی ڕەتكردەوە و ئامادەیی پیشاندا بۆ هەژماری دەستی دەنگەكان لەسەر داوای دادگای فیدراڵی.