زمناكۆ جەلال بۆ پەرەگراف: جگە لە یەكێتی لایەنی دیكەش بە كۆدی دووبارە دەنگی بۆ دراوە

04-06-2018 06:29
زمناكۆ جەلال، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لەو هارد دیسكەی لە كۆمسیۆن وەریان گرتووەو وێنەی فۆرمەكانی دەنگدانی تێدایە، جگە لە یەكێتی حزبی دیكەش هەیە بە یەك فۆرمی دەنگدان‌و بە هەمان كۆد زیاتر لە جارێك دەنگی بۆ هەژماركراوەو دووبارە كراوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە پارتی بەوجۆرە "ساختەكاری" نەكردووەو "شێوازی تایبەتی خۆی" هەبووە.

 

زمناكۆ جەلال، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف، لەگەڵئەوەی ئامادەنەبوو ناو و ژمارەی دەنگی دووبارەی ئەو لایەنەی دیكە ئاشكرا بكات، بەڵام وتی"لەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی دادگا، ڕەنگە هەموو كۆدەكان بڵاوبكەینەوە بۆئەوەی خەڵك خۆی بڕیاربدات بۆكێ كراوەو چی كراوە."

 

بە بڕوای ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن "ئەگەرێكی گەورەیە"، ئەوەشدەخاتەڕوو، لە هەموو ئەو پارێزگایانەی بەشدارییان كردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەكەیان كردووە، دەڵێت"بەڵگەكانمان بایی ئەوەدەبن ئەگەر دادگا بەوردی بیخوێنێتەوە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنێتەوە."

 

زمناكۆ جەلال باسلەوەشدەكات، لەكاتی بڕیاردان بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، لە توانایاندا هەیە هەرجۆرە دەستكاریكردنێكی سندوق‌و دەنگەكانی ناو سندوقەكان ئاشكرا بكەن، ئەوەشدەخاتەڕوو، ڕێژەی ساختەكاری لە هەولێرو دهۆكیش "زۆر بووە"، بەڵام شێوازی ئەنجامدانەكەی جیاوازە.

 

" ئەوەشی لە كۆمسیۆنمان وەرگرت تەزویركراوە"

 

ڕێكخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەدەخاتەڕوو، دوای ئەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن دەرئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند كە "تەزویرەو دەستكاری كراون‌و ئەو ئەنجامە ئەلیكترۆنییە پێشتر پرۆگرام كراوە" دواتر كاتێك وێنەی فۆرمی دەنگدانەكانیان لەسەر هارد دیسك وەرگرتووەتەوە بۆیان دەركەوتووە"ئەویش دەستكاری كراوەو هاوتای دەنگە تەزویرەكە كراوە."

 

هەرچەندە لەگەڵ كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ، سەرجەم حزبەكان جگە لە یەكێتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی سلێمانییان ڕەتكردەوەو وتیان "تەزویری گەورەی ئەلیكترۆنی" كراوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بە بەڵگە ئەوە بسەلمێنن هەتا 13 ڕۆژ دوای پڕۆسەكە ئەو هارد دیسكەیان لە كۆمسیۆن وەرگرت وەك بەڵگەیەك كە دەبێت وێنەی هەقیقی(سكان كراوی) فۆرمی دەنگدانی ناو سندوقەكانی سەرجەم وێستگەكانی دەنگدانی تێدابێت.

 

زمناكۆ جەلال وتی"دوای لێكۆڵینەوەو وردبوونەوە لە وێنەكانی ناو هارد دیسكەكە بینیمان یاری بە كارتی دەنگدانەكان كراوەو ژمارەیەكی زۆر لە كارتەكان چەند هەزارجارێك كۆپی كراوە لەبەرژەوەندیی چەند كاندیدێكی ناو حزبێك."

 

وتیشی"دەیان هەزار بەڵگەمان لەوانە كۆكردەوەو ڕێوشوێنی یاساییمان گرتەبەر، زیاتر لە 40 هەزار كاخەزمان لەو تەزویرانە بردە بەغداو خستومانەتە بەردەستی 3 دادوەرەكەی دادگای تەمیز كە بۆ هەڵبژاردن دیاری كراون، لەگەڵ كۆمەڵێك بەڵگەی دیكەش كە هەمووی بەڵگەی كۆمسیۆنەو هیچی هی خۆمان نییە."

 

ئێستا سكاڵای لایەنەكان لای دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەو چاوەڕوانی وەڵامی ئەو دەستەیەن.

 

"كارەكە لەدەست كۆمسیۆندا نییەو ئەوەی لە كۆمسیۆنمان وەرگرت ئەوەش هەر تەزویركراوە، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین یان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامەكان یان هەژماری دەستیی، ئەوكاتە بەمەرجێك دەستكاری سندوقەكان نەكرابێت، هەرچەندە گرەنتی نییە سندوقەكان دەستكاری كرابێتن یان نا" زمناكۆ جەلال وای وت.

 

ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان تەئكید دەكاتەوە پابەندی بڕیاری دادگا دەبن، وتی"دادگا هەر بڕیارێكیدا قبوڵمانە بەمەرجێك گوێی لە بەڵگەو داتاكانمان گرتبێت."

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەو دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن، زمناكۆ جەلال دەڵێت"دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ئەگەرێكی گەورەیەو لەو پارێزگایانەی بەشداربووین لە هەڵبژاردن لە هەمووی داوامان كردووە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بەوپێیەی عێراق 18 بازنەیەو هەر بازنەیەك پارێزگایەكە، ئەگەر بەڵگەكانی هەر پارێزگایەك بڕوا بە دادوەرەكان بهێنێت كە ئەو هەڵبژاردنە تەزویری گەورەی تێدابووە، ئەوكات دەتوانن بڕیاری هەڵبژاردنی ناوچەیی بدەن، وتە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك.

 

"لە هەموو پارێزگاكان بەڵگەكانمان بایی ئەوەن ئەگەر دادگا بەوردی بیخوێنێتەوە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنێتەوە" زمناكۆ جەلال وای وت، دەربارەی متمانەیان بەو دادوەرانەی سەیری تانەكانیان دەكەن، وتی"مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجام دەكەین‌و بڕیارەكەیان هەرچۆنێك بوو قسەی خۆمان دەكەین دەربارەی عەدالەتی بڕیارەكە."

 

ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، ئێستاش دەنگی لیست‌و كاندیدەكان لەسەر ئەو شریتەی یەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن لە سندوقەكانی دەنگدانەوە ڕاكێشران لەگەڵ ئەو هارد دیسكانەی وێنەی فۆرمەكانی تێدایەو لە كۆمسیۆنیان وەرگرتووە، وەكویەك نین‌و جیاوازییان تێدایە، وتی"هەموو داتاكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە."

 

زمناكۆ باسیلەوەشكرد، ئەگەر كۆمسیۆن وردبینی لە هارد دیسكەكاندا بكردایە ئەو "ئەنجامە تەزویرە" نەدەكەوتە دەست ئەوان، لە وەڵامی ئەوە بۆچی كۆمسیۆن سوودی لە وێنەكانی سەر هارد دیسكەكە وەرنەگرتووەو بەراوردكاریی نەكردووە؟

 

زمناكۆ وتی"بۆ سوودی لێوەرنەگرتووە ئەوە پرسیاری ئێمەشە، ئەوە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی بەراورد بكرێت بە تەزویر، بەڵام سەیرمانكرد سكان كراوەكانیش تەزویر كراوە، ئیتر بێهیوا دەبیت لە جدییەتی ئەو كۆمسیۆنە لەو كارەدا."

 

لە هەولێر‌و دهۆك چۆن بووە؟

 

ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان باسلەوەدەكات، ساختەكاری لە هەولێرو دهۆكیش "ئەنجامدراوە" بۆ بەرژەوەندیی پارتی، بەڵام شێوازی ئەنجامدانەكەی جیاوازەو تایبەتمەندی خۆی هەیە.

 

لە وەڵامی ئەوەی لەو دوو پارێزگایە چۆن بووە ئایا كۆدی دووبارەی تێدایە؟ زمناكۆ جەلال وتی"نمونەی دیكە هەیەو ئەوەمان هەڵگرتووە، جارێ چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین."

 

ئایا حزبی دەسەڵاتداری ئەو دوو پارێزگایە بایی ئەوەندە تەزویری كردووە بگاتە ڕێژەی كورسییەك یان زیاتر؟ زمناكۆ جەلال وتی"زیاتر لە چەند كورسیش."

 

هەرچەندە وێنەی فۆرمی دەنگدانەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك لەسەر هارد دیسك دراوە بەلایەنەكان، بەڵام هی كەركوكیان پێنەدراوە، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، وتی"هارد دیسكی كەركوكمان داواكردووەو نەیانداوینەتێ."

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا تەنها پارتی‌و یەكێتی تەزویریان كردووە؟ زمناكۆ وتی"ئەوەندەی دەیبینین یەكێتی‌و پارتی تەزویریان كردووە، ڕەنگە شتی دیكەش هەبێت، بەڵام ئێستا كاتی وتنی نییەو باسكردنی وردەكارییەكەی دوادەخەین."

 

ئەوەی لە هەڵبژاردنی سلێمانی ڕوویداوەو لایەنە ناڕازییەكان بە "تەزویرێكی زەبەلاح" ناوی دەبەن، بریتییە لە ئەنجامی وردبینی بۆ وێنەی فۆرمی دەنگدانی سەرجەم دەنگدەرانی سلێمانی، لەوەدا بۆیان دەركەوتووە 6 كاندیدی دەرچووی یەكێتی "هەریەكەیان بە هەزاران دەنگی بۆ دووبارە كراوەتەوەو ساختەیە" ئەوەشیان وەك بەڵگە پێشكەش بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردووە لە بەغداد.

 

پەرەگراف لە ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕانی پرسی، جگە لە یەكێتی‌و پارتی بەتایبەت یەكێتی كە باسیدەكەن، هیچ لایەنێكی دیكە هەیە كۆدی دووبارەی هەبێت؟(بە یەك فۆرمی دەنگدان چەندین دەنگی بۆ درابێت‌و دووبارە كرابێتەوە) لە وەڵامدا زمناكۆ وتی"بەڵێ هەیە، بەڵام بەو ڕێژە گەورەیە نییە"، ئامادە نەبوو ناوی هیچ لایەنێك ئاشكرا بكات.

 

پەرەگراف پرسی، ئەو چوار حزبە ناڕازییەی كە پێكەوەن كۆدی دووبارەیان هەیە؟ زمناكۆ جەلال وتی"لەدوای تەواوبوونی پڕۆسەی دادگا ڕەنگە هەموو كۆدەكان بڵاوبكەینەوە بۆئەوەی خەڵك خۆی بڕیاربدات بۆكێ كراوەو چی كراوە."

 

ئەگەر دادگا لە وەڵامی تانەی لایەنەكاندا ئەوەی خستەڕوو، ئەو فۆرمە دووبارانە، هەڵەیەك بووەو لە هاردەكەدا ڕوویداوە نەك واقیعی بێت، وەڵامی لایەنەكان چی دەبێت؟ زمناكۆ وتی"ئەگەر دادگا سەیری بەڵگەكان بكات، بەڵگەكان هی هەڵەنین، بەڵگەكان هی گروپێكی تەزویرچییە كە تەزویریان كردووە، شتی سودفە نییە."

 

ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، سكاڵایان دژی كۆمسیۆنیش هەیە، وتی"سكاڵامان لە هەندێك ستافی كۆمسیۆن كردووە كە لادانیان هەبووە لە ڕێنمایی‌و ئیجرائاتەكان‌و ئەوەش ڕێخۆشكەربووە بۆئەم تەزویرە، مولاحەقەی قانونیشیان دەكەین."

 

"سەیری دوو سندوق بكەین دەزانین دەستكاری كراوە یان نا"

 

دووبارە جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكە بە دەست، ئەگەری دەستكاریكردنی سندوقەكان‌و فۆرمی دەنگدانی ناو سندوقەكان پرسێكی دیكەی گەرمی ئێستای پڕۆسەكەیە، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، هیچ گەرەنتییەك نییە كە دەستكاری سندوقەكان نەكرابێت.

 

دەربارەی پلانیان بۆ حاڵەتێكی لەو جۆرەو ئاشكرا كردنی هەر دەستكارییەك لە سندوق‌و فۆرمەكان كرابێت، زمناكۆ جەلال وتی"پلانمان هەیەو ئەوەندەش ئەزمونمان هەیە لەو بوارەدا كەشفی ئەوەبكەین، چۆن كەشفی ئەوەمان كرد هارد دیسكەكە‌و ئامێرەكانی دیكەی ڕۆژی هەڵبژاردن تەزویریان تێداكراوە، دوو سندوق هەڵبپچڕێت سەیری بكەین دەزانین دەستكاری كراوە یان نا، سیستمەكە بایی ئەوە شتی تێدایەو ئێمەش ئەزمونمان هەیە."