هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا دەكرێت؟

06-08-2018 06:46
دەنگدان لە سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان/ ساڵی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لێدوانە جیاوازەكان‌و بڵاوكردنەوەی ڕاڕایی‌و دوودڵیی دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن، پارتی كە گەورەترین حزبە لە پەرلەمانی كوردستان سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، تا ئەم چركەیە هەڵبژاردن لە 30 ئەیلولی 2018 دەكرێت و دواناخرێت.

 

ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی بووەتە پرسێكی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، هەرچەندە هیچ لایەنێك بە فەرمی‌و بە ئاشكرا داوای دواخستنی نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن، هەموو حزبەكان لەگەڵ دواخستنیدان، حزبەكانیش ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

 

یەكێتی لەگەڵئەوەی دەڵێت ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە نەیان شاردووەتەوە كە پێیان باشە پڕۆسەكە دوابخرێت، ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "هەموولایەك لەگەڵ دواخستنیەتی بەس كەس ناوێرێت بیڵێ."

 

ئەو وتەیەی قوباد تاڵەبانی كاردانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەدواداهات، وتەبێژی فەرمی ئەو حزبە لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕەتیكردەوە ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا بن.

 

"بەڕێز قوباد تاڵەبانی نەدەبوو ئەو مافە بەخۆی بدات بەناوی هەموو حزبەكانەوە قسە بكات، چونكە هەر حزبێك، هەر ڕا و هەڵوێستێكی هەبێت، لەڕێگەی دامودەزگای خۆیەوە ڕای دەگەیەنێت." مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی وادەڵێت.

 

وتەبێژەكەی پارتی دەشڵێت"هەروەها لێرەوە بە ڕوونیی ڕای دەگەیەنین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە."

 

هاوكات هێمن هەورامی، سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهەمانشێوە تەئكید دەكاتەوە حزبەكەی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییەو دەڵێت"ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەكو خۆیەتی لە 30 ی9ی 2018."

 

پێدەچێت وتەی بەرپرسانی پارتی یەكلایی كەرەوەبێت لەم پرسەدا، بەوپێیەی ئەوان خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانن‌و گەورەترین فراكسیۆنیان هەیە، هەروەها جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوانەو بەبێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانرێت پڕۆژە بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە بۆ دواخستنی هەڵبژادن.

 

تائێستا لێدوانی فەرمیی حزبەكان ئەوەیە كە دژی دواخستنی هەڵبژاردنن، ئەوانەشی خواستیان هەیە پڕۆسەكە دوابخرێت، خواستەكە كەسیی بێت یاخود حزبیی بەناوی حزبەكانی دیكەوە ئەو قسەیە دەكەن‌و پرسەكە دەكەنە خواستێكی گشتیی.

 

هەر ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتی ڕایگەیاند، "تا ئەم چركەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلولی 2018 دەكرێت و دواناخرێت و یەكێتیش هیچ بەرنامەیەكی بۆ دواخستنی كاتی هەڵبژاردن نیەو پێشنیاری ئەو بابەتەشی نەكردوە."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی دەشڵێت"ئەگەر یەكێتی بیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوا خۆی ڕایدەگەیەنێت، بەڵام ئەو لایەنەی بەدەنگێكی بڵندتر باسی هەڵبژاردن دەكات ئەو لایەنە خۆی دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت." بەبێئەوەی ناوی لایەنەكە بهێنێت.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.

 

ڕێكارەكانی دواخستنی هەڵبژاردن چین؟

 

ئێستا ئەگەر حزبەكان بیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخەن، دەبێت جارێكی دیكە تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، بۆئەوەش دوو ڕێگایان لەبەردەستدایە.

 

یەكێكیان ئەوەیە حكومەت پڕۆژە یاسایەك بنێرێتە پەرلەمان‌و داوای دواخستنی هەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بكات، دووەمیان ئەوەیە 10 پەرلەمانتار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و دواخستنی هەڵبژاردن.

 

ڕێواز فایەق، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، هەرچەندە لە ڕووی دیموكراسییەوە ناتوانی یەك خولەكیش تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەیتەوە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە لەبەرئەوەی كوردستان دەستوری نییە "تاڕادەیەكی كەم" دەتوانرێت ئەو كارە بكرێت، "چونكە بە یاسا ویلایەتی پەرلەمان دیاریكراوەو یاساش بە یاسا هەموار دەكرێت دەتوانیت هەر بەیاسا تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەیتەوە."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ پڕۆژەیەك لە لیژنەكەیان نییە دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن.

 

بەدەر لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، وەك ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ كرد، لە ڕووی سیاسییەوە پێویستە ئەوەندە حزبی سیاسی ڕێكبكەون كە 50+1 كورسییان هەبێت لە پەرلەمان(56 پەرلەمانتار) بۆئەوەی بتوانن پڕۆژەكە تێپەڕێنن، ئەوكاتیش لە ڕووی تەكنیكییەوە پێویست بە قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات، "بۆنمونە بڵێت هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و پارێزگاكان پێكەوە بكەم‌و ئەوە بكەیتە بیانوو."

 

ڕێواز فایەق، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە بەهەمانشێوەی قوباد تاڵەبانی وتی، "هەموو حزبەكان حەزناكەن لە ئێستادا هەڵبژاردن بكرێت هەندێكی باسیدەكاو هەندێكی باسی ناكات"، بەڵام ئەو خۆی حەزدەكات هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بكرێت بۆئەوەش چەند هۆكارێك باسدەكات.

 

"یەكەم پێشووتر دوو وەرز تەمەنی پەرلەمانمان درێژ كردووەتەوە ئەوەش خۆش نییە‌و لە ڕووی دیموكراسییەوە نابێت، دووەم، هەرێم لە دۆخی چەق بەستویی سیاسی ناسروشتیدایەو نیوەی وەزارەتەكان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، حزبێك بەتەواوەتی حكومەتی كۆنتڕۆڵكردووە كە پارتییە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمە ڕازی نەبووین ئەو وەزارەتانەی گۆڕان‌و ئیسلامییەكان وەربگرین، هەروەها پەرلەمان تەنها جێگرو سكرتێری هەیەو سەرۆكی نییە، لەگەڵئەوەشدا ئێمە ئامادەترین حزبی سیاسین بۆ هەڵبژاردن، ڕەنگە پارتی كەمێك لە ئێمە زیاتر ئامادەبێت."

 

ڕێواز فایەق بە پێچەوانەی حەزی خۆیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێشبینی دواخستنی دەكات، وتی"مادەم بووە پرسی ڕاگەیاندن‌و لێدوانی سیاسییەكان‌و وەڵام‌و وەڵامدانەوە، كەواتە شتێك هەیە وجودی هەیە ئەو شتە لە ئیرادەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان گەورەترە یاخود لە چوارچێوەی ئیرادەیانە، حەزێك هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و پێشبینی دەكەم هەڵبژاردن دوابخرێت."

 

ئەوانە لەكاتێكدان ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەڵام بەدەمەوەچوونی خەڵك بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی ناوەكانیان لە تۆماری دەنگدەران وەك پێویست نییە‌و تا 1ی ئەم مانگە تەنها 75 هەزارو 881 كەس لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەیان كردووە لە كۆی زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگدەر.