پژاك بانگی حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەكات بۆ پێكهێنانی بەرەی هاوبەش‌و یەكخستنی هێزی چەكدار

12-08-2018 04:10
سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پژاك/ مانگی 8ی 2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پژاك بانگی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات‌و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بۆ پێكهێنانی بەرەی هاوبەش‌و یەكگرتوویی لە بوارەكانی؛ سەربازی، دیبلۆماسی‌و میدیایی‌و دەڵێت، گەلی كورد لە ئەگەری هاتنە ئارای هەرجۆرە شەڕێكی ناوخۆیی لە نێوان لایەنە كوردییەكان لە داهاتوودا نیگەرانە.

 

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) ئەمڕۆ پڕۆژەیەكی بۆئەو مەبەستە ئاڕاستەی حزب‌و كەسایەتییەكان كردووەو تێیدا ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە "پێشەنگ، ناوەند و دڵی گۆڕانكاری داهاتووی ئێران" ناودەبات.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، داوای یەكگرتوویی كورد دەكات بەجۆرێك كورد ببێتە "ناوەندی كۆكردنەوەی هێزە سیاسیەكانی ئێران نەك ئەوەی كە پارتە كوردیەكان ببنە شوێنكەوتووی ئەو ڕێكخستنانەی كە ناچالاك بوون یان هیچ توانایەكی سیاسی و كردارییان لە ناوخۆی ئێران نیە"، پژاك پێیوایە ئەوەش بەبێ پێكهێنانی بەرەیەكی نەتەوەیی‌ ـ دیموكراتیك‌و یەكێتی هەموو پارت‌و ڕێكخستنەكان‌و یەكێتی گەلی كورد بەدی نایەت.

 

پژاك، حزب‌و لایەنەكان دەخاتەبەردەم بەرپرسیارێتی پێكهێنانی ئەو بەرە هاوبەشەو پێیوایە بەبێ ئەو هەنگاوە، داهاتوو‌ی سیاسی كوردستان لە ئەگەری هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە ئێران لەگەڵ مەترسی زۆر جدی بەرەوڕووە، هاوكات داوادەكات حزب‌و لایەنە كوردییەكان بەو هەنگاوەیان نیگەرانییەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات بڕەوێننەوە دەربارەی شەڕی ناوخۆی نێوان حزبە كوردییەكان.

 

"گەلی كورد بە چاودێریكردنی دۆخی قەیراناوی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە ئەگەری هاتنە ئارای هەرجۆرە شەڕێكی ناوخۆیی لەنێوان كوردان لە داهاتوودا نیگەرانە" پڕۆژەكەی پژاك وا دەڵێت، دەشڵێت"كەسایەتییە سیاسیەكان، ڕووناكبیران، ژنان و لاوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكان پێویستە ڕۆڵی چالاكانەی خۆیان بگێڕن و لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، ڕەوتە سیاسیەكان، حیزب و لایەنەكان ناچار بە هاوئاهەنگی بكەن."

 

پێكهێنانی بەرەی هاوبەشی نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵات تەنها خواستی پژاك نییە، 5 حزبی دیكەی ڕۆژهەڵات كە لە بەرەیەكدا بەناوی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەتەوە، هەمان ئامانجی هاوبەشیان هەیەو كاری بۆدەكەن، بەڵام پژاك‌و ئەو حزبانە جیاوازن‌و هێشتا گفتوگۆ لە نێوانیاندا نییە.

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەر حزبێك هێزی چەكداری هەبێت سەربەخۆیەتی‌و لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا لایەنەكانی دیكە بە جیا لە پژاك كاربۆ یەكخستنی هێزەكانیان دەكەن لەو ناوەندە هاوبەشەی پێكیان هێناوە، لە دەرەوەی ئەو ناوەندەش پژاك‌و پارتی ئازادی كوردستان(پاك) خاوەنی هێزی چەكداری سەربەخۆیانن، یەكنەخستن‌و كۆنەكردنەوەی سەرجەم ئەو هێزانە لەژێر چەترێكدا مەترسییە بۆسەر داهاتووی ڕۆژهەڵات.

 

پڕۆژەكەی پژاك لە 11 خاڵ پێكهاتووەو داوای پێكهێنانی؛ كۆمیسیۆنی هاوبەش بۆ نەهێشتنی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسیەكان، ئەنجومەنی نەتەوەیی كە یەكێك لە ئەركەكانی چاودێری هەڵسوكەوتی حزبەكان بێت، پێكهێنانی ئەنجومەنی دیپلۆماسیی هاوبەش، پێكهێنانی میدیاو تەلەفزیۆنی هاوبەش دەكات.

 

بەشێكی پڕۆژەكەی پژاك تایبەتە بە كەرتی سەربازی‌و یەكخستنی هێزی چەكداری حزبەكانی ڕۆژهەڵات، پژاك بە دووخاڵ باسیلەو پرسە كردووەو داوای پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی نەتەوەیی‌و هاوبەش دەكات لە چوارچێوەی "پاراستنی ڕەوا" لەگەڵ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی سەربازیی كە سەربە ئەنجومەنی نەتەوەیی بێت كە لە پڕۆژەكەدا داوای پێكهێنانی ئەو ئەنجومەنەش كراوە.

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك باسلە یەكخستنی هێزی چەكدار دەكەن، دەڵێن نایانەوێت ئەزموونی "شەڕی براكوژی" ساڵانی نەوەدەكانی باشوری كوردستان دووبارە بكەنەوە.

 

باشوری كوردستان لە دوای ڕاپەڕین لە بەهاری 1991و ڕزگاربوونی لە ڕژێمی بەعس، زنجیرەیەك شەڕی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك تەواوی ئەو حزبانەی هێزی چەكداریان هەبوو لە كاتە جیاوازەكانی ئەو دەیەیەدا كەوتنە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێك یان زیاتر لە لایەنێكی ناوخۆی هەرێم، خوێناویترینیان شەڕی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو.

 

پژاك‌و حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات جیاوازیی ڕیشەیی هەیە لە تێڕوانین‌و سیاسەتیان بەرامبەر دۆخی ئێستای ئێران، خاڵێكی جیاوازییان ئەوەیە پژاك داوای چاكسازیی لە دەوڵەتی ئێران دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان، بەڵام حزبەكانی دیكە داوای ڕووخاندنی دەكەن‌و پێیانوایە ئەو سیستمە چاكسازیی هەڵناگرێت، بۆئەوەش هەرلایەكیان پاساوی خۆیان هەیە.

 

لەو چوارچێوەیەدا پژاك چالاكیی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام نادات، مەگەر لە كاردانەوەی چالاكییەكی ئەو وڵاتەدا بێت، ئەوەشی ناوناوە "پاراستنی مافی ڕەوا."

 

فراوانكردنی كارو چالاكی‌و ئامادەسازیی حزبەكانی ڕۆژهەڵات بۆ كاری پێكەوەیی، لە چوارچێوەی خۆئامادەكردنیانە بۆ ئەگەری گۆڕانكاریی لە ئێران، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەپ بە تووندی ڕوبەڕوی ئێران وەستاوەتەوەو لە هەنگاوە سەرەتاییەكانیدا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوەو ئێستاش دۆخی ئابوری ئێرانی ڕوبەڕوی كێشەی سەخت كردووەتەوەو گەمارۆكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووەتەوە.

 

ئێستا پژاك‌و حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات هەریەكەیان بەجیا خاوەنی پڕۆژەو بەرنامەن بۆ یەكگرتوویی‌و بەرەی هاوبەش، گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوی لە هەنگاوەكانی داهاتووی ئەو حزبانەیە بۆ كۆبوونەوەیان لە دەوری مێزێك‌و یەكگرتن‌و پێكهاتنیان بە كردار.