یەكێتی بە فەرمی داوای لێبوردن لە گۆڕان دەكات

21-08-2018 06:07
لۆگۆی یەكێتی - ئاسەواری بەركەوتنی فیشەك بە شوشەی پەنجەرەیەكی مەكۆی گۆڕان لە هێرشەكەی 12-5-2018.

 

پەرەگراف

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەرمی داوای لێبوردن لە بزووتنەوەی گۆڕان دەكات بەهۆی ڕووداوی هێرشكردنەسەر مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە لە گردی زەرگەتەی سلێمانی دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ.

 

داوای لێبوردن كردن مەرجی سەرەكی گۆڕان بوو بۆ گفتوگۆو كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی كە لە دوای ئەو ڕووداوەوە(زیاتر لە 3 مانگە) هیچ پەیوەندییەكی فەرمیی لە نێوان ئەو دوو حزبەدا نەماوە، لە دوای ڕووداوەكە یەكێتی بەردەوام تەئكیدی لەوە دەكردەوە، ئەو ڕووداوە حزبیی نەبووەو كەسیی بووە، بەڵام گۆڕان ئەوەی ڕەتدەكردەوەو بە كاری یەكێتی لە قەڵەمی دەدا.

 

تا ئەمڕۆ لە پەیامێكی جەژنە پیرۆزەدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەفەرمی داوای لێبوردنی كردو دەڵێت"داوای لێبوردن و گەردن ئازادیی، لەبزوتنەوەی گۆڕان دەكەین، كە ئەگەر هەر رووداوێك، لەدەرەوەی بڕیاری رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی كردبێتن، بەتایبەت لەو رووداوەی كە بەهۆی كۆی كێشەكانی شەوی تەتەڵەكردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی رابردوودی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە(12/5/2018)، رویدا."

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت"ئەم پەیامەشمان، لەهەستی بەرپرسیارێتمان بەرامبەر بەچارەنوسی گەلەكەمان‌و هەموو لایەنە سیاسییەكان‌و چارەسەركردنی كێشە سیاسی، ئابوریی‌و كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەڵدەقوڵێت."

 

مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10ی شەوی 12-5 درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، بیناكە جگە لە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، دەیان بەرپرسی باڵا‌و هەڵسوڕاوی گۆڕانی تێدابووە، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەبوو كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت.

 

 

قەباخی گوللەی تەقێندراو لەبەردەم گردی زەرگەتە/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو هێزەی دەكرد كە تەقەیان لە مەكۆكەی گۆڕان دەكرد، بۆ ماوەیەك شەڕو ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان پاسەوانەكانی گۆڕان‌و هێزەكەی یەكێتی بەردەوام بوو، بە برینداربوونی چەند كەسێك‌و زیانی ماددی بینای مەكۆكەو چەند ئۆتۆمبێلێك ڕووداوەكە كۆتایی هات.

 

هێرشكردنەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان دوای ئەوەهات، سەرجەم حزبەكان جگە لە یەكێتی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لە سلێمانی ڕازیی نەبوون‌و بە "ساختەكاریی گەورەو دزینی دەنگەكانیان" یەكێتییان تۆمەتبار دەكرد، هەرچەندە لایەنەكان چەند ڕێوشوێنێكیان گرتەبەر، بەڵام ئەنجامەكان وەكخۆی پەسەند كرا.

 

 

یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانەی لەناو گردی زەرگەتە زیانی بەركەوتووە/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

داوای لێبوردنەكەی یەكێتی‌و هەوڵدانی بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ گۆڕان، هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەكانی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لە عێراق كە كورد ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت‌و زۆربەی لایەنەكان داوای یەكڕیزی‌و یەكگرتوویی كورد دەكەن لە بەغداد، یەكێتیش لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا تەئكیدی لەو یەكڕیزییە كردووەتەوە.